• ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤاری ئاگری
  • گۆڤاری بیری خوێندکار
  • گۆڤاری لاوان
  • گۆڤاری ژنان
  • کەناڵی تەلەفزیۆنی تیشک
  • گۆڤاری نەرگز
١٧ی ئوتی ٢٠١٧ی زایینی - ٢٦ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی  

تاوتوێ کردنی پرسی "بەشداریی خەڵکی کوردستان لە هەڵبژاردن"دا

زایینی: ٠٥-٠٦-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٦/٠٣/١٥ - ٢١:٣٨ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
تاوتوێ کردنی پرسی
ئاگری ئیسماعیل نژاد

پرسی هەڵبژاردن لە پێکهاتەی کۆماری ئیسلامیدا زۆرجار دەبێتە بابەتی ڕۆژی نێوگۆڕەپانی سیاسیی کوردستان و لەگەڵ ئەوەی زۆربەی ڕەهەندەکانی پرسی هەڵبژاردن، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، هەم لە ئاستی کردەوەدا تاوتوێ و تاقی کراوەتەوە و هەم لە ئاستی ڕوانگە و بۆچوون ڕوونکردنەوەی بەرینیان بۆ کراوە؛ بەڵام بە زۆر هۆکار دەکرێ بڵێین بەداخەوە "پرسی هەڵبژاردنی کۆماری ئیسلامی" نەتەنیا بەردەوام بۆتە هۆی سازبوونی هێندێ ڕووبەڕووبوونەوەی ناپێویست و تەنانەت لێکسووربوونەوەی بێ‌هۆ، بەڵکوو بۆتە هۆی ئەوەی هێندێ لایەن و چالاکی سیاسیی کوردستان لە لێدوان و کردەوەی خۆیاندا، باسی ئەوە دێننە گۆڕێ کە دەبێ هەڵسوکەوتی خەڵکی کوردستان لە هەڵبژاردنەکان بکەینە بنەمایەک بۆ دیاریکردنی ستراتژی و تاکتیکی داهاتووی خەباتی نەتەوەیی_دێموکراتیکی کوردستان.

پرسیاری یەکەم

لەکام بەستێندا دەبێ هەڵسوکەوتی خەڵکی کوردستان و پرسی بایکۆت تاوتوێ بکرێت؟


ڕەنگە زۆر دووپات کرابێتەوە، بەڵام بە پێویستی دەزانم کە دیسان وەبیری خوێنەری بێنمەوە کە پێکهاتەی دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامی پێکهاتەیەکی "توتالیتێر"ە کە لەودا هەڵبژاردن لە ژێر "نظارت استصوابی"ی شۆرای نیگابان بەڕێوە دەچێت؛ گرینگیی ئەو دوو بابەتە لەوەدایە کە یەکەم: پێکهاتەی تۆتالیتێری کۆماری ئیسلامی وا دەکات کە هەڵسوکەوتی خەڵکی ئێران لە هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامیدا بە ئاراستەیەکدا بەرێت کە دڵخوازی چینی دەسەڵاتدار بێ، ئەوەش بەو مانایەیە کە خەڵک لە بەستنێکی نائاسایی، نادێموکراتیک و داخراودا هەڵسوکەوت دەکەن و ئەو بەستێنە نائاساییەش دەبێتە هۆی ئەوەی هەڵسوکەوتی خەڵکیش نائاسایی و تایبەت بەو بەستێنە بێت و نەچێتە چوارچێوەی ڕوانینێکی سیاسییەوە، بەڵکوو لە باشترین دۆخدا بەشداری لە هەڵبژاردندا کردارێکی سیاسی لە دۆخێکی نائاسایی سیاسیدایە.

دووهەم: نزارەتی ئیستسوابیی شۆرای نیگهبان وا دەکات کە لایەنە سیاسییەکانی دەرەوەی بازنەی دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامی لە "هەڵسووڕی چالاکەوە" ببن بە "هەڵسووڕێکی قەدەغەکراو".

هەڵسووڕی قەدەغەکراو بەو مانایەی کە شۆرای نیگابان هەموو ئەو لایەنە سیاسییانەی کە لە قەوارەی سیاسیی ئێراندا بوونیان هەیە و خاوەنی پێگەی کۆمەڵایەتین و گوتارەکەیان لەنێو خەڵکی ئێراندا ڕێزی هەیە، بەڵام لە چوارچێوەی قانون و دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامیدا ڕێگەپێنەدراون، لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا هەم وەک کاندیدا و هەم وەک لایەنێکی سیاسی کە بتوانن کارتێکەرییان لەسەر ئاراستەی هەڵبژاردن بێ، لە گۆڕەپانی سیاسیی ئێراندا پەراوێز دەخات و شۆرای نیگابان هەوڵ دەدا لە ڕێگای جۆراوجۆری یاسایی کارتێکەرییان کەم یان ئاراستەدار بکات.

دیارە سەرەڕای شۆرای نیگابان، کۆی پێهکاتەی ڕێژیم وەک پێکهاتەیەکی تۆتالیتێر بە شێوەی جۆراوجۆر هەوڵ دەدا، کە کارتێکەریی هەڵسووڕی قەدەغەکراو لە پێکهاتەی کۆماری ئیسلامی کەم یان ئاراستەدار بکات.

ئێمە لە هەڵبژاردنی ئێراندا لەگەڵ دیاردەیەک بەرەوڕووین بەناوی "هەڵسووڕی قەدەغەکراو"، چالاکێک یان بکەرێک کە دەتوانێ کارتێکەریی لەسەر ئاراستەی هەڵبژاردنەکان بێ، بەڵام چالاکییەکانی لە ڕێگای جۆراوجۆری یاسایی و نایاسایی قەدەغە و سنووردار کراوە.

ئەگەر پاش ئەو ڕوونکردنەوەیە وەڵامی پرسیارەکە بدەینەوە دەبێ بڵێین؛ هەڵبژاردن لە بەستێنێکی توتالیتێر و لە ژێر چاوەدێریی تەواوی شۆرای نیگاباندا بەڕێوە دەچێ و دەبێ بایکۆت و بەشداریی هەڵبژاردنیش لەو بەستێنەدا باسی لێبکرێت و تاوتوێ بکرێت.

بەو مانایە کە هەڵبژاردن لە پێکهاتەیەکی تۆتالیتێردا بەڕێوە دەچێ و لەو نێوانەدا لەلایەن هەڵسووڕێکی ڕێگەپێنەدراوەوە بایکۆت وەک لایەنێکی سیاسیی کوردستان دەکرێت.

هەر لەو بەستێنەشدا، بەشێک لە خەڵک بەبێ ئەوەی خۆیان وەک ڕێکخراو یان لایەنی سیاسی پێناسە بکەن، بەپێی دۆخێک کە تێدان و بژاردەیەک کە لەبەردەستیاندایە، لە هەڵبژاردندا بەشداری دەکەن، بایکۆتکاران، لەو باوڕەدان بۆ گۆڕینی دۆخی هەنووکە دەبێ کۆی هەڵبژاردن بایکۆت بکرێ هەتا بەو شێوەیە لە دژی کردارێکی نادێموکراتیک کردەوەیەکی مەدەنی بەڕێوەببرێ.

بەشدار بووانیش لەو باوڕەدان کە لەپێناو گۆڕینی دۆخی هەنووکە، لە چوارچێوەی دۆخی ڕەخساودا هەنگاو بۆ گۆڕینی دۆخی هەنووکە هەڵبهێنرێتەوە، دیارە لێرەدا باس لەوە نییە کام بابەت لەگەڵ زاتی پێکهاتەی کۆماری ئیسلامی زیاتر دەگونجێت؛ بەڵکوو باس تەنیا لەسەر هەبوونی دوو بۆچوونە، خاڵی گرینگی هەردووک بۆچوونەکەش ئەوەیە کە ئەو دوو بۆچوونە لەسەر دڵخوازنەبوونی دۆخی هەنووکە و باوەڕ بە گۆڕینی دۆخی هەنووکە کۆکن.

کەواتە خاڵی هاوبەشی بەشداربووان و بایکۆتکاران لەوەدایە کە دۆخی هەنووکەیی ئێران دۆخی دڵخواز نییە و دەبێت بگۆڕدرێت.

پاش ئەو بابەتە لە چوارچێوەی دوو پرسیاری تردا تاوتوێی هەڵسوکەوتی خەڵکی کوردستان لە هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامیدا دەکەین.

پرسیاری دووهەم:

چی وا دەکات بەشێک لە خەڵکی کوردستان لە هەڵبژاردندا بەشداری بکەن؟


ڕوونە کە دەبێ ئەو پرسیارە لە چوارچێوەی هەڵسوکەوتی خەڵک لە دەسەڵاتێکی توتالیتێردا جواب بدرێتەوە، نەک بە پێوەر و دانگەی هەڵسوکەوتی خەڵک لە چوارچێوەی وڵاتێکی دێموکراتیکدا.

یەکێک لە تایبەتمەندییە هەرە گرنگەکانی دەسەڵاتی دیکتاتۆر و تۆتالیتێر لەوەدایە کە لە ڕێگای ئالییەتی نائاسایی و نایاسییەوە خەڵک پێملی خواست و ئیرادەی دەسەڵاتداران بکەن هەتا وای نیشان بدەن کە زۆرینەی کۆمەڵگا لەگەڵیانە و ئەوان تاقە نوێنەری ڕاستەقینەی کۆمەڵگای خۆیانن، کە واتە پێش هەموو شتێک دەبێ بگوترێ: لە چوارچێوەی دەسەڵاتداریی توتالیتێری کۆماری ئیسلامیدا سەیر نییە کە بەشێک لە خەڵک بەشداریی هەڵبژاردن بەکات، بەڵکوو سەیرە کە خەڵکێک نەبێ بەشداری بکات.

لە ڕاستییدا بەستێنی سیاسیی کۆماری ئیسلامی بەگشتی و بەستێنی سیاسیی "وەرزی هەڵبژاردنەکان" بەتایبەتی وا دەخوڵقێت، کە ڕێژەیەکی خەڵک ڕاکێشی سەر سندووقی دەنگدان بکرێت، ئەگەر بمانەوێت هۆکاری بەشداریی ئەو بەشە لە خەڵک لە هەڵبژاردنی خولی دوازدەهەمی سەرۆک کۆماری گردوکۆ بکەین، دەتوانین لەو چەند خاڵەی خوارەوەدا پۆلێنبەندیی هۆکاری ئەو بەشدارییە بکەین:

١: مەترسی لە شەری چاوەڕوانکراو:

لە هەموو پێکهاتەیەکی توتالیتێردا، سەرەڕای دەزگا فەرمییەکان کە بۆ دیپلۆماسیی گشتی دیاریکراوە، کۆمەڵێک دەزگا و ناوەندی نافەرمی بەڵام گرینگ بۆ دیپلۆماسیی گشتی بوونیان هەیە و چالاکی دەکەن، ئەو ناوەندانە هەم نایاسایین، و هەمیش هیچ ناوەندێک کار و کردەوەیان وەئەستۆ ناگرێت، لە ئێستادا ئەو ناوەندانە پێکهاتووە لە ماڵپەر و ڕایەڵە کۆمەڵایەتییە بێناسنامەکان، ماڵپەر و ڕایەڵە کۆمەڵایەتییە زەردەکان و کەسانی سەر بە دەزگا ئەمنییەکان.

کاری سەرەکیی ئەو ناوەندانە، بڵاوکردنەوەی "دەلەسە هەڵبەستراوەکانە"، بنەمای هەموو دەلەسەکانیش لەسەر قازانجی ڕێژیم دانراوە، لە وەرزی هەڵبژاردندا، ئەو ناوەندانە بە ئاستێکی بەرین دەست دەکەن بە بڵاوکردنەوەی دەلەسەی جۆراوجۆر و لە هەموو دەلەسەکاندا جۆرێک هەڕەشە هەیە. بۆ وێنە دەگوترێ: هەرکەس دەنگ نەدا یارانەی نادرێتێ یا ڕێگە لە چوونی بۆ زانکۆ دەگرن، لێرەدا ئەگەر سەیری بکرێت، لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی ڕێژیمدا هەڕەشەیەک وەک مەترسی_دەلەسە لە قۆناغێکی کاتی و لە ئاستێکی بەربەڵاودا بڵاو دەبێتەوە، ئامانج لە داتاشینی مەترسی_دەلەسە ئەوەیە خەڵک لە ڕێگای هێنانە گۆرێی مەترسییەک ناچار بە کارێک بکەن. بۆ بەو بابەتە دەڵێم مەترسی_دەلەسە، چونکوو مەترسییەکە لە ڕاستییدا جۆرێک دەلەسەیە، بەڵام دەلەسەیەک کە دەتوانێ ئامانجی خۆی بپێکێت و ترسێک لە دەروونی تاکی کۆمەڵگادا بنێتەوە و ناچاری بکات بە پێچەوانەی خواستی دەروونیی خۆی کردەوەیەکی دڵخوازی ڕێژیم بەڕێوە ببات.

لە پرسی مەترسی_دەلەسەدا کەسانی سەر بە بەسیج و ئەندامانی سپای پاسداران وەک تۆڕێکی مرۆیی لە بڵاوکردنەوەی دەلەسە و ترسی پشت ئەو دەلەسەیەدا ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێرن.

٢: هەڵبژاردن لە نێوان خراپ و خراپتردا:

دەنگ لە کوردستان بەردەوام، دەنگی سەلبییە. بە دوو واتا:

یەکەم: لە ٧ هەڵبژاردنی پێشووی سەرۆک کۆماریدا، دەنگی خەڵکی کوردستان بۆ پاڵیوراوێک بووە کە لە ڕای گشتیدا وا دەرکەوتووە ئەو پاڵێوراوە کەسی ناکۆک لەگەڵ سیاسەتەکانی خامنەییە، بۆ وێنە لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری لە ١٣٧٢ خەڵک دەنگ بە ئەحمەدی تەوکلی دەدن لە بەرانبەر هاشمی ڕەفسنجانی کە بە کەسی نزیک لە خامنەیی لە قەڵەم دەدرا.

دووهەم: بەردەوام دەنگ بە پالێوراوێک دراوە کە لە ڕووی کردەوەی سیاسییەوە، بە کەسێکی ڕێفۆرمخواز و نادەمارگرژ ناسراوە و وەک دەبینین، بۆ وێنە لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ١٣٩٦دا پارێزگای سنە لە ئاستی ئێراندا بەشێوەی ڕێژەیی کەمترین دەنگی داوە بە ئیبراهیم ڕەئیسی.

٣: دەنگ بۆ مافە نەتەوەییە سەرەتاییەکان

هەرچەند لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی ١٣٩٦دا جارێک لەلایەن حوسێن زولفەقاری، جێگری ئەمنیی وەزیری نێوخۆی ئیران و جارێک لەکاتی بانگەشەدا لەلایان عەلی خامنەییەوە باس کردن لە بابەتی مافی نەتەوەیی و مافی کەمینەی ئایینی قەدەغە کرا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بنەمای بانگەشە بۆ هەڵبژاردن لە کوردستان لە ٦ هەڵبژاردنی ڕابردوودا، لەسەر دابینکردنی مافی نەتەوەیی و لابردنی هاڵاواردنی نەتەوەیی و بەڕێوەبردنی ماددەی ١٥ و ١٩ی دەستووری ئێران بووە.

ڕاستە هیچ کام لە پاڵێوراوەکان پاش ئەوەی گەیشتنە پلەی سەرکۆماری، وادە و بەڵێنەکانیان وەدی نەهێناوە، بەڵام لێرەدا باس لەسەر وەدی هێنانی وادەکان نییە، پرسەکە ئەوەیە لە چ ڕێگایەکەوە خەڵک دەکێشنە سەر سندووقی دەنگدان، وەک دەشزانن بنەمای بانگەشەی پاڵێوراوەکانی سەرۆک کۆماری لە کوردستان بەڕێوەبردنی ماددەی ١٥ و ١٩ی دەستووری ئێرانە.

٤: نەبوونی تریبۆنێک بۆ کوردستان:

چوارەمین هۆکاری ئەوەی ڕێژەیەکی خەڵکی کوردستان لە دەنگدانی ڕێژیمدا بەشداری دەکەن، نەبوونی تریبۆنێکی کوردییە کە لەو تریبۆنەدا شرۆڤەکاران بابەتی هەڵبژاردن لە ڕوانگەی بەرژەوەندیی کوردستانەوە، لێکدانەوە بۆ پێکهاتەی کۆماری ئیسلامی، هەڵبژاردن و گەڵاڵەی پاڵێوراوەکان بکات. هەموو تریبۆنەکان کە باس لە هەڵبژاردن لە ئێران دەکات، تاوتوێ کردنی باسەکەیان لە ڕوانگەی قازانج و بەرژوەندیی ناوەند و نەتەوەی فارسەوەیە، نەک لە ڕوانگەی نەتەوە نافارسەکانی ئێرانەوە.

هاوکات نەبوونی تریبۆنی کوردستانیش دەرفەتی ئەوە دەخوڵقێنێت کە بەردەوام پاڵێوراوەکانی سەرۆک کۆماری بتوانن بە بەڵێنی دەستەبەرکردنی مافی نەتەوەیی بێنە کوردستان و بەڵام هیچکاتیش ئەو مافانە تەنانەت لە چوارچێوەی دەستووری کۆماری ئیسلامیشدا جێبەجێ نەکەن.

٥: هەبوونی سانسۆر و ڕێگەپێنەدراویی حیزبە کوردییەکان:

حیزبە کوردییەکان بەپێی یاسای کۆماری ئیسلامی نایاسیی و ڕێگاپێنەدراون تاکوو بە ڕاشکاوی بانگەشە بۆ بیروبۆچوونی خۆیان لە کۆمەڵگای کوردستاندا بکەن و تەنانەت هەموو ڕاگەیاندنەکانیشان ئەگەر بە شێوەی ماڵپەر و لە ڕێگای ئینتێرنێتەوە بێ، فیلتێرکراوە و ئەگەر کاناڵ و سەتەڵایت بێت، پارازیتی دەخرێتە سەر، ئەوەش وادەکات پێوەندیی کارتێکەریی نێوان لایەنی سیاسیی کوردستان و جەماوەری کوردستان لاواز و تەنانەت بپچڕێت.

هاوکات لەگەڵ ئەوە دەرفەت دەدرێت بە لایەنی لاینگری ڕێژیم کە تەنانەت بێ لەبەرچاوگرتنی هێڵە سوورەکانی نێوکۆماری ئیسلامییش، بانگەشە بۆ خۆی بکات، باشترین وێنا بۆ ئەو بەشە ئەوەیە کە لە خاڵی سێدا باسی کرا. لەگەڵ ئەوەی خامنەیی بە ڕاشکاوی داوای کرد بانگەشە لەسەر مافی نەتەوەیی نەکرێ، پاڵێوراوەکان هەرچەند کەمتر لە جارانی پێشوو، بەڵام بانگەشەیان لە کوردستان لەسەر مافی نەتەوەیی بوو، بە جۆرێک کە لە دوایین دیبەیتی پاڵێوراوەکان، ئیبراهیم ڕەئیسی ڕوو لە حەسەن ڕۆحانی گوتی: تۆ زمانی کوردیت ئازاد نەکردووە، بەڵکوو خودا ئازادی کردووە و ئەوە دەستووری کۆماری ئیسلامییە کە ڕێگا دەدا ئەو زمانە بخوێندرێ.

لەو ڕستەیەدا بە جوانی دەردەکەوێت کە بانگەشە لەسەر بنەمای دابین‌کردنی مافی نەتەوەیی کارتێکەریی زۆری لەسەر کۆکردنەوەی دەنگ بۆ ڕۆحانی هەیە، بۆیەش بەو شێوەیە ئیبراهیم ڕەئیسی لەدژی قسەی کرد.

٦: هاوکات بوونی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری و شۆرای شار و گوند:

لە دوو خولی پێشووی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریدا ئەو هەڵبژاردنە، هاوکات بووە لەگەڵ هەڵبژاردنی شۆرای شار و گوندەکان. وەک هەموو دەزانن، لە هەڵبژاردنی شۆرا بەتایبەتی هەڵبژاردنی شۆرا خولی پێنجەم، ڕێژەیەکی زۆر پاڵێوراو لەو هەڵبژاردنەدا بەشدار بوون و ئەوەش وادەکات هەڵبژاردنێکی لۆکاڵی لەگەڵ هەڵبژاردنێکی سەرانسەری تێکەڵ بکرێت و بێگومان هەڵبژاردنی لۆکاڵی کارتێکەری لەسەر بردنە سەرێی ڕێژەی بەشداربوو لە هەڵبژاردنی سەرانسەریدا دەبێت.

٧: هەڵبژاردنی بێ چاوەدێر:

پاش هەموو ئەو لێکدانەوانە دەبێ لە بیرمان بێ کە هەڵبژاردنەکانی ئێران بە بێ‌ چاوەدێری بێ‌لایەن بەڕێوە دەچێ. بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییش، بەشداریی ڕێژەی زۆری خەڵک لەو هەڵبژاردندا بە ستراتیژییەکی خۆیان دەزانن، بۆیە هەر توێژەرێک مافی ئەوەی هەیە گومان بخاتە سەر کۆی ئاماری بڵاوکراوە. بۆ ڕوون بوونەوەی ئەو بابەتە دەبێ بڵێین ئەگەر وەزارەتی نێوخۆی ئێران ڕازی بێ، بە لەبەرچاوگرتنی ڕێژەی دەنگی پاڵێوراوەکان ڕێژەی گشتی بەرێتە سەرێ، هیچ پاڵێوراوێک زەرەر ناکات، بەڵام کۆی گشتییەکەی دەتوانێ وەک زەختێک بەکار بهێنرێ بۆ سەر بەرەی بایکۆت، ڕوونە کە لە ڕوانگەی هەموو پاڵێوراوەکانەوە پێویستە بەرەی بایکۆت پەراوێز بخرێت.

پرسیاری سێهەم:

- ئایا بەشداری کردنی خەڵکی کوردستان لە دەنگدان بەمانای بێ‌متمانەیی بەو هێزانەیە کە سیاسەتی بایکۆت دەگرنەبەر؟


لێرەدا پێویستە شێوازی چالاکیی لایەنە کوردییەکان لە کوردستان بێنینە بەرباس. لایەنە سیاسییە کوردییەکان وەک ڕێکخراوە، ڕێگەپێنەدراون و هەرکەس یا لایەنێکیش ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ لە چوارچێوەی گوتاری ئەواندا، لە نێوخۆی ئێران چالاکی بکات، دەکەوێتە ژێر زەختی دەزگا تەناهییەکانی ڕێژیمەوە و هاوکات لەگەڵ ئەوە هەموو ڕاگەیاندنەکانی لایەنە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات ڕێگاپێنەدراو و ڕێژیم بەردەوام لە هەوڵدایە ڕێگای گەیشتنی ڕاوبۆچوونی لایەنە کوردییەکان بە کۆمەڵگای کوردستان بگرێت، کەواتە جۆری چالاکیی سیاسیی لایەنە کوردییەکان لە گۆڕەپانی سیاسیی ئێراندا "هەڵسووڕی قەدەغەکراوە" و هیچ لایەنێکی کوردی ناتوانێ لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامی و لە هەڵبژاردنەکانیدا نوێنەری هەبێت، چ نوێنەر وەک هاوپەیمان و چ وەک کەسی باوەڕپێکراو، کەواتە تەنیا بژاردەی بەردەمی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بایکۆت کردنە، بەڵام ئەو بایکۆت کردنە هەرچەند داواکارییەک لە خەڵکی کوردستانە، بەڵام ئامانجی سەرەکیی ئەوەیە بابەتی هەڵبژاردن لە ئێراندا بەرێتە ژیرپرسیارەوە، نەک ئەوەی بەربەست بۆ خەڵک ساز بکات. کەواتە لێرەدا دەبێ بڵێین بە هۆی ئەوەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە کۆی هەڵبژاردندا هەڵسووڕێکی قەدەغە کراون، یەکەم: ئەوان ناتوانن هەڵبژاردنێک بە باش بزانن یان داوای بەشداری لەو هەڵبژاردنەدا بکەن کە تێدا قەدەغە کراون و دووهەم: ناکرێت بڵێین دەنگدانی خەڵک واتای ئەوەی هەیە خەڵک ستراتژی و ئامانجی ئەو لایەنانەیان قبووڵ نییە و لە بەرانبەردا کۆماری ئیسلامییان قبووڵ کردووە، بەڵکوو لێرەدا وەک لە پرسیاری دووهەمیشدا ڕوون کرایەوە، ئەگەر هۆکاری دەنگدان لەبەرچاو بگرین، بەشێک لە هۆکارەکان ناچاری و زۆرەملێیە و بەشی دووهەمیشی لەڕاستیدا بەکارهێنانی دەرفەتە بچووکەکانە لە پێناو هەمان ئامانج کە وەک ئامانجی ستراتیژیی لایەنە کوردییەکان باسی لەسەر دەکرێت.
بۆ وێنە هێندێک لە خەڵکی کوردستان داواکاریی ڕوونیان، بەڕێوەچوونی ماددەی ١٥ و ١٩ دەستووری ئێرانە و بنەمای بانگەشەی ئەو لایەنەی کە لە کوردستانیش دەنگ دێنێتەوە، بەڕێوەبردنی هەمان ماددەیە. لەگەڵ ئەوەی کە لایەنە کوردییەکان بەو دوو ماددەیە ڕازی نین، بەڵام هۆکاری ڕازی نەبوونیان ئەوەیە کە ئەوان ئەو دوو ماددەیە بۆ کوردستان بەکەم دەزانن، نەک ئەوەی دژی بەڕێوەچوونی بن یا بەڕێوەچوونی بە قازانجی ئامانجە ستراتیژییەکەی خۆیان نەزانن.

کەواتە بەشێک لە خەڵکی کوردستان نەک بۆ دژایەتی کردنی گوتاری نەتەوەیی_دێموکراتیک، بەڵکوو لەپێناو دەستەبەرکردنی لانیکەمەکانی ئەو گوتارە لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامیدا لە هەڵبژاردندا بەشداری دەکەن و باشترین بەڵگەش بۆ ئەو قسەیە ئەوەیە کە لە ٦ هەڵبژاردنی پێشوودا، زۆرینەی دەنگ بۆ کەسێک بووە، کە بنەمای بانگەشەکەی لە کوردستاندا لەسەر بەڕێوەچوونی ماددەی ١٥ و ١٩ی دەستووری کۆماری ئیسلامی بووە.

لە ڕاستییدا دیوێک لە بەشداریی خەڵکی کوردستان هۆکارەکەی ئەوەیە کە گوتاری نەتەوەیی_دێموکراتیک کە لە چوارچێوەی لایەنێکی سیاسی و ڕێکخراوەیەکی تایبەت دەرباز بووە و بە تەواوی شۆڕبۆتەوە بۆ نێو خەڵکی کوردستان، خەڵک لە دەرەوەی ئیرادەی ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان، بەڵام بە مەبەستی دابین‌کردنی ستراتیژی هەمان گوتار هەنگاو هەڵدەهێننەوە، هەرچەند ئەو هەنگاوانە هەتا ئێستاش ئامانجی خۆیان نەپێکاوە. لێرددا ئەوە گرنگە کە کۆماری ئیسلامی هەتا ئێستا بۆ ڕاکێشانی دەنگی خەڵکی کوردستان، ناچارە بە درۆش بێ، باس لەسەر ئەوە بکا کە مافی نەتەوەی کوردی قەبووڵە و دابینی دەکات؛ کەواتە گوتاری نەتەوەیی_دێموکراتیکی کوردستان ڕەگی لە نێو خەڵکی خۆیدا داکوتاوە، بۆیەش داگیرکەر بەجێگای ئەوەی بەرەوڕووی بێتەوە، هەوڵدەدات بە قازانجی خۆی بەکاری بێنێ.

بەڵگەیەکی تر لەسەر ئەوەی کە بەشداری کردنی خەڵکی کوردستان بە واتای پشتکردن لە گوتاری نەتەوەیی_دێموکراتیکی کوردستان نییە، قسەی "محەمەد باقر قالیباف"ە. قالیباف لە دووهەمین دیبەیتی پاڵێوراوەکانی هەڵبژاردنی خولی دوازدەهەم کە ڕاستەوخۆ لە کاناڵ یەکی ئێرانەوە بڵاودەبۆوە گوتی: "من لە سەردەمێک کە سەرۆکی پۆلیسی ئێران بووم، تەنانەت لە کوردەکانیش وەک بەڕێوەبەر کەڵکم وەرگرتووە".

ئەو قسەیە لە نێوان بابەتی بەشداریی نەتەوەکان لە بەڕێوەبەریی ئێراندا و پاش تووڕەبوونی قاڵیباف کرا، گرنگیی ئەو قسەیە لە وشەی "تەنانەت"دایە و نزیکترین واتای ئەو قسەیە ئەوەیە کە لە ڕوانگەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییەوە، خەڵکی کوردستان هیچ کات لانیکەمەکانی کۆماری ئیسلامیان نەهێناوەتە دی و بۆ کۆماری ئیسلامی جێگای متمانە و باوەڕ نەبوون و نیین، ئەوە لەکاتێدایە کە بەپێی ئاماری خودی ڕێژیم دەبێ هەموو جارێک خەڵکی کوردستان لە نێوان ٦٠بۆ ٦٥% بەشداری هەڵبژاردن بوبێتن.

ئەگەر بمانەوێت هەموو لایەنەکانی بەشداریی خەڵکی کوردستان لە هەڵبژاردن تاوتوێ بکەین بە ئاشکرا بۆمان دەردەکەوێ یەکێ لە ئامانجەکانی خەڵکی بەشدار لە هەڵبژاردندا، گرنگیدان بە دەستەبەربوونی مافی نەتەوەییە و ئەوەش مانای ئەوەیە کە خەڵکی بەشداربوو لە هەڵبژاردن، نەک باوەڕپێکراوی کۆماری ئیسلامی نین، بەڵکوو مەترسین بۆ سەر کۆماری ئیسلامیش، لەو ڕوانگەیەوە کە ئەو خەڵکە هەم دەنگەکەیان دەنگی نەرێ(سەلبی)یە، واتە بەردەوام ئەوان "نا"یان بە باڵێک لە ڕێژیم گوتووەکە ئەو باڵە هەموو دەسەڵاتە، دانراوەکانی(انتصابی) لەژێر دەستدایە و عەلی خامنەیی سەربەو باڵەیە، هەم یەکێ لە گرنگترین هۆکاری ئەوەی دەچنە سەر سندووقی دەنگدان ئەوەیە کە دەزگا تەبلیغییەکانی ڕێژیم تەماحی ئەوە وەبەر خەڵک دەنێن کە لانیکەمی مافە نەتەوەییەکانیان لەلایەن ڕێژیمە دەستەبەر دەکرێت. ڕەنگە لێرەدا بگوترێ ڕێژیم هیچ بەڵێنێکی ناگەیەنێتە جێگا. ئەو قسەیە زۆر ڕاستە، بەڵام ئەوەی ڕێژیم ناچارە بۆ ڕاکێشانی دەنگی خەڵکی کوردستان باس لەسەر بەڕێوەبردنی ماددەی ١٥ و ١٩ دەستووری خۆی بکات، بە واتای ئەوەیە ڕێژەیەکی کەمی خەڵک ئەگەر فریوی ڕێژیمش بخۆن، تەنیا لە ڕێگای بەڵێنی دەستبەرکردنی مافی نەتەوەیی فریوی ئەو ڕێژیمە دەخۆن.

کۆتایی

هەڵبژاردن لە ئێراندا لە بەستێنێکی نائاساییدا بەڕێوەدەچێ و هەڵبژاردنێکی نادێموکراتیک و ناتەندروستە. لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە بەستێنی سیاسیی ئێراندا "هەڵسوڕی ڕێگەپێنەدراون" و بژاردەیەک جیا لە بایکۆتی هەڵبژاردنیان لەبەردەستدا نییە، بەڵام بایکۆت بە واتای ئەوە نییە کە بەربەست بۆ هەڵسوکەوتی خەڵکی کوردستان ساز بکرێت، بەڵکوو بە واتای ئەوەیە هەڵبژاردنەکانی ئێران نادێموکراتیک و ناتەندروستە و لە ڕێگای ئەو هەڵبژاردنە ناسالم و نادێموکراتیکەوە مافی کورد و نەتەوە ژێردەستەکان دابین ناکرێ و گەر لایەنێک بەڕاست و دوور لە فریوکاری هەوڵ بۆ دابینکردنی مافی نەتەوەیی و هێندێ چالاکیی سنوورداری نەتەوەیی بدا، ئەوە نەک لە دژی لایەنی بایکۆت نییە، بەڵکوو بە قازانجی ئەوانیشە، بە مەرجێک لانیکەمەکان دابین بکرێت. بەڵام دابین ناکرێت بەو هۆیەی کە کۆماری ئیسلامی لە قۆناغێکدایە کە تەنانەت بەڕێوەچوونی دەستووری خۆیشی بەمەترسی لەسەر خۆی دەزانێ.
بالاترین چاپکردنی ئەم بابەتە

رۆژنامەی کوردستان
رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧٠٦ لەم ژمارەیەدا:

ــ کوردی نوێنەر، نوێنەری کورد
ــ دۆستی خەباتێک
ــ پیلانی دابڕان لە زمانی کوردی پـــــووچـــەڵــە!
ــ گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی لە باشووری کوردستان لە نێوان
دوو هێزی ناسیۆنالیستیی "ناوەندگەرا" و " ناوەندڕەتێن"