کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداری وەفدێکی حیزب لە ڕێوڕەسمی سەرەخۆشی مامۆستا عەزیز محەممەد

17:23 - 12 جۆزەردان 2717

کوردستان میدیا: وەفدێکی باڵای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستی بەڕێز مستەفا هیجری سکرتێری گشتی حیزب بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشی سکرتێری پێشووی حیزبی شیوعی عێراق، مامۆستا عەزیز محەممەددا کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی ١١ی جۆزەردانی ١٣٩٦ی هەتاوی هەیئەتێکی پایەبەرزی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەسەرپەرەستی بەڕێز سکرتێری گشتی بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی پرسە و ماتەمینی مامۆستا عەزیز محەممەد کەسایەتی ناسراوی کورد و سکرتێری پیشووی حیزبی شیوعی عێراقدا لە شاری هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستانی عێراقدا کرد و پەیامی هاوخەمی و سەرەخۆشی حیزبی دێموکراتیان بە بنەماڵەی بەڕێزی مامۆستا عەزیز و بەڕێز کاوە مەحموود سکرتێری حیزبی شیوعی کوردستان و سەرکردایەتی ئەم حیزبە گەیاند.

لە میانەی ئەم ڕێوڕەسمەدا بەڕێز سکرتێری گشتی حیزب لە وتووێژێکی تایبەتدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی ڕێگا، تەلەفزیۆنی فەرمی حیزبی شیوعی، کۆچی دوایی بەڕێز عەزیز محەممەدی وەک کەسایەتییەکی دیاری کوردستان و دۆستێکی لە مێژینەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هاوڕێیەکی بەوەفای شەهیدی نەمر دوکتور قاسملوو، بە خەسارێکی گەورە زانی.