کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیا بەرپرسێکی نوێی بۆ کاروباری ئێران دیاری کرد

18:40 - 13 جۆزەردان 2717

کوردستان میدیا: ڕێکخراوی سیای ئامریکا (CIA) بۆ بەڕێوەبەریی بەشی ئێران بەرپرسێکی نوێی دیاری کرد.

ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە؛ دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئامریکا بۆ بەشی کاروبارە پێوەندیدارەکان بە ڕێژیمی ئێران بەرپرسێکی نوێی دیاری کرد.

نیۆیۆرک تایمز شوناسی ئەو بەرپرسەی بە مایکل دی ئاندرێئا ڕاگەیاندووە و باسی لەوەش کردووە کە ناوبراو کەسێکی بەڕەوشت سەختگیر و بە بڕشتە.

دی ئاندرێئا نازناوی شازادەی تاریکی هەیە و لە سەردەمی سەرکۆماریی ئۆبامادا بەرنامەی کوشتنە ئامانجدارەکانی لە ئەستۆ بووە.

ئەو کەسە پێشتر عەمەلیاتی بەدواداچوونی کەیسی ئۆسامە بێن لادەن و هەروەها گەڵاڵەی سڕینەوەی دوژمنان لە ڕێگای فڕۆکە بێ سەرنشینەکانی لە ئەستۆ بووە.

ئەو ڕۆژنامەیە هەروەها باسی لەوە کردووە کە؛ دیاریکردنی ئەو کەسە دەرخەری هەڵوێستی توند و کردەیی واشنگتۆن دژی ڕێژیمی ئێرانە.

هەروەها بیزنس اینسایدر یەکێک لە ماڵپەرەکانی ئامریکا لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە کە؛ دۆنالد ترامپ لە هەوڵی ڕێکخستن و گرێچنی هەموو پارچە پێویستەکانە بۆ دژایەتی‌کردنی ئێران.

لەو ڕاپۆرتەدا باس لەوە کراوە؛ ڕێژیمی ئێران بە یەکێک لە دژوارترین ئامانجەکانی سیای ئامریکا ئەژمار دەکرێت.