• ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤاری ئاگری
  • گۆڤاری بیری خوێندکار
  • گۆڤاری لاوان
  • گۆڤاری ژنان
  • کەناڵی تەلەفزیۆنی تیشک
  • گۆڤاری نەرگز
١٨ی دێسامبری ٢٠١٧ی زایینی - ٢٧ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی  

هەنگاو بەرەو لووتکەی مافی دیاریکردنی چارەنووس

زایینی: ٠٥-٠٦-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٦/٠٣/١٥ - ٢١:٥٩ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
هەنگاو بەرەو لووتکەی مافی دیاریکردنی چارەنووس
عەلی مونەزەمی

لەمێژساڵە گەلی کورد لە تێکۆشانێکی بێ‌وچاندایە بۆ وەدەستهێنانی مافی سەروەری و ژیان لە ژێر سێبەری ویست و ئیرادەی خۆی، لە سەر ئەو زەوییەی کە وڵاتی باوک و باپیرانیانە. دوژمنانی گەلی کورد نیشانیان داوە کە خۆیان لە هیچ کردەوەیەکی قیزەون و دژەمرۆڤی لەهەمبەر گەلی کورد ناپارێزن و بە درێژایی مێژوو ئەوەی کە لە دەستیان هاتووە، بۆ لە نێو بردن و قەڵاچۆ کردنی ئەو گەلە ماف لێ‌زەوتکراوە دەستیان نەپاراستووە.

گەلی کورد بۆ مان و مەوجوودیەتی خۆی لە کۆمەڵکوژکران، کیمیاباران، زیندان و ئەشکەنجە و هەموو ئەو کردەوانەی کە دژی مرۆڤایەتی ئەنجام دەدرێن و گەف و هەڕەشەی ئاشکرا و ڕۆژانەی دوژمنان، پێویستە کە سەربەخۆیی هەبێ تاکوو سنوورێک بۆ هەڕەشەکانی دوژمنان بە نیسبەت خەڵک و خاکی کوردستان دابنرێت. گەلی کورد لە باشووری وڵات بریاری داوە کە ئەمساڵ لە گشتپرسییەکدا ویستی خەڵک لەو پارچەیەی کوردستاندا بخاتە بەر چاوی خەڵکی دونیا و هیواخوازە کە ئەم ئیرادەیە لە لایەن کۆمەڵگای نێونەتەوەییەوە ڕێزی لێ بگیردرێ. خەڵکی ئێمە لە باشووری وڵات کە زیاتر لە دوو دەیەیە خاوەنی مافی بڕیاردانی نێوخۆییە، دەیەوێ لە ڕێگای گشتپرسییەوە "مافی بڕیاردانی دەرەکی" کە مافی ڕەوا و دادپەروەرانەی ئەم خەڵکەیە بچەسپێنێ، لە بەر ئەوەی کە مافی بڕیاردانی نێوخۆیی هەموو کاتێک لە لایەن دوژمنە ڕەنگاوڕەنگەکانەوە هەڕەشەی لە سەرە. ئەو مافە ئەگەرچی لە مەنشووری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بە ئاشکرا ئاماژەی پێ‌نەکراوە تاکوو نەبێتە هۆی ئانارشیزم لە جیهاندا (بۆ وڵاتانی کۆلۆنی ئەو مافە بە فەرمی ناسراوە)، بەڵام مافێکە کە گەلانی چەوساوە دەتوانن بەکاری بێنن و بە دامەزراندنی وڵاتی سەربەخۆی خۆیان بە بەختیاری و سەربەرزی بژین. گەف و هەڕەشەکانی ڕێبەران و چەکدارانی عێراق- بۆ نموونە هەڕەشەکانی سوپای دیجلە و هەڕەشەکانی مالیکی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا- لە خەڵک و حکوومەتی باشووری وڵاتەکەمان، باشترین بەڵگەن بۆ ئەوەی کە کورد دەبێ سەربەخۆ بێ و تەنیا سەربەخۆیی دەتوانێ کورد بپارێزێ. ئێمە پێویستە لە مێژووی سەربەخۆیی بەنگلادش و کۆسۆڤۆ و زۆر وڵاتی دیکە لەو بارەوە دەرس وەربگرین. کاتێک کە حکوومەتەکانی ناوەندی نەک مافی کورد ناپارێزن، بەڵکوو هەڕەشەن لە سەر هەبوون و ژیان و مافی کورد، دەبێ کورد ببێتە خاوەنی سەروەریی خۆی، کە ئەو سەروەرییە هەم لە لایەن یاسا نێونەتەوەییەکانەوە پارێزراو بێ، و هەم کورد بۆخۆی دەرفەتی پاراستنی هەبێ. "لەو جێگایەوە کە سەروەریی کوردستان دەستپێبکا، دەبێ سەروەریی عێراق و مالکیەکان و هەموو داگیرکەرانی کوردستان کۆتایی پێ بێ". لەو وتارەدا هەوڵ دەدرێ بە کورتی پرسی سەربەخۆیی باشوور لێکبدرێتەوە و کارتێکەریی ئەو لە سەر بەشەکانی دیکەی کوردستان بە تایبەتی دەرفەتە بەردەستەکانی ڕۆژئاوای وڵات بخرێتە بەر چاوی خوێنەران.

زانایان و تئۆریسییەنەکان باس لە دوو هۆی سەرەکی دەکەن کە مافی جیابوونەوە بە گرووپێک دەدات تاکوو لە وڵاتی سەرەکیی خۆیان جیا ببنەوە و وڵاتێکی دیکەی سەربەخۆ بونیاد بنێن. ئەو دوو هۆیە ئەوەندە بەهێزن کە خواستی "تەواویەتی خاکیی" وڵاتان دەتوانرێ بە خاتریان وەلابنرێت. هۆی یەکم ئەوەیە کە ئەگەر وڵاتێک ڕێگری بکا لە گرووپێکی دیاریکراو کە لە بواری نێوخۆییدا کە مافی چارەی‌خۆنووسینی هەبێ و خۆی بەڕێوە ببات.

دووهەم هۆ ئەوەیە کە ئەگەر وڵاتێک مافەمرۆڤییەکانی گرووپێک بە شکڵێکی بەهێز بنپێ بکا. لەو دوو حاڵەتەدا مافی جیابوونەوە بۆ سزادانی ئەو وڵاتانە کە مافی خەڵک پێشێل دەکەن، بە گرووپەکانی چەوساوە دەدرێ. ئەو مافە لەو فەلسەفە ئەخلاقی و هزرییەوە سەرچاوە دەگرێ کە دەڵێ؛ "نادادپەروەرییەکان دەبێ ڕاست بکرێنەوە." ئەو مافە بۆ سزادان، لە هیچ کۆنوانسیۆنێک و پەیماننەمەیەکدا ئاماژەی پێنەدراوە، بەڵام لە نێو ئەو مافانەدا کە وەک عورف و داب و نەریت بوونیان هەیە، بەپێی ئەزموون سەلمێندراوە و بە کار هاتووە. پرەنسیپی پێنجەم، بەشی حەوتەمی شۆرای ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەر پەیوەندییە دۆستانەکان، کە باس لە سەروەریی خاک و یەکپارچەیی وڵاتان دەکات، بەڵام لە هەمانکاتدا باس لەوە دەکات کە؛ حکوومەتەکان دەبێ نوێنەرایەتیی هەموو خەڵکی خۆیان بکەن، بە بێ جیاوازیی نژاد، بیر و باوەڕ و ڕەنگ. یانی ئەگەر حکوومەتێک جیاوازی دابنێ لە نێوان خەڵکەکەیدا و نوێنەرایەتیی هەموو خەڵکەکە نەکات و بیانچەوسێنێتەوە، بەو مانایەیە کە ئیدی یەکپارچەیی خاکی وڵاتەکە خەوش هەڵگرە و دەتوانێ دابەش بکرێ. لەو مافە عورفییە کەڵک وەرگیراوە بۆ سەربەخۆیی بەنگلادش و جیاکردنەوەی جەزیرەی ئۆلاند لە فینلاند و نووساندنەوەی بە سوێدەوە و لە بارەی چارەنووسی زۆر شوێنی دیکە (کۆسۆڤۆ و کووئێبێک و ...).

شەرت و مەرجی ئەوەی کە مافی جیابوونەوە وەک سزایەک بە کار بگیردرێ، دەبێ لە پێشدا بە جوانی و تەواوی ڕوون بکرێنەوە. لە پێشدا دەبێ بزانرێ کە ئەو مافخوازانە دەتوانن وەک گرووپ بە حیساب بێن یان نە. لە سەر ئەو بنەمایە گەلۆ ئەو گرووپە پێشیان پێ‌گیراوە کە نەتوانن لە نێوخۆدا مافی خۆبەڕێوەبەری بە دەستەوەبگرن و یان ئەوەی کە تووشی پێشێلکرانی ماف بە شێوازێکی جددی هاتوون و لە کۆتاییدا، گەلۆ ئەم مافی جیابوونەوە تەنیا ڕێگای گونجاوە یان نە (یانی ئاخرین ڕێگای چارەسەری). تا ڕادەیەکی زۆر دەبێ ئەو مەرجانە بەردەوام و بەدوای یەکدا چاو لێ‌بکرێن.

با لە پێشدا ئاورێکی کورتی مێژوویی لە پرسی سەربەخۆیی کوردستان بدەینەوە. بۆ سەربەخۆیی کوردستان زۆر جار دەرفەت هەبووە. لیرەدا بە کورتی ئاماژە بە هەندێک لەو دەرفەتانە لە سەد ساڵی بیست و بیست‌ویەکم دەدرێ و زۆر ناگەڕێینەوە بۆ دواوە. ئەو دەرفەتانە هەر جارێ بە جۆرێک بە هۆی لاوازیی یەکیەتیی نێوخۆیی و کەمترخەمیی کورد لە لایەک و گەمە و بەرژەوەندیی زلهێزەکان لە لایەکی دیکەوە، لە کیسی کورد چوون. لە پەیماننامەی سێڤەردا کە دان بە مافی کورددا نرابوو، ئەو مافە بووە قوربانیی ساتوسەودای زلهێزەکان و لە دوای تەواوبوونی شەڕی یەکمی جیهانی و دابەشبوونی ئیمپراتۆرییەکان، گەلی کوردیش وەک زۆر گەلی دیکە بە بێ ویست و ئیرادەی خۆی دابەش کرا. مەخابن ئەو فۆرموولەی کە ویلسۆن بۆ مافی چارەی خۆ نووسین دەیویست لە دوای شەڕی یەکەمی جیهانی لە مەنشووری کۆمەڵگای نەتەوەکاندا بیچەسپینێ کە بە گوێرەی ئەو فۆرموولە ئەگەرچی وڵاتان لە دەستێوەردانی دەرەکی پارێزراو دەبوون، بەڵام لە نێوخۆی وڵاتانڕا پێش بە خەڵک نەدەگیردرا کە سەربەخۆیی ڕانەگەیێنن و جیا نەبنەوە و سنووری وڵاتان تووشی گۆڕانکاری نەکەن، کەچی ئەو یەکە نەچەسپا و کورد ئەو شانسەشی لە کیس چوو.

لە ١٩٦٠ەوە نەتەوە یەکگرتووەکان بریاریان دا کە دەبێ وڵاتانی کۆلۆنیزەکراو ئازادیی خۆیان وەدەست بێنن و نابێ هیچ وڵاتێکیش لەمەودوا کۆلۆنیزە بکرێ. کوردستان وڵاتێکی داگیرکراو و کۆلۆنیزەکراوە. بەڵام لە بواری ناساندنی کوردستان وەک وڵاتێکی موستەعمرە، بە داخەوە کەمتر هەوڵ دراوە. بۆیە بە داخەوە کورد نەیتوانیوە تا ئێستاش بۆ کومەڵگای نێونەتەوەیی بسەلمێنێ کە کوردستانی دابەشکراو و گەلی کوردی چەوساوە خراپتر لە وڵاتانی کۆلۆنیزەکراو بەڕێوە دەبردرێن.

لە سەردەمی شەڕی دووهەمی جیهانی و شەڕی سارددا، بە داخەوە کورد هیچ شانسیکی ئەوتۆی نەبوو. کۆماری کوردستانیش کە لە کۆتاییەکانی شەڕی دووهەمی جیهانیدا پێکهات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، شانسێکی ئەوتۆ نەبوو بە نەسیبی کە پایەکانی ئەو سەربەخۆییە قاییمتر بکرێ. لە سەردەمی شەڕی ساردیشدا کورد لە بەر هاوکێشەکان و پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان شانسێکی نەبوو و بۆیە ڕێکخراوەکانی کوردی بە گشتی داوای چارەسەریی پرسی کوردیان لە نێوخۆی وڵاتانی زاڵ بە سەر کوردستاندا دەکرد. ئەگەرچی سیمپاتیی کورد ئەو کات بەرەو ڕووسیەی کۆمۆنیستی بوو و پێیان وا بوو کە تێزی لێنین و ڕووسیەی سۆسیالیستی بۆ ڕزگاریی گەلان، ستراتێژیکیە (بێجگە لە هندێک ڕێبەری وەک قاسملوو نەبێ کە زوو بۆی دەرکەوت کە دەبێ ڕێگای خۆی لە ئەو ڕێگایە جیا بکاتەوە)، بەڵام ئەوە ئامانجێکی تاکتیکیی ڕووسیە بوو. ئەوان بەو کارە تەنیا ڕەوایەتیان دەبەخشی بە سەرهەڵدانی نەتەوەکانی چەوساوە، نەک ئەوەی کە پشتیوانی لە نەتەوەپەرەستانی زوڵملێکراو بکرێ. بۆ ئەوان تەنیا ئامانج، لکاندنی هەموو نەتەوەکان بە فدراسیۆنی سۆسیالیستییەوە بوو.

لە دوای ڕاپەرینی خەڵکی کورد لە باشووری کوردستان لە ساڵی ١٩٩١، لەو بەشەی کوردستاندا تا ڕادەیەکی باش کورد توانیویەتی بە شکڵی سەربەخۆییەکی ڕانەگەیەندراو خۆی بەڕێوە بەرێ. یانی کورد لە بواری خۆبەڕێوەبەریی نێوخۆییەوە بووە خاوەنی مافی چارەنووسی خۆی، بەڵام لە بواری مافی چارەنووسی دەرەکییەوە کە بتوانێ بۆخۆی بڕیار لە سەر پێگەی نێونەتەوەیی خۆی بدات، بە شکڵێکی فەرمیی ناسێندراو، وەدەستی نەهێناوە. بۆیە ڕێفراندۆمێک کە ئەمساڵ بڕیارە لە باشوور بەڕێوە بچێ، لە سەر ئەوەیە کە گەلی کورد خوازیارە لە سەر پێگەی نێونەتەوەیی خۆی بڕیاردەر بێ یان نە، و بەڵکوو دەیەوێ بە شەریکایەتی لە گەڵ دوژمنەکەی لە بەغداد ئەو کارە بکات و بۆ پێگەی عێراق تێکۆشان بکا.

بە گوێرەی ئەو مافە عورفیە نێونەتەوەییانە کە پێشتر ئاماژەی پێ‌کرا، کورد لە باشوور دەرفەتی ئەوەی هەیە کە سەربەخۆیی ڕابگەیەنێ. لە بەر ئەوەی کە کورد هەموو کاتێک لە لایەن کاربەدەستانی شوینیستیی بەغداوە هەڕەشەیان لە سەرە. کاربەدەستانی بەغدا لە هەموو دەرفەتێک بۆ پێشێل کردنی مافەکانی گەلی کورد کەڵک وەردەگرن و هەڕەشەن بۆ سەر ژیان، مافی مرۆڤ و ئابووریی هەرێمی کوردستان. بۆ نموونە بڕینی بوودجەی هێزی پێشمەرگە کە بەشێکە لە هێزی بەرگریی عێراق، بڕینی قووتی خەڵکی کوردستان، هەڕەشەی چەکداریی سپای دیجلە، شەڕ و پێکدادانەکانی خانەقین و کەلار و...هتد، و هەڕەشە ئاشکراکانی کاربەدەستانی عێراق وەک مالکی و... هتد.

کورد گرووپێکی جیاوازی کولتوورییە لەگەڵ عەرەب و یەک نەتەوە نین. بۆیە دەتوانرێ وەک گرووپ حیساب بکرێ. لە بواری مافی چارەنووسی نێوخۆییەوە هەمو کاتێک هەڕەشەی لەسەرە و دەوڵەتی ناوەندی ئامادە نیە مافی چارەی خۆنووسینی نێوخۆیی بۆ زۆرێک لە ناوچەکانی کوردستان کە بە ناوچە کێشەلەسەرەکان دەیاناسێنن، بە فەرمی بناسێ و لە سەر دەڤەرەکانی دیکەش هەموو کاتێک هەڕەشە بووە. حکوومەتی ناوەندیی بەغدا سەربەخۆ لەوەی کە کێ حوکمی کردووە، هەموو کاتێک بە شکڵێکی جیددی هەڕەشە بووە لە سەر کورد و میژوویەکی پڕ لە خوێن و کوشتن و بڕین لە نێوان کورد و عەرەبدا هەیە. لە لایەکی دیکەوە، کورد بە هۆی شەڕ لە بە دژی تیرۆریستان و داعش و ئافراندنی سەدان داستانی مێرخاسی، سیمپاتیی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لەگەڵە و سەربەخۆیی کوردستان دەبێتە هۆی سەقامگیریی ناوچەکە و ئەو سەربەخۆییە هەڕەشە لە ماف و ئازادیی هیچ نەتەوە و گرووپێکی دیکە ناکا و سەقامگیری و ئاسایشی عێراق ناخاتە مەترسییەوە. بۆیە دروست بەو هۆیانەی کە بەنگلادش لە پاکستان جیا بووەوە، کوردیش دەتوانێ لە باشوور ببێتە خاوەنی سەربەخۆیی و مافی بڕیاردان لە سەر چارەنووسی دەرەکیی خۆی.

ئەگەر کوردستانی باشوور سەربەخۆیی خۆی وەدەست بێنێ، هەر دروست بەو هۆیانەی کە لە بواری چەوساندن و پێشێل کردنی مافی مرۆڤ و مافی چارەی خۆنووسینیەوە لە سەر باشوور باس کرا، بەشەکانی دیکەی کوردستانیش دەتوانن داوای سەربەخۆیی بکەن. بەڵام ئێمەش دەتوانین وەک چۆن جەزیرەی ئۆلاند داوایان کرد کە بخرێنە سەر سۆئێد، پارچەکانی دیکەش دەتوانن داوا بکەن کە بخرێنە سەر باشووری کوردستانی سەربەخۆ (ئیرێدێنتیزم) و بەو شکڵە کوردستانی یەکپارچە دروست بکرێ(ئەوە بەو مانایە نیە کە باشووری وڵات وەک ڕێبەر و بڕیاردەر لە سەر چارەنووسی هەموو کورد لێکبدرێتەوە. بەڵام لە بەر ئەوەی کە ئەوان هەنگاوێک لە پێشن لە بواری وەدەستهێنانی مافی چارەنووسەوە، بۆیە ئەو یەکە دەنووسرێت و شتێکی ڕئالیستانەیە و هیوادارام کەس بە خراپ لێکی نەداتەوە).

ئەگەر چی ئەو ئامانجە کاتی زۆری دەوێ، بەڵام ڕۆژئاوای کوردستان لە ئێستاوە ئەو دەرفەتەی لە بەردەستدا هەیە. با هەموومان بۆ یەکپارچەیی کوردستان، بە کردەوە هەوڵ بدەین. هیوادارم کە ڕێبەران و پارتە سیاسییەکان و خەڵکی ڕۆژئاوا بە گشتی ئەو ڕێگاچارەیە بۆ کۆکردنەوەی خاکی دابەشکراوی کوردستان لە بیر نەکەنەوە.
بالاترین چاپکردنی ئەم بابەتە

رۆژنامەی کوردستان
رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧١٤ لەم ژمارەیەدا:

ــ قاسملوو، پرسی ژن و ڕاسان
ــ ڕاسان و پێشمەرگە
ــ ڕێبەڕیی لێبڕاو و هێزی پێشمەرگەی کاریگەر زامنی سەرکەوتنن
ــ بورجی بابل
  • مەرگی نووسەر مەرگی نووسەر
    ئه‌وه‌ ده‌زانین ده‌ق، بە تەنیا بە دێڕێک ناڵێن کە لە لێزگەیەک وشە پێکهاتبێ که‌ واتایه‌کی ئاسمانی ("په‌یام"ی نووسەر-خودا)ی لێوه‌ده‌رچێ؛ به‌ڵکوو که‌شایه‌کی فره‌رەهەندە،‌ له‌ کۆمه‌ڵه‌ نووسینێکی جۆراوجۆردا، که‌ هیچ کامیان خاوەن رەسەنایەتی نین، له‌وێدا تێکه‌ڵ به‌ یه‌ک ده‌بن و له‌یه‌ک ده‌نگوێن.
  • سامانی وڵات بۆ تیرۆریستان، وێرانی و دواکەوتوویی بۆ کوردستان سامانی وڵات بۆ تیرۆریستان، وێرانی و دواکەوتوویی بۆ کوردستان
    ئێستا دوای تێپەڕبوونی ماوەیەکی زۆر لە ڕووداوەکە، خەڵکی ناوچەکە لە زۆر ڕووەوە لە ژێر گوشاردان و سەرمای زستان و باران لەلایەک، نەبوونی خانوو یان تەنانەت لە هەندێک شوێن خێوەتیش لەلایەکی‌تر خەڵکی نیگەران کردووە.
  • راسان و پێشمەرگە راسان و پێشمەرگە
    لە راساندا گۆڕەپانی خەبات ئەوەندە بەرفراوان بووە كە دەرفەتی بۆ یەك بە یەكی ئەندامانی كۆمەڵگا رەخساندووە تاکوو بەپێی شوێن و رێگەی خۆی هەنگاو بنێت و هیچ جیاوازییەك لە بواری ئەرك و جێبەجێ كردنەوە بوونی نییە، تەنیا ئەوە پێویستە ئەو كردارە لە خزمەتی رزگاركردنی نەتەوەدا بێت.
  • بوومەلەرزەی ڕۆژهەڵات و پێکدادان لە نێوان ناسیۆنالیزمی ئێرانی و کوردیدا بوومەلەرزەی ڕۆژهەڵات و پێکدادان لە نێوان ناسیۆنالیزمی ئێرانی و کوردیدا
    هەموو لایەک دەبێ باش بزانن کە شارستانیەت و کولتوور شتی دینامیکن و لە رەوتی مێژوودا دەتوانن تووشی ئاڵوگۆڕ بن، بەرز بن یان لەنێوبچن.
  • زەمەن تێدەپەڕێ و لێقەوماوانی کرماشان هێشتا بێ‌ماڵ و حاڵن زەمەن تێدەپەڕێ و لێقەوماوانی کرماشان هێشتا بێ‌ماڵ و حاڵن
    دوایین ڕاپۆرتە پێوەندیدارکان بە بارودۆخی ژیان پاش بوومەلەرزەی ٢١ی خەزەڵوەر لە پارێزگای کرماشان کە زۆرتر له ١٠هزار کوژرا و بریندا لێکەوتەوە، دەری دەخات کە سەرباری تێپەڕینی زۆرتر له سێ هەفته بەسەر ئەم تراژێدیا، هێشتا هیچ هەنگاوێکی شوێندانەر بۆ ساڕێژکردنەوەی برینی زامداران هەڵنەگیراوە.
  • کارەساتی بومەلەرزه لە کرماشان و بێخەمیی ڕێژیم کارەساتی بومەلەرزه لە کرماشان و بێخەمیی ڕێژیم
    ئەمە لە حاڵێکدایە کە بەشێکی کەم لە ماڵە ڕووخاوەکان پشکێندراون و ئاماری بی سەروشوێنەکان هێشتا دیار نییە و مەزەندە دەکرێ کە ئاماری کوژراو و بریندارەکان زۆرتر بێت.
  • قاسملوو، پرسی ژن و ڕاسان قاسملوو، پرسی ژن و ڕاسان
    لە ئاخاوتنێکدا لە ٨ی مارسی ١٩٨٩ی زایینیدا، دوکتور قاسملوو پێداگری لەسەر ئەوە دەکا کە "خەبات بۆ ئەوەی ژن مافی خۆی وەربگرێ، بە هیچ شێوەیەک جودا نییە لە خەباتی میلەتەکەمان بۆ دێموکراسی و خودموختاری."
  • یاسا هەڵاواردەکان ساڵانە میلیاردها دۆلار زیان بە رۆژهەڵاتی ناوەراست دەگەیەنن یاسا هەڵاواردەکان ساڵانە میلیاردها دۆلار زیان بە رۆژهەڵاتی ناوەراست دەگەیەنن
    چونکە تا کاتێک ژنانی عەرەبستان بتوانن بە بێ مۆڵەتی پیاوی بنەماڵە – باوک، هاوسەر، جاری وایە تەنانەت کوڕەکەی خۆی – کار بکەن، بڕۆنە سەفەر، کاروباری یاسایی ئەنجام بدەن و بەشێوەیەکی دیکە بەشداری لە ژیانی کۆمەڵایەتی بکەن، وڵات ناتوانێ هەست بە هێزی ئابووری نیوەی دیکەی کۆمەڵگا بکات.
  • ئێرە ڕۆژهەڵاتە بە کاتی کرماشان ئێرە ڕۆژهەڵاتە بە کاتی کرماشان
    لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەردەوام باس له نەبوونی خزمەتگوزاری و گوێنەدانی بەرپرسانی ڕێژیم لەو بارەیەوە کراوە بەچەشنێک کە نەتەنیا یارمەتی بە خەڵک نادەن بەڵکوو تەنیا بۆ سەیر و سیاحەت دەچنە شوێنی بوومەلەرزەکە؛ ئەو باسەش لە ڕاگەیەندنەکانی ڕێژیم لەوانەش "ایرنا" و "ایسنا" بڵاو بووەتەوە هەروەها هەندێک لە ڕۆژنامەکانی ڕێژیم وەک "ابتکار" بە تیتری گەورە نووسیان "تور زلزلە گردی!" .
  • ئاو، کۆڵەکەی ستراتیژی داهاتووی کوردستان ئاو، کۆڵەکەی ستراتیژی داهاتووی کوردستان
    واتای دووهەم: ئەو ڕێژە ئاوە، بۆ وەدیهێنانی خواست و ویستی کۆماری ئیسلامی زۆر کەمە، واتە ژینگە گەورەترین بەربەستی سەر ڕێی کۆماری ئیسلامییە بۆ وەدیهێنانی خەونەکانی.
  • ڕێبەڕیی لێبڕاو و هێزی پێشمەرگەی کاریگەر زامنی سەرکەوتنن ڕێبەڕیی لێبڕاو و هێزی پێشمەرگەی کاریگەر زامنی سەرکەوتنن
    شەڕی داگیرکەرانی کوردستان بەرامبەر بە نەتەوەی کورد بە گشتی و هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەتایبەتی، تەنیا بە ڕوبەڕووبوونەوەی نیزامی نەبەستراوەتەوە بەڵکوو دوژمن لە ڕێگای جیاجیا و یەک لەوان پڕوپاگەندەی بێبنەما بەردەوام هەوڵ دەدات پرش و بڵاوی لە نێو ماڵی کوردان دروست بکات تاکوو بەمشێوەیە زیاتر بتوانێت بە ئامانجە گڵاوەکانی بگات.
  • بورجی بابل بورجی بابل
    رووداوە کۆنە مێژووییەکان و تەنانەت ئوستوورەکانیش دەڵێن بۆ ئەوەیکە کۆمەڵگایەک لاواز بکەی تاکوو خۆی بەرەو پووکانەوە بڕوا، باشتر وایە کە ئاژاوەی تێ بخەی و خۆیان بە خۆیانەوە سەرقاڵ بکەی تاکوو هەم گرفتە سەرەکییەکە لەیاد بکەن و هەم تەنیا بە نێوخۆیانەوە خەریک بن و خۆیان ببنە هۆکاری داڕزاندنی خۆیان.
  • عەلی ئەشرەف مورادی: ئەو ڕێژیمە، کارەساتەکانیش بە دەرفەتێک بۆ سەرکوت، چەوساندنەوە و تۆڵەئەستاندنەوە لەو گەلە مافخوازە دەزانێ عەلی ئەشرەف مورادی: ئەو ڕێژیمە، کارەساتەکانیش بە دەرفەتێک بۆ سەرکوت، چەوساندنەوە و تۆڵەئەستاندنەوە لەو گەلە مافخوازە دەزانێ
    لە پێوەندی لەگەڵ زەویلەرزەی پارێزگای کرماشاندا، بەرێزعەلی ئەشرەف مەجیدی، ئەندامی جێگری کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وڵامی چەند پرسیارێکی ڕۆژنامەی کوردستانی داوەتەوە کە سەرنجتانی بۆ ڕادەکێشین:
  • دانیشتن لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و چەند سەرنجێک دانیشتن لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و چەند سەرنجێک
    بەڵام وتووێژ و کارکردن لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە هەندێک بابەت دا زۆر جیاوازییەکی لەگەڵ قسەکردن لەگەڵ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دا نییە بەڵکوو لەوانەشە خەساری زۆرتر بێت؛ بۆیە لە پێوەندی لەگەڵ ئەو نزیک‌بوونەوە پێویستە چەند خاڵ بەم شێوەی خوارەوە لە بیر نەکرێن.