کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێرۆریزمی دووسەر

01:41 - 16 جۆزەردان 2717

کەریم پەرویزی

مەتەڵێکی کوردی هەیە کە دەڵێ؛ گەر مارت بریندار کرد و نەتکوشت، بە ڕێبوارانەوە دەدا و ڕەنگە ڕۆژێک بە خۆتیشەوە بدات. ئەمە چیرۆکی ئەم ساڵانەی دوایی ئورووپا و ئامریکایە.

لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی پرکێشە و ستەمکاریدا، بێداد و چەوسانەوە و سەرەڕۆیی حوکم دەکا و دەسەڵاتی هەموو کۆمەڵگاکانی گرتۆتەوە. لە وەها جوغرافیایەکی سیاسیدا، سەرکوت و بێداد هۆکارن بۆ ناڕەزایی دەربڕین و لەولاشەوە، بڕوا و بیرۆکەی دژەئازادی و کۆنەپەرستانە، هۆکاری سەرەکیی پەرەدان بە ستەم و توند و تیژین.

لەم گۆماوە لێڵەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا تێرۆریزم، تێرۆریزم بەرهەم دێنێتەوە و توندئاژۆیی دەکرێ بە بیانوویەک بۆ توندئاژۆیی بەرانبەر. بەم شێوازە، سیمای سیاسیی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست پڕە لە ئاگر و ئاسن و خوێن!

دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیش کە ماکەی هەموو ئیدئۆلۆژیە تێرۆریستییەکانە، لە توندو تیژی و توندئاژۆیی سەلەفی جیهادییەکانی هەڵقوڵاوی ئەشکەوتە تاریکەکانی دواکەوتوویی، کەڵکی نابجێ وەردەگرێ و هەم بە ڕواڵەت دژایەتییان دەکا و هەم ژێربەژێر هاندەر و یارمەتیدەریان دەبێ، هەر وەک چۆن لە پێوەندیی کۆماری ئیسلامی و تاڵیباندا بەڵگە دەرکەوت و وتەبێژی تاڵیبان باسی ڕێککەوتنیانی لەگەڵ تاران کرد.

چەند ساڵێکە لە سووریە، هەموو توندئاژۆیی وتێرۆریزمێک بە ڕواڵەت جیاواز، بەڵام بە نێوەڕۆک یەکسان و هاوشێوە گێژاو دەنێنەوە و گەردەلوولی دژایەتیی ژیانی ئازاد و بەختەوەرانە هەڵ دەکەن. کۆماری ئیسلامی و کلک و لق و دەسکەتەورەکانی، زۆرانبازی لەگەڵ ئەلقاعیدە و بەرەی نوسرە و داعش و ... دەکەن و ژێر بەژێریش یارمەتیی یەکتر دەدەن تاکوو هیچیان لە نێو نەچن و بەم شێوەیە بیانووی درێژەدان بن بۆ یەکتری.

لەم گێژاوی دژە مرۆییەدا هەڵوێستی ئورووپا و ئامریکا، هەڵوێستێکی ناتەواو بووە و هەرچەند بۆردومانی داعشیان کردووە و هەڕەشەیان لە بەشار ئەسەد و کۆماری ئیسلامی و حیزبوڵڵا و دۆستانیان کردوە، بەڵام هەڵوێستەکانیان وەکوو بریندار کردنی ماری مارخۆر بووە!

جیهانی ڕۆژئاوایی وایان دەزانی گەر شەڕی سووریە گەمارۆ بدرێ، جار جارێکیش لایەنێکیان لاواز بکرێ، دەتوانن بەڵای تێرۆریزم لە خۆیان دوور بخەنەوە و ئاگری شەڕ تەنیا سووریە و عێراق دەگرێتەوە و لەو چوارچێوەدا بەرتەسک دەبێتەوە، بەڵام ڕووداوەکانی فەڕانسە و ئاڵمان و بێلژیک و بریتانیا و ... نێشانیان دا و دووبارە سەلماندیانەوە کە تێرۆریزم لە ناوچەیەک بەرتەسک نابێتەوە و ئەم ئاگرە تەشەنە دەستێنێ.

تەنیا بریندارکردنی ماری تێرۆریزم وەڵامدەر نیە و پێویستە هەردوو سەری مارەکە هەم لە تاران و هەم لە ڕەوتی سەلەفی جیهادی پان بکرێتەوە، دەنا ئەم دوانەی ئاشقە و ماشقە زاوزێ دەکەن و هیچ گۆشەیەکی جیهان ئارامیی تێدا نامێنێ.