کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی هێزە سیاسیەکانی کوردستاندا کرد

17:10 - 12 جۆزەردان 2717

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئاڵمان بەشدارییان لە کۆبوونەوەیەکی هێزە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستاندا کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٧ی جۆزەردان هەیئەتێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەسەرپەرستی حیسام ئەحمەدی لە سەر داوای فەرمی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سوریاENKS بەشداریان لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی نێوان بەشێک لە هێزە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستاندا کرد.

کۆبوونەوەکە بە ڕاگرتنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان، دەستی پێکرد و پاشان لە لایەن نوێنەری ENKS بەخێرهاتنی بەشداربووانی کۆبوونەوەکە کرا.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، هەرکام لە نوێنەرانی هێزە سیاسییەکانی کوردستان بە ئاماژەدان بە ئاسۆی خەبات و تێکۆشانی کورد و دەسکەوت و کۆسپەکانی بەردەم بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەی کورد، لە سەر دۆخی کوردستان دووان، کە تێیدا لەگەڵ پێداگری لەسەر بەرجەستە کردنی خاڵە بەهێزەکانی تێکۆشانی هەمەلایەنەی هێزە سیاسییەکانی کوردستان، ڕەخنە لە سیاسەتی هەڵە و نەگونجاوی هەرکام لە هێزە سیاسییەکان بەرانبەر بە لەبەرچاو نەگرتنی دۆخی هەستیاری کوردستان و بزووتنەوەی مافخوازانەی نەتەوەی کورد، گیرا.

لە کۆتاییدا بڕیار لەسەر دەرکردنی ڕاگەیەندراوێکی هاوبەش لە لایەن بەشدارانی کۆبوونەوەکە تایبەت بە ڕۆژئاوای کوردستان و پرسی ڕێفراندۆم و سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان درا، کە شاندی کۆمیتەی ئاڵمان لەو پێوەندییەدا بە ڕوونی سیاسەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر پێویستی پێکەوە ئیدارەکردنی ڕۆژئاوای کوردستان و خۆ بواردن لە هەوڵی سرینەوەی لایەنەکان و تاکڕەوی لەو بەشەی کوردستان و هەروەها پشتگیری و پشتیوانی حیزبی دێموکرات لە ڕیفراندۆم و گەیشتن بە سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی بۆ شی کردنەوە.