کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پرشکەی ئاگرەکەی تاران وڵاتی قەتەری گرتەوە

16:50 - 15 جۆزەردان 2717

کوردستان میدیا: پرشکەی ئاگر و ئاژاوەگێڕییەکانی تاران قەتەری گرتەوە و لە ئەنجامدا بەحرەین، عەرەبستانی سعودی، میسر و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بۆ پاراستنی ئەمنیەتی وڵاتەکانیان وازیان لە پێوەندییەکانیان لەگەڵ قەتەر هێنا.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ڕێکەوتی ١٥ی جۆزەردان، هەریەک لە وڵاتانی بەحرەین، عەرەبستانی سعودی، میسر و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لە چەند ڕاگەیەندراوی هاوشێوەدا پێوەندییە دیپلۆماتیکەکانی خۆیان لەگەڵ وڵاتی قەتەر پچڕاند و ڕایانگەیاند: بەهۆی پشتیوانییەکانی قەتەر لە تێرۆریزم و بۆ پاراستنی ئەمنیەتی وڵاتەکەنمان واز لە پیوەندی لەگەڵ قەتەر دەهێنین.

لە بەیانییەیەکدا کە هەواڵدەریی فەرمی بەحرەین بڵاوی کردۆتەوە هاتووە: ئەم وڵاتە هەموو پێوەندییە دەریایی و هەواییەکانی خۆی لەگەڵ قەتەر پچڕاندووە و ١٤ ڕۆژ کاتی داوە بە شارۆمەندانی قەتەری کە بەحرەین بەجێ بهێڵن.

لە ڕاگەیەندراوەکەی عەرەبستانیشدا هاتووە: ئەم وڵاتە پێوەندییە دیپلۆماتیکەکانی خۆی و سەرجەم ڕێڕەوە دەریایی و زەوینی و هەواییەکانی لەگەڵ قەتەردا، لەڕاستای پاراستنی ئەمنیەتی وڵاتەکەی لەبەرامبەر مەترسییەکانی تێرۆریزم و بونیادگەرایی، بەستووە؛ هەروەها داوا لە هێزە سەربازییەکانی قەتەر کراوە لە نێو بەرەی دژ بە حوسییەکانی یەمەن جێ بهێڵن.

ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی دیپلۆماتە قەتەرییەکانی بە پشتیوانی و دابین کردنی سەرچاوەی ماڵی و نیزیکایەتی لەگەڵ تێرۆریزم، تایفەگەری و بونیادگەرایی تۆمەتبار کردووە و ٤٨ کاتژمێر کاتی بۆ دیاری کردوون تاکوو ئیمارات بەجێ بێڵن.

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی میسر ڕایگەیاندووە سەرجەم ڕێڕەوە هەوایی و دەریاییەکانی خۆی بەڕووی قەتەردا دەبەستێت؛ ئەمەش بەهۆکاری ئەمنیەتی نەتەوەیی وڵاتەکەی. دەوڵەتی قاهێرە قەتەری بەوە تۆمەتبار کردووە کە پشتیوانی لە تێرۆریستەکان لەوانەش ئەندامانی ڕێکخراوی ئیخوانولموسلێمین دەکات.

ئەم هەڵوێستەی وڵاتانی ئاماژەبۆکراو دوابەدوای ئەوە هاتە ئاراوە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەمیری قەتەر، شێخ تەمیم حەمد ئالی سانی، لە وتووێژێکی تێلێفۆنیدا لەگەڵ حەسەن ڕوحانی سەرکۆماری ڕێژیمی تاران باسی لە بەهێزکردنی هاوکارییەکانی لەگەڵ ئێران کردووە و وتوویەتی: هیچ هۆکارێکی لۆژیکییانە بۆ دژایەتی کردنی کۆماری ئیسلامی نابیندرێت.