کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جیۆپۆلەتیک و پێگەی جیۆستراتیژی کوردستان و پۆست داعش

16:05 - 20 جۆزەردان 2717

عومەر ئیزدخا

پێشەکی


بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەراست و ناوچەکە لە ئێستادا بەرەو ڕووی گۆڕانی گەورە و بەرچاو هەنگاودەنێ ، هاتنەئارای بەهاری عەرەبی و پاشان ئەو رووداو و کاریگەریانەی کە لە ئەنجامی ئەو شەپۆلەدا هاتنە ئاراوە ، بە دیاریکراویش هەڵدمسانی گروپێکی عەقیدەیی توندڕەو بەناوی داعش و دواتر گەورەبوونی ئەو پرسە و پێناسەبوونی بە هەستیارترین پێکهاتەی ئەمنی هەریەکە لە وڵاتانی سوریا و عێڕاق وتورکیا و ئێران و ...هتد تا زۆربەی هێزە ناوچەیی و وە سەرووناوچەییەکانیش لەوانەش میحوەری ئەتڵەسی-رۆژئاوایی بە رێبەرایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئۆراسیایی – رۆژهەڵاتی بە رێبەرایەتی روسیا ، بوو بەهۆی هاتنە ئارای شەڕێکی سەربازی و جەنگێکی سیاسی گەورە لەنێوان هێزە جۆربەجۆرەکان بەتایبەتیش لە سوریا و پاشان لە عێڕاق ، لە رواڵەتدا بۆ رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ داعش و هەروەها ململانێی ئۆپۆزسیۆنی سوری لەگەڵ رژێمی سوریا ، بەڵام لەنێوەرۆکدا بوونی ململانێیەکی گەورە لەسەر رەنگرێژکردنی نەخشەی سیاسی ناوچەکە بەپێی ئەو نەخشەیەی کە لە پرۆژەی هەرکام لە هێزەکان دیزاینکراوە ، کوردستان کە چەقی ئەو گۆڕەپانە پێکدێنێت و وەکو مەڵبەندێک کە دەورەی تەنراوە لەو گێژاو و گۆڕانکاریانە ، خاوەنی خەونێکی مێژووییە لە دووبارە داڕشتنەوەی سنوری جوگرافی نیشتیمانەکەی لەباری سیاسیدا ، کە دەبێتە بەشێکی تر لە پرۆژەی داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی ناوچەکە کە ئاواتێکی لەمێژینەی گەلی کوردە ، گۆڕانی گەورە بە نیسبەتی ئەو خەونەی کورد لەماوەی ئەو چەند ساڵەی دواییدا لە هەڵگیرسانی ئەو ململانێیەدا هاتۆتە ئاراوە ، کە دەتوانین ئاماژە بە گۆڕانکارییەکانی پەیوەست بەو بابەتە لە باشور و رۆژئاوای کوردستان بدەین ، گەڕانەوەی بەکردەوەیی ناوچە کوردستانیە کێشە لەسەرەکانی باشوری کوردستان بۆسەر کوردستان دوای شکانی هێزی سەربازی حکومەتی عێڕاقی لە نەینەوا و ناوچەکانی تری عێڕاق و بەرگریکردنی هێزی پێشمەرگە و جێگربوون لێیان ، بەوەش زیاتر لە %٨٥-٩٠ ناوچانە کوردستانیەکانی دەرەوەی زۆنی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە لە باشووری کوردستان ، ئەوەش گۆڕانێکی گەورەو کاریگەرە بە نیسبەتی پرسی مێژوویی ناسیۆنالیزمی کوردی ، بەخۆبواردن لەو پێویستیە یاساییانەی پەیوەست بە پرۆژەکە کە لە داهاتوودا هەنگاویان بۆ هەڵدەگیرێ جیۆپۆلەتیکی کوردستانی گەورە تەواودەکەن ، هەروەها گێڕانی رۆڵی سەربازی مەزن لەلایەن هێزەکانی رۆژئاوای کوردستان کە خۆی دەبینێتەوە لە کۆنتڕۆڵکردنی زۆربەی ناوچە کوردیەکانی ئەو پارچەیە لەلایەن هێزێکی رەگ و ریشە کوردیەوە ، بەخۆبواردن لە هەڵەی سیاسی مەزن لەلایەن هێزەکانی ئەو پارچەیە .. ئەوەی لەم باسەدا ئامانجمانە ، بریتیە لە خستنەڕووی جیۆپۆلەتیک و گرنگی پێگەی جیۆستراتیژی کوردستان و خەون و پرۆژەی کورد وەک نەتەوەیەک لەو بارەوە ، وەستان لەسەر ئەو پرۆژەیە لە قۆناغی هەنوکەدا و بە دیاریکراویش باشور و رۆژئاوای کوردستان ، هەروەها خستنەڕووی واقع و تەحەدیەکانی پەیوەست بەو بابەتە .

گرنگی ئەو پرسە دەگەڕێتەوە بۆ هەستیاری دۆخی هەنوکە و قۆناغی ئێستا کە کە بەرە بەرە ئاماژەکانی بەلاداکەوتن و بن بەستبوونی قۆناغەکە بەدیار دەکەون و کە قۆناغێکی تر بەتایبەت بۆ پرسی رامیاری-نەتەوەیی کورد بەدوای خۆیدا دەهێنێت و خۆی دەبینێتەوە لەو گۆڕانکارییە گەورانەی کە ئێستا لەسەر خاکی عێڕاق و سوریا هاتونەتە ئاراوە و ئاماژەکانیش بە ڕوونی پێمان دەڵێن کە قۆناغی دوای ئەوە گۆڕانکارییەکان و گێژاوەکە وڵاتانی ئێران و تورکیا دەگرێتەوە ، بوونی رۆڵی گەورەی هێزە سیاسی و سەربازیە کوردیەکان لە جەنگی داعشدا ، پرسی نەتەوەیی کوردی کردە پرسێکی ناوچەیی گرنگ و جێ بایەخ و پێگەدار لە ستراتیژ و تێڕوانینی پراگماتیانەی هێزە سەروو ناوچەییەکان.

راستینەی جیۆپۆلەتیکی کوردستان:

سنور و شوێنی جوگرافی و جیۆپۆلەتیکی کوردستان لە هزر و روانگەی مێژوویانەی کورددا دیزاینێکی حەتمیە و نەگۆڕە ، بەو پێیەش ستراتیژی تەواوکاری لە قۆناغی سەرەتادا خۆی دەبینێتەوە لە رزگارکردنی ئەو هەرێمانەی کە لەدەرەوەی دەسەڵاتداری هێزە ناسنامە کوردیەکانەوەن ، کە بەپێی هەل و مەرج و بارودۆخی سیاسی کورد کاتێک دابەشکراوە بەسەر چەند وڵاتی جیاواز و تێپەڕینی سەدەیەک بەسەر رێکەوتنامەی سایکس-پیکۆ و دامەزران و بەناوەندبوونی وڵاتانی عێڕاق و سوریا و ئێران و تورکیا ، بەو پێیەش کە هێزە سیاسیە کوردیەکان دابەشبوونە بەسەر بەشە جیاوازەکانی کوردستان و بەدرێژایی رابردووی نزیک خاوەنی مێژوویەکی خوێناوین لە خەباتی رزگاری نەتەوەیی لەهەرکام لە بەشەکانی کوردستان ، سەرباری هەموو ئەو کەم و کوڕی و کەمتەرخەمی و هەڵە مێژوویانەی کە بە ئێستاشەوە لەلایەن پارتە کوردیەکانەوە ئەدا دەکرێ ، لە نەبوونی ستراتیژ و یەکگرتوویی نەتەوەیی ، یەکترقبوڵنەکردن و گیرۆدەبوون بە کێشە ناوخۆییە سەرەتاییەکان..هتد.د و دەرەنجام لەبارچوونی دەستکەوتە مێژوویەکان ، ئەوا قۆناغی ئێستا و هەنوکە بۆ دوو پارچەی کوردستان هەلێکی مێژووی و زێڕین هاتۆتە پێش کە بە روانینی مێژوو و پێشبینی داهاتوو بارودۆخێکی ئەوتۆی هاوشێوە پێشبینی ناکرێ ، تاکو هێزە سیاسیەکانی کوردستان لەلایەک بە ئامانجی تەواوکاری و تێپەڕاندنی قۆناغی رزگاری نیشتیمانی و رەهەندی ناوکی و بنەڕەتی پرسەکە کە خۆی دەبینێتەوە لە پارادیمی نەتەوەیی کوردی لەلایەکی ترەوە بە کەڵکوەرگرتن لەو دۆخە سیاسیانەی لە وێنای گێژاوی داعش دێنە ئاراوە کە هەڵقوڵاوی کێشە مێژوویە کپکراوەکانی هەرکام لەو وڵاتانەن کە کوردیان بەسەردا دابەشکراوە و، بەشێکی گەورەی ململانێی و دۆخی ناهەمواری ئەو دەوڵەتانە بەدرێژایی مێژوویان پەیوەندی راستەخۆی لەگەڵ پرسێکی گرنگ هەبووە بە ناوی ( پرسی کورد ) بەوەش بۆتە یەکێک لە سەرەکیرتین پرسە دیارەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، ئەو دووپارچەیەش کە بریتین لە هەریەکە لە باشور و رۆژئاوای کوردستان و ( لێکۆڵینەوە و خوێندنەوە سیاسی و ستراتیژیەکانیش بە ڕوونی ئەو راستیەمان پێ دەڵێن کە قۆناغێکی تری گۆڕانکارییەکان سەبارەت بە پرسی نەتەوەیی کورد لە رۆژهەڵات و باکوری کوردستان بەڕێوەن کە دەستپێکی ئەو قۆناغەش بەرەبەرە هاتۆتە دی ).

لێرەدا بە تیشکخستنە سەر باشور و رۆژئاوای کوردستان کە لە قۆناغی ئیستادا دەرفەتی مێژوویی –زێڕینیان بۆ هاتۆتە پێش ، ئەوا پێویستە دەستکەوتە ستراتیژی و جیۆپۆلەتیکیەکان لە پێش داعش و دوای داعش بخەینەڕوو بەم شێوەیە.

باشوری کوردستان لەپێش داعش :

سەرهەڵدانی راپەڕینی ساڵی ١٩٩١ی باشوری کوردستان دژ بە داگیرکاری ریژێمی فاشی عێڕاقی و هاتنە ئارای گۆڕانکاریە نێودەوڵەتی و ناوچەییە دەرفەت خولقێنەکانی وەکو رووداوی داگیرکاری کوێت و لاوازبوون و هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەت هەروەها ئەو لێکەوتانەی کە لە کارلێکی رەوشی مرۆیی دانیشتوانی باشوری کوردستان لەژێر سیاسەتی زەبروزەنگ و پڕ لە هەڕەشە و تۆقاندنی رژێمی بەعس لەگەڵ بەرەوپێشچونی بە جیهانیبوونی پرسە ناوخۆییەکانی وڵاتان بەناوی جیهانگیریەوە و دەرەنجام گەلەکۆمەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەرچوونی بڕیاری ٦٨٨ی ( Now Flay Zone ) ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ناوچەکانی باکور و باشوری عێڕاق کە لەنێویدا سێ پارێزگای باشوری کوردستان ( سلێمانی ، هەولیر – دەهۆک ) بەشێک بوون لەو زۆنە ، پاشان پیکهێنانی بەرەی کوردستانی هێزە سیاسیەکانی باشوری کوردستان و پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو سێ پارێزگایەدا ، بەوەش یەکەمین ئەزمونی حکومڕانی و پرۆسەی رزگای نەتەوەیی لە سەدەی رابردوو دوای ئەزمونی کۆماری کوردستان لە ساڵی ١٩٤٦ دادەنرێت ، کە بە وەرچەرخانێکی گەورەی بزاوتی نەتەوەیی کوردی دادەنرێت ، دوای تێپەڕینی ساڵانی دەیەی نەوەدەکان و دەسپێکی سەدەی بیست و یەکەم و گۆڕانکارییەکانی سیاسەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە دوای هێرش بۆ سەر طاڵیبان و ئەلقاعیدە لە ساڵی ٢٠٠١ و پاشان ساڵی ٢٠٠٣ هێرش بۆسەر ریژێمی بەعسی عێڕاقی و هاتنە ئارای فەزایەکی نوێی بۆ پێکهاتەکانی عێڕاق ، کورد لەو پارچەیە بە یەکگرتوویی هێزە سیاسیەکان توانی رۆڵی گرنگ و جێبایەخ لە داڕشتنەوەی سیستەمی نوێی عێڕاقی و نوسینەوەی دەستوری ئەو وڵاتەدا بگێڕێ کە گرنگترین دەستکەوتەکانیش خۆی دەبینێتەوە لە داننان بە گەلی کورد و حکومەتی هەرێمی کوردستان و دانانی رێگا چارەی قانونی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم بە مەرجێک تا پێش کۆتایی ساڵی ٢٠٠٧ رێکارەکانی ئەو ماددەیە جێبەجێبکرێت ، ئەوەی لێرەدا مەبەستی سەرەکیەن پێویستە بووترێت تا ئەوکاتە ستراتیژی رزگاری نیشتیمانی و جیۆپۆلەتیکی کوردستان بە فۆڕمێکی کرداریانە و یاساییانە بە شێوەیەکی کاریگەر دەچێتە قۆناغێکی نوێوە بەڵام لە ٣ پارێزگای باشوری کوردستان کە ئەوانیش ( سلێمانی ، کەرکوک ، هەولێر ) کە دەکاتە کەمتر لە %٥٠ی رووبەڕی جوگرافی باشوری کوردستان ، بەڵام لە ژێر گوشاری هەژمونی سیاسی وڵاتانی دەوروبەر و بەتایبەتیش ریژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆسەر حکومەتی ناوەندی عێڕاقی و دەستوەردانیان لە پرۆسەی سیاسی ئەو وڵاتە بوو بەهۆی تەژیکردن و ئاگردانی پێکهاتە و گروپە سیاسی و عەقیدەییەکانی بۆ دەستپێکێکی نوێی شەڕ و ململانێی نێوخۆیی پێ بەپێ کە یەکێک لەدەرەنجامەکانی ئەو دۆخەش مل نەدانی دەسەڵاتدارانی حکومەتی عێڕاقی بۆ جێبەجێکردنی دەستور و لەوانەش ماددەی ١٤٠ ، بەوەش پرۆسەی گەڕاندنەوە و رزگاری کرداری و یاسایی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی حکومەتی عێڕاقی بە چارەسەرنەکراوی مانەوە .

رۆژئاوای کوردستان لە پێش داعش:

رۆژئاوای کوردستان پێش هاتنی داعش و چەند ساڵ پێش ئێستا سەرباری چالاکی پارت و هێزە سیاسیەکانی ئەو پارچەیەی کوردستان کە رەگ و ریشەیان بۆ مێژووی درێژی بزاوتی نەتەوەیی کوردی بۆ سەردەمی فەرمانڕەوایی عوسمانیەکان و دواتر دەسەڵاتی فەرەنسیەکان و دواتریش دەوڵەتی عەرەبی سوری دەگەڕێتەوە ، بەڵام دۆخی بزاوتەکە لەو بەشەی کوردستان لە ئاستی بەشەکانی دیکە بەتایبەت رۆژهەڵات و باشور سستی زیاتری پێوە دیاربووە ، ئەگەرچی پارت و هێزە سیاسیەکانیش لە رێکخستن و چالاکی رێکخراوەیی و نەتەوەییان دەستەوەستان نەبوونە ، لەگەڵ ئەوەشدا ئاستی سیاسەتی فاشی و ناوەندگەرای ریژێمی بەعسی سوری و هەڵکەوتەی جیۆسیاسی ئەو بەشەی کوردستان ، ئەگەر بەرواردی ئەو بەشە و بەشەکانی دیکەش لەگەڵ باشوری کوردستاندا بکەین ، دەبینین لەپاڵ ئەو رەهەندە ناوکیە- بەئاراستەی دەستکەوتە نەتەوەییەکانی گەلی کورد ، رووداو و هەل و مەرجی دەرفەتخوڵقێنی ئەوتۆ لەبەردەم بزاوتی باشور دێتە کایەوە کە دەتوانین هەر لەسەرەتای دامەزرانی دەوڵەتی عێڕاقەوە ئاماژە بدەین بە نا سەقامگیری سیاسی و ململانێی نێوخۆیی کە بە درێژایی ماوەی رابردوو تاکو هەنوکەش لە ئارادان ، لەگەڵ ئەوەشدا دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی حیزبی بەعس سیاسەتی ئەو ریژێمە بە رێگایەکدا هەنگاوی نا کە رووبەڕووی دژکردەوەکانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بووەوە ، هەربۆیە هاتنە ئارای گۆڕانکارییەکانی ئەو دواییانە و سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی دەبێتە وێستگەیەکی مێژوویی گۆڕانکاری لە پرۆسەی رزگاری نەتەوەیی و تەواوکاری جیۆپۆلەتیکی کورد ، کە قۆناغی ئێستایە.

داعش رەشەبای گۆڕانکارییەکان - ناسەرەوەی قۆناغێکی مێژوویی:

لە دوای هەڵگیرسانی بەهارەی عەرەبی لەساڵی ٢٠١١ و دروستبوونی ناڕەزایەتییەکان لە عێڕاق و سوریا و دوابەدوای ئەوەش کەوتنەوەی گرژی توند تا گەیشتە تەقینەوەیەکی گەورەی ناکۆکی و ململانێکان و دەرکەوتنی رووی راستەقینەی کێشە کەڵەکەبووەکان ، تا دۆخی سیاسی و ئەمنی هەرکام لەو دوو دەوڵەتە بەورەو ئەوپەری خراپی رۆشت ، تاکو لەونێوەندەدا و لەو بۆشاییە سیاسیەی کە لەسەرەتادا و بەتایبەت لە سوریادا هاتە ئاراوە دەرەنجام لەپاڵ گەشە و دامەزرانی ئەو گروپانەی کە بانگەشەی ئۆپزسیۆنبوونیان دەکرد ، بووە هۆی سەرهەڵدان و دامەزرانی جۆرەها گروپی سەربازی و سیاسی ، کە بەشێکی زۆریان و سەرەکیترینیان بریتیبوون لە گروپە عەقیدەییە رادیکاڵەکان ، بەتێپەڕینی رۆژ و ئاڵۆزبوونی بەرە بە بەرەی گێژاوی رەشەباکە ، ئەو گروپانە روو لە پەرەسەندن و گەشەبوون ، تاکو گەیشتە ئەو ساتانەی کە گروپێکی وەک داعش بەرادەیەک بەهێز دەبێ و پشتگیری بەدەست دەهێنێت کە بڕیاری گۆڕینی گروپەکەیان بۆ خەلافەتێکی سەرەتا لە شام و پاشان لە شام و عێڕاق و پاشان بۆ هەموو جیهان دەدەن ، بەوەش ئەو گروپە بەخێرایی و رۆژ بۆ رۆژ رووی لەبەهێزبوونی بەرچاو کرد تاکو پارێزگای رەقە لە سوریا بەتەواوی کۆنتڕۆڵ دەکات ، پاشانیش لەلایەک بەهۆی سیاسەتی نەرێنی حکومەتی عێڕاقی و ئەو کێشەوململانێ سیاسیانەی کە لەنێوان رەوتە سونی و شیعیەکاندا هاتە ئاراوە و لەلایەک بەهۆی ئەو رەوشە نەرێنیە ئەمنیەی ناوچەی ئەنبار و پاشان نەینەوای گرتەوە ، لە شەورۆژێکدا تەواوی نەینەوا کۆنتڕۆڵ دەکرێ و پاشانیش ناوچەکانی ئەنبار و تکریت و سامەڕاو دواتریش ناوچەکانی جەلەولا.هتد.د . کە دەیکردە نزیکەی %٤٠ خاکی عێڕاق ، بەوەش کورد لە باشوری کوردستان خۆی لە سنورێکی ١٠٤٠ کیلۆمەتری لەگەڵ دراوسێیەکی نوێ بەناوی داعشدا بینیەوە ، سەرهەڵدانی داعش بۆ کورد سەباری ئەو مەترسی و تراژیدییا مرۆییانەی کە هەیبووە ، لەگەڵ ئەوەشدا هەلێکی زێڕینی هێنایە کایەوە کاریگەرییەکی گەورەی کردە سەر پرۆسەی رزگاری و پرۆسەی تەواوکاری جیۆپۆلەتیکی کوردستان ، کە دوای ئەوەی سوپای پۆشتەوپەرداخی عێڕاقی بەبێ رووبەڕووبوونەوە لەناوچەیەکی زۆر پاشەکشێی کرد ، لەو نێوەدا سوپای کوردستان ( پێشمەرگە ) بەر لەهاتنی داعش توانی لە ناوچەکانی کەرکوک و شەنگال و خانەقین جێگیر ببێت هەرچەند بەشێک لەوناوچانە سەرەتا کەوتنە بەر داگیرکاری داعش ، بەڵام لە دواییدا ئەو ناوچانە و ناوچەکانی دیکەی کوردستانیش بە درێژایی شاخی حەمرین رزگار بکەن کە تا ئێستا دەگاتە زیاتر لە %٨٥-٩٠ کۆی رووبەری جوگرافی باشوری کوردستان ، هەرچەند مشتومڕی ئەوە دەکرێت کە ئەو پرسە لە رەهەندی یاساییدا پێویستی بە رێکاری پێویست هەیە بەگەڕانەوە بۆ دەستوری عێڕاقی ، بەڵام بە خوێندەنەوەی دۆخی سیاسی عێڕاق و ناوچە لەلایەک و گەڕانەوەش بۆ دەستوری عێڕاقی ئەوا دۆزینەوەی دەلیلێکی مەنتیقی ئەوتۆ لە چارەسەری کێشەکە بە رێکارێکی یاساییانە مەحاڵە ، ئەوەش وا لە کورد دەکات و دەبێتە پێویستی قۆناغی بزاوتی نەتەوەیی لەوبەشەی کوردستان کە بیر لە گۆڕانکاری قەوارەی بەڕێوەبردنی بکاتەوە بەرەو سەربەخۆیی سیاسی و دەوڵەتی نەتەوەیی بڕوات ، ئەم سەرکەوتنەش کاتێک دێتە دی لە ئەگەری سەرکەوتن و پەرەسەندنی بزاوتی نەتەوەیی لەپارچەکانی دیکەی کوردستان بەتایبەتیش کاتێک رۆژئاوای کوردستان دەبێتە دەرچەیەکی خۆماڵی کرانەوە بەرەوڕووی دونیا ، ئەوەش بە وەلانانی ناکۆکیەکان و هەنگاوهەڵێنان بەرەو ئاشتەوایی و تەواوکاری لەگەڵ هێزە سیاسیەکانی ئەو پارچەیەی کوردستان ، کە دەبێتە تەحەدیی بنەڕەتی لە گەشەی جیۆپۆلەتیکی کوردستان لەم قۆناغەدا.

هەرچی سەبارەت بە رۆژئاوای کوردستانیشە ئەوا هەر لەگەڵ دەستپێکردنی ناڕەزاییەتی و خۆپێشاندانەکانی ساڵی ٢٠١١ دا هاوکاتی هاتنە ئارای بەهاری عەرەبی لە وڵاتانی ناوچەکە ، ناوچە کوردنشینەکانی رۆژئاوای کوردستانیشی بە توندی گرتەوە ، کوردیش وەک باقی پێکهاتەکانی سوریا بەشدار بوون ، رۆژ لەدوای رۆژ رژێمی بەعسی سوری لەناوەندی شارەکان دەسەڵاتی کەم دەبۆوە، لەگەڵ کەمبونەوەی دەسەڵاتی ئەسەد و دوای ساڵێک لە دەستپێکی خۆپێشاندانەکان کە لەلایەن پارتە جۆربەجۆرەکانی ئەوبەشەی کوردستان بە پاڵپشتی گەلی کوردی رۆژئاوا ئامادەکاری و پشتگیری بۆ دەکرا ، هێزی کوردی لەلایەن پارتە کوردیەکانەوە بۆ شارەکان پێکهات لەوانەش یەکینەکانی پاراستنی گەل ( یە پە گە) ، دوای ساڵێک و لە دوای کۆنتڕۆڵکردنی چەند هەرێمێکی رۆژئاوای کوردستان لە گرنگترینیان پێکهاتبوون لە کۆبانێ و عامودا و عەفرین لەلایەن هێزە کوردیە جۆربەجۆرەکانەوە ، بەبەشداری کەمینە عەرەب و ئاشوریەکان حکومەتێکی خۆبەڕێوەبەری ئۆتۆنۆمی لە ناوچە کوردنشینەکان لەلایەن پارتی یەکێتی دێموکراتی بەناوی ئیدارەی دیموکراتی ئۆتۆنۆمی ڕۆژئاوای کوردستان راگەیاندرا ، بەم شێوەیە پێ بەپێ ناوچەکانی دیکەی رۆژئاوا لەلایەن هێزە کوردیەکانەوە کۆنتڕۆڵکران لەوانەش سەریکانی و دێرکا و دێربێسی .. ، تا لە دواییدا سەرجەم ناوچە کورد نشینەکان لە هەرێمەکانی جەزیرە و کۆبانێ و عەفرەین کۆنتڕۆڵکران کە دەکاتە زیاتر لە %٩٠ خاکی ئەو بەشەی کوردستان ، لەگەڵ بەهێزبوونی داعش و کۆنتڕۆڵکردنی رەقە لە ساڵی ٢٠١٣دا و پەرەسەندنی زیاتری ئەو گروپە و پەلهاویشتنی بۆ ناوچەکانی دیکە تا گەیشتە شەڕ و کۆنتڕۆڵکردنی چەند ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی هێزە کوردیەکان ، تا دواجار داعش لە ساڵی ٢٠١٤دا تەوقی کۆبانێی دا و بەرە بەرە نزیک بووەوە لە کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی شارەکە ، بەڵام بە هۆی نەبەردی هێزە کوردیەکانی ئەو شارە و بە پاڵپشتی هێزەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان توانیان قارەمانیەتی رزگارکردنی ئەو هەرێمەی کوردستان بە هەموو دونیا رابگەیەنن ، کە بوو بە هێمایەکی گرنگی ناسنامەی خۆڕاگری هێزە کوردیەکان ، بەوەش زۆربەی ناوچە کوردستانیەکان بە پەرەسەندنی زیاترەوە کەوتنەوە بەردەست هێزی کوردی ، کە لە دواتردا پرۆسە سەربازییەکانی یەپەگە دوای پێکهێنانی هێزێکی هاوبەش لەگەڵ چەند گروپێکی دیکەی سەربازی سوری لە ژێر ناوی ( هێزەکانی سوریای دێموکراتیک – هسد ) بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەی دیکەی ژێر دەستی داعش و بەتایبەتیش کە ئێستا لە پرۆسەی کۆنتڕۆڵی رقەی پایتەختی داعشدان دەستپێکرد و لەوانەش کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەی منبج.

پێگەی جیۆستراتیژی کوردستان:

سەرکەوتنی پرۆسەکانی تەواوکاری جیۆپۆلەتیکی بەشە جیاکانی کوردستان کە خۆی دەبینێتەوە لە رزگاری نیشتیمانی ناوچە کوردستانیەکان ، لە ئاستی ناوچەدا بەپێی پێکهاتە سروشتی و مرۆییەکانی لەلایەک و لەلایەکی دیکەشەوە هەڵکەوتەی جوگرافی کوردستان و ، دەربازبوون لەو تەحەدیانەی دێنە ئاراوە سەبارەت بە هەرێمە هەستیار و ستراتیژیەکان کە لە وێنای گرێ کوێرەی جیپۆلەتیکی خۆیان دەردەخەن و لە ئێستاشدا سەرباری سەرکەوتنی مەزنی هێزە کوردیەکان لە دوو بەشی کوردستان لە رزگاری نیشتیمانیدا بەشێکی گەورە لەو تەحەدیانە سەریان هەڵداوە ، لەوانەش تەحەدی رێڕەوی بەستنەوەی کوردستان بەسەر ناوچەیەکی ئاوی کە لەئەنجامی سەرخستنی ئەو رێڕەوەدا پێگەی جیۆستراتیژی نیشتیمانی کوردستان بەشێوەیەکی خەیاڵی لە تەرزی پێگە ناوکیشوەرەیەوە دەگۆڕێ بۆ پێگەیەکی ستراتیژی کراوە ( ترانزێت ) کە هێزی گەورە لەو پێگەیە وەردەگرێ بە بوونی دەروازەی ئاوی بۆسەر دەریای سپی ناوەڕاست و بەسترانەوەی راستەوخۆی ئەو هەرێمە جیۆستراتیژیە بە زۆربەی ناوچەکانی جیهان لە رێگەی ئاوی.

گرنگترین ئەو تەحەدیانە دەتوانین بەم شێوەیە بخەینەڕوو:

هێڵی کۆبانێ - عەفرین


عەفرین و کۆبانێ کە دوو هەرێمی سەرکین لە رۆژئاوای کوردستان ، کۆبانێ کە دەکەوێتە رۆژئاوای هەرێمی جەزیرە و هاوبەندە لەگەڵ ئەو هەرێمە کە لە گرنگترین ناوەندەکانی پیکدێن لە قامیشلۆ و سەرێکانی و حەسەکە و دێرک و عامودێ و درپەسپێ ، هاوکات لەبەشی رۆژئاوای کۆبانێدا ناوچەی جەرابلوس هەیە کە کۆبانێ و عەفرەین بە یەکەوە دەبەستێتەوە ، رووبەری قەزای کۆبانێ پیکدێت لە ٣٠٠٠ کم دوجا ، کە ژمارەی دانیشتوانی قەزاکە بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠٠٦ بریتی بووە لە٤٦٠ هەزار کەس ، بەوەش بە هەرێمێکی سەرەکی رۆژئاوای کوردستان دادەنرێت ، عەفرینیش کە لەپاڵ کۆبانێ و جەزیرەدا یەک لە سێی هەرێمە سەرەکیەکانی رۆژئاوای کوردستان پێکدێنێت و دەکەوێتە بەشی رۆژئاوای ناوچەی جەرابلوس کۆی رووبەری قەزای عەفرین پێکدێت لە ٣٨٥٠ کم دوجا ، کە ژمارەی دانیشتوانی ئەو قەزایە بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠ بریتی بووە لە ٥٢٣ هەزار کەس ، ئەوەی تەحەدیی بەردەم هێزەکانی رۆژئاوایە لە ئێستادا بریتیە لە هاتنە ناوەوەی هێزی سەربازی تورکی بۆ ناوچەی جەرابلوس ئەوەش لە دوای پێشڕەویەکانی سوریای دێموکراتیک بۆ ناوچەی منبج ، کە لە پرۆسەیەکی خێرادا و لەبەرواری ٢٤/٨/٢٠١٦ هێزەکانی تورکیا و سوپای سوریای ئازاد ناوچەی جەرابلوسیان لەژێر دەستی داعش کۆنتڕۆڵکرد دوای کشانەوەی هێزەکانی سوریای دێموکراتی لە گوندەکانی بەشی باشوری جەرابلوس ، هەر بۆیە ئەم پرۆسەیە بوو بە پچرانی هێڵی عەفرین – کۆبانێ بە دروستکردنی ئەو بەربەستە ، پچڕانی ئەو هێڵەش بۆتە هۆی نەمانی پەیوەندی سنوری دوو هەرێمەکەی دیکە لەگەڵ عەفرین ، بەوەش لە ئێستاو و لە ئایندەدا دەبێتە گرفتێکی ستراتیژی لەبەردەم بەڕێوەبردنی ناوچە کوردستانیەکان بە تایبەت لە هەرێمی عەفرین کە پێگەیەکی جوگرافی تەوقدراو و بێ پەیوەندی سنوری لەگەڵ هەرێمەکانی دیکەی رۆژئاوای هەیە.

هێڵی عەفرین – کەناری دەریا:

هەروەک لە پێگەی جیۆستراتیژی کوردستان گرنگی پێگەی ستراتیژی کوردستان سەرنجی خرایەسەر لە لایەنە جۆربەجۆرەکانی ئەرێنی ئەو پێگەیەدا ، ئەوا دەتوانرێت بووترێت کە گرنگترین پرسی پێگەی جیۆستراتیژی کوردستان بریتیە لە رێڕەوی بەسترانەوەی سنوری جوگرافی کوردستان بە کەنارەکانی دەریای سپی ناوەڕاست ، بە دیاریکراویش بەسترانەوەی هەرێمەکانی رۆژئاوای کوردستان بەو ناوچەیە ، کە دەتوانین بەم شێوەیە ئاماژە بۆ گرنگی ئەو ستراتیژە بدەین بەوەی کە ستراتیژی کەوتنەسەر دەریا، سەنگی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و مرۆیی تایبەت بەخۆی هەیە ، بەهۆکاری پەیوەندی و ئاڵوگۆڕی بەردەوامی بازرگانی و مامەڵەکردن و هاتووچۆوە ئەو پێگانە سیمایەکی دیکەی جیاوازی لە پێگە داخراوەکان دەبێت ، بەتایبەت بۆ هەناردە و هێنانی بازرگانی و لەوەش گرنگتر بابەتی وزە کە بڕبڕەی پشتی بواری پیشەسازیە ، کە بەشێکی گەورەی ئەو تەحەدییەش پەیوەندی سەرەکی هەیە بە هێڵی عەفرین –کۆبانێ ئەوەش بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی عەفرین لەلایەک کە هاوسنورە لەگەڵ ناوچەکانی لیوای ئەسکەندەرون لەو پەڕی باشوری رۆژئاوای باکوری کوردستان و ناوچەکانی ئەدلەب و لازقیە لە سوریا کاتێک ئەدلەب کەنارە ئاوییەکانی لازقیە وعەفرین بەیەکەوە دەبەستێتەوە ، لەلایەکی دیکەوە بەهۆی کۆنتڕۆڵی گروپە نا کوردیەکانەوە لەناوچەی ئەدلەب و لازقیە ، ئەوەی ئەو تەحەدییە راست دەکاتەوە بریتیە لە پێشڕەوی هێزە کوردیەکان بەرەو ناوچەی ئەدلەب و گەیشتن بە کەنارە ئاوییەکانی لازقیە و دامەزراندنی دەسەڵاتی ئەو هێزانە لێیان ، بەڵام بەهۆی تەحەدیی پێشوتر کە باسی لێوەکرا لە هێڵی عەفرین – کۆبانێ لەمپەرێکی گەورەیە لە گواستنەوەی هێز و پاڵپشتی هەرێمەکانی جەزیرە و کۆبانێ بۆ هەرێمی عەفرین تاکو لەو رێگەوە پەرەسەندنی هێزە کوردیەکان بەرەو کەناری دەریا بڕوات ، هاتنە ناوەوەی هێزەکانی تورکیا بۆ پارێزگای ئەدلەب لە بەرواری ٦/٥/٢٠١٧ مەترسی بەهێزبوونی هێزی تورکی بەشێوەی راستەوخۆ لەو ناوچەیە هەڕەشەیەکی گەورەیە لەبەردەمی ئەو رێڕەوەدا ، لە ئەگەری پەرەسەندی زیاتری هێزە تورکیەکان لەو ناوچەیە خواستی هێزەکوردیەکان بۆ ئەم هێڵە بە ئەگەری زۆر لەباردەچێت ، ئەوەش مەترسیەکی گەورەیە بۆسەر ئەو رێڕەوە ستراتژیە ، کە ئەوەش دوای ئەو هاوپەیمانیە ٣ قۆڵیە بوو کە لەنێوان ئێران و روسیا و تورکیادا دروستکرا و لە ئەنجامدا و لە بەرواری ٥/٥/٢٠١٧ واتە رۆژێک بەرلە هاتنی هێزە تورکیەکان بۆ ئەدلەب لەسەر دروستکردنی ٤ ناوچەی ئارام لە سوریا رێکەوتن ، کە ئەوەی جێگای هەرەشەیە ناوچە کوردیەکان لەو پرۆژەیەدا باسنەکراون هەرچەند بەڕوونی باسی لەناوبردنی داعش و بەرەی نوسرە کراوە.

هێڵی باشوری کوردستان – رۆژئاوا:

لە راستیدا و لە حاڵەتی ئاساییدا ئیرادەی هێزە سیاسیەکانی دوو بەشی کوردستان هۆکاری یەکلاکەرەوەیە لەسەر دۆخی پەیوەندییەکانی دووبەشی کوردستان کە هەڵکەوتەی جوگرافی باشور و رۆژئاوای کوردستان بەجۆرێکە کە بەشێکی کەمی سنوری پارێزگای دەهۆک لەرێگای دەروازەی سێمێلکا لەگەڵ ناوچەکانی شەنگال و رەبیعە و زوماڕ و شیمال کە بەستراونەوە بە ناوچە سنورییەکانی دێرک و گرکێلک و تلکۆچەر لە رۆژئاوای کوردستان ، بەڵام ئەوەی نا ئاساییە و مەترسی گەورە دەخوڵقێنێت هەڵکەوتەی جیۆئیتنی بەشی زۆری سنوری نێوان رۆژئاوا و باشوری کوردستان و لەپاڵ ئەوەدا هەڵگیرسانی ئاگری ناوخۆیی لەو ناوچانە و قۆستنەوەی ئەو خاڵە نەرێنیە ( نقتە زعف )ەش کە دەرفەت و هەلی زێڕینە بۆ نەیارانی پرسی کورد لەوانەش هەژمونگەرایی شیعی –ئێرانی و وڵاتانی ناوچەیە بۆ پەیداکردنی هەژمون لەو ناوچە فرە ئیتنیانە ، رووداوەکانی ئەو دواییەش لە کۆنتڕڵکردنەوەی شەنگال لەلایەن هێزەکوردیەکانەوە دەستپێدەکەن و کێشەکان لەوێوە گرێ دەگرن کاتێک ململانێی سیاسی شەڕئامێزانەی هێزەکوردیەکان لەسەر ناوچەی شەنگاڵ و دەوروبەری چڕبوونەوە تا گەیشتە کەوتنەوەی شەڕی ناوخۆ ، بەوەش دانیشتوانی ئەو ناوچانە بەهۆی قەیرانەکانی پەیوەست بە هۆشیاری سیاسی و مێژوویی لەلایەک و ئاستبەرزی ململانێی نێوان هێزە کوردیەکان کە جۆرێک لە سەرلێشێواوی لای کۆمەڵگای ئەو ناوچانە دروست کردووە بە ئاسانی دەبنە قەڵغانی هێزە ناوچەییەکان ، لە ئێستادا بەشێکی مەترسیەکان دەرکەوتون وبەشێکی زۆری مەترسیەکانی ئەم تەحەدیە بۆ داهاتوویەکی درێژ لە دۆخی بێ چارەسەریدا ئەگەری دەرکەوتنیان هەیە.

تەحەدی سیاسی:

تەحەدی سیاسی جیۆپۆلەتیکی تەواوکاری کوردستان لەسەر ئاستەکانی ناوخۆیی و دەرەکی لەو قۆناغەدا بریتیە لەو شێوە ململانێیەی کە لە نێوان حیزبە فەرمانڕەواکانی دوو بەشی کوردستاندا هەیە ، کە خۆی لە ئاستێکی بڵندی دژایەتی و یەکترقبوڵنەکردندا بینیوەتەوە ، بۆتە هۆی بەربەست و کۆسپ و کاریگەرترین خاڵی نەرێنی لەبەردەمی پرسە نەتەوایەتیەکەدا ، لە راستیدا هەر ئەو بەربەستە ناوخۆییەش دەبێتە بنچینە و بناغەی لاواز بۆ فاکتەری دەرەکی و نێودەوڵەتی ، کە رەنگدانەوە و کاریگەری نەرێنی بەرچاوی هەبووە ، بەم هۆیە تەحەدی ئاشتەوایی نیشتیمانی و سازانی هێزە سیاسیەکانی کوردستان مەرجی بنەڕەتی و سەرەکیە بۆ بەرەوپێشچوون و سەرکەوتنی پرسەکە ، لەسەر ئاستی دەرەکی و دەرەوەدا تەحەدیاتەکە خۆی دەبینێتەوە لە نەبوونی هاوهەڵوێستی و یەکگرتووی و لەبەرامبەردا بوونی پەرتەوازەیی نوێنەرایەتی و دەنگی نەتەوەیی کورد لە دەوڵەتان و کۆڕ و کۆبونەوە و کۆنفرانسە نێودەوڵەتیەکان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ، کە لە ماوەی رابردوو و ئێستادا بۆتە گرفتێکی گەورەی بەردەم گەشەی پرسی نەتەوایەتی و چەسپاندنی ماف و دەستکەوتەکانی گەلی کورد لە پرۆژە و رێکەوتنەکاندا ، کە بەهۆی ئەو ئاستە ململانێی و دژایەتیەی کە لە نێوخۆدا هەیە ، بەوەش هەر هێزە و هەوڵی نوێنەرایەتی جیا دەدات لە جێگای پێکهێنانی نوێنەرایەتی هاوبەش و یەکگرتوو ، لەوانەش هەروەک لە دیبلۆماسی کورد لە کۆنفرانسەکانی ژنێفی تایبەت بە قەیرانی سوریاو کۆنفرانسەکانی ئەستانە و .هتد.د دا دەبینین کە لەئەنجامی ئەو پەرشوبڵاوی و پەرتەوازییە نوێنەرایەتی کورد بێ سەنگ و قورساییە ، هەروەک لە پرۆژەی هێزە نێودەوڵەتیەکاندا کورد و هێزە سیاسیەکانی بێ سەنگ و قورساین و لە داڕشتنەوەی نەخشەی جیۆسیاسی ناوچەکە کاڵتر لە پێویست کورد و دۆزەکەی دەبینن ، لەگەڵ ئەوەشدا کورد لە دووبەشی کوردستان کاریگەرترین هێزی سەربازی دژی داعش بووە و بە کردەوە فەرمانڕەوای رووبەرێکی بەرفراوانی خاکی عێڕاق و سوریان ، هاوهەڵوێستی و بەشداری هەمەلایەنی پارتەکانی باشور بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم و یەکگرتووییان لەبەرامبەر بەغداد تەحەدی سیاسی باشوری کوردستان لە ئاستی ناوچەیی پێکدەهێنێت ، کاتێک دۆخی پەرتەوازەیی قورسایی هێزی کوردی کەم دەکاتەوە راستەوخۆ دەبێتە مەرجی کەمبوونەوەی ئەو قورساییە بەرامبەر بە هێزە ناوچییەکانیش لە دۆخی پێچەوانەشدا بەهەمان شێوە کاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر هەڵوێستی هێزە ناوچەییەکان ، هەرچەند لەپاڵ تەحەدی سیاسی باشوری کوردستان شکاندنی تەحەدی سیاسی لە رەهەندە باشور-رۆژئاواییەکەیدا فشار لەسەر تاران و ئەنقەرە و چڕکردنەوەی خەباتی رامیاری نەتەوەیی رۆژهەڵات - باکور فاکتەری ستراتیژیە بە ئاراستەی ئەرێنی پرسەکە.

دۆمینۆی چارەسەری:

دۆخی سیاسی > هێڵی باشور-رۆژئاوا > هێڵی کۆبانێ-عەفرین > هێڵی عەفرین –کەناری دەریا


بەخوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی تەحەدیەکانی بەردەم قۆناغی ئێستای تەواوکاری جیۆپۆلەتیکی کوردستان لە دووبەشی کوردستان دەردەکەوێت کە تەحەدیەکان خۆیان دەبیننەوە لە کۆمەڵێک تەحەدی پەیوەست بەیەک و یەک بەدوای یەک هاتوو ، بەجۆرێک چارەسەری تەحەدییەک دەبێتە کرانەوەی گرێ کوێرەی ئەوی تریان ، بەتایبەتیش پەیوەندی نێوان دۆخی سیاسی و هێڵەکان بە دوای یەکدا ، کە دەبینین پێشینەی بەڕوشاخانەکان بریتیە لە بەڕوشاخانی سیاسی کە خۆی دەبینێتەوە لە ململانێی توند ویەکترقبوڵنەکردنی نێوان هێزە کوردیەکان ، لە کەمترین دۆخدا دەبینین پەیوەندی نێوان هێزە کوردیەکان لەمپەرە لەبەردەم رۆیشتنەوەی نزیکەی ٦ پێشمەرگەی رۆژئاوا کە لە باشوری کوردستان مەشقیان پێکراوە ، پرسی شەنگال و دەوروبەری کە ئێستا بۆتە جێگای ململانیی توندی هێزەکان لە دۆخی چارەسەری تەحەدی سیاسی کێشەکانی زووتر و بە ڕێگای ئاشتی و برایانە یەکلایی دەکرێنەوە ، لە ئەگەر چارەسەری بەروشاخانی سیاسی و هێڵی باشور-رۆژئاوا کارئاسانی زۆر دەکات تاکو لەلایەک بەهۆی پاڵپشتی هێزەکانی باشور راستەخۆ لە رێگای هێڵەکەوە بۆ هەرێمەکانی جەزیرە و کۆبانێ رێڕەوبکەن لە زیادکردنی توانای سەربازی هێزەکانی رۆژئاوا بۆ سەرکەوتنی زیاتر لەکۆنتڕۆڵی ناوچەکانی کۆبانێ و عەفرین ، لە لایەکی دیکەوە خودی ئەو چارەسەرە سیاسیە کار ئاسانی دەکات تاکو لە رێگای زیادبوونی سەنگی کورد و چاوخشاندنەوەیەک بە پەیوەندیە ناوچەییەکان بەهێزتر فشار بخرێتە سەر تورکیا و لەرێگای دبلۆماسی و ئاشتیەوە کارئاسانی بۆ ڕێڕەوی کۆبانێ و عەفرین بکات کە لەو دۆخەدا پێویستی بە هەوڵێکی گەورەی سیاسی ناوخۆیی دەکات کە لەکەمترین حاڵەتدا پێویستی بە پێشکەشکردنی چارەسەرێکی بنبڕانەی پرسی کورد و پەکەکە دەکات لە باکوری کوردستان کە ئەوەش دۆخەکە قورستر دەکات ، لەو هەل و مەرجەدا رێگا ئاسانتر دەبێت لە گەیشتنی هێزەکوردیەکان بە کەنارەکانی دەریای ناوەڕاست.

ئەنجامگیری:

داینامیکی بوونی پرسەکە دەلالەت دەکات لە جێگیرنەبوون و نادیاربوونی بەرچاو لە ئایندەی نزیکی تەواوکاری جیۆپۆلەتیکی کوردستان ، کە سەرباری کۆنتڕۆڵکردنەوەی بەشی زۆری ناوچە کوردستانیەکانی دووبەشی کوردستان ، لێرەدا دەتوانین دوو فۆڕمی بەڕووشاخان ( تەحەدی )ی پەیوەست بە پرسی بەئەنجام گەیشتنی خەون یان ستراتیژ و گەشەی جیۆپۆلەتیکی کوردی لێک جیابکەینەوە کە بریتین لە یەکەم ململانێ و شەڕی سەربازی بە کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچە کوردستانیەکان و دووەم کە هێزی بەرچاو لەوەی تریناوە وەردەگرێت وەکو مەرج و حەتمیەتێکی پێشینە ، بریتیە لە بینینی رۆڵێکی سیاسیانەی ئەوتۆ کە تەواوکەر و رێگە خۆشکەری پرۆژەکە بێت ، خەون و ستراتیژ و واقع ؟؟ ، خاڵێکی گرنگی پەیوەست بەو بابەتە بریتیە لە جیاکاریکردن لەنێوان هەریەکە لەو ٣ چەمکەی هاتوو ، کە خەونی لەمێژینە و مێژوویانە و تێڕوانینی کورد چیە و سترایژی هێزە سیاسیەکان لە چی ئاستێکی پێویستیدایە وە تاچەند سیاسەتێکی سەرکەوتوو و راستەقینەیان لەو لایەنەوە گێڕاوە ، هەروەها بارودۆخی سیاسی ناوچەکە و گەمەی هێزە ناوچەیی و سەرووناوچەییەکان تا چەند دەرفەت و زەرفیەت تەریب بەو خەون و ستراتیژە دەگێڕێت بە جیاوازی کردن لەنێوان دۆخەکانی ( راکێشانی بەرژەوەندی و خۆگونجاندن لەگەڵ هاوکێشەکان ، قۆستنەوەی زیاتر و کەڵک وەرگرتن لە دەرفەت و بەرهەمهێنانی دەرفەتی تر ، خوڵقانی دەرفەتی کۆمەگکاری تاک ئاراستە ) ، ئەگەر هێزە کوردیەکانی رۆژئاوا و باشوری کوردستان بە نمونە وەبگرین ، بەو رۆڵە سەربازیییەی ئەو دواییەی دژی داعش بینیان ، دەبینین کورد سەرکەوتنی مەزنی لە هەریەکێک لەو دۆخانە دروستکردووە کە تەواوکەری یەکترین ، راکێشانی بەرژەوەندی هێزە سەرووناوچییەکان بە گێڕانی رۆڵی سەرزەمینی کارا لەو جەنگە و کەڵک وەرگرتن لە دەرفەتەکان بە گەشەی حکومداری هێزی کوردی بۆ زۆرینەی ناوچە کوردستانیەکان بە خوێندنەوەی ئەو تەحەدیانەش کە لە ئەگەری سەرکەوتن بەسەریاندا پێگەی جیۆستراتیژی کوردستان لە ئایندەی نزیک بەرەو پێگەیەکی نمونەیی دەبات ، دۆخی کۆمەگکاری تاک ئاراستە پشتگیری هێزە نێودەوڵەتیکانە بۆ هێزە کوردیەکان بەتایبەتیش ئەمریکا کە بە هاوپەیمانی لەگەڵ هێزە سەربازیە کوردیەکان لە ئێستادا شەڕی بنبڕی داعش دەکات ، لەئەگەری سەرنەکەوتنی کورد بەسەر تەحەدیەکان و دروستبوونی دۆخێکی نالەبارتر و بەهێزبوونی هەژمونگەرایی وڵاتانی ناوچە لەنێو هەرێمە کوردیەکان ئایا لە کۆمەگەکانیان تاک ئاراستە بەردەوام دەبن هەروەک چۆن لەشەڕی لەناوبردنی داعشدا ئەنجامی دەدەن.

لە قۆناغی هەنوکە کە شەڕی داعشە و بەرەبەرە قۆناغەکە لەگەڵ کۆتایی هاتنی شەڕەکە کۆتایی پێدێت ، پرسی تەواوکاری جیۆپۆلەتیکی کوردستان گەشەی گەورەی لە دوو پارچەی باشور و رۆژئاوای کوردستانی بەدەستهێناوە و کۆمەڵێک تەحەدی ستراتیژی و سیاسی بوونەتە لەمپەر لەبەردەم گەشەیەکی نمونەیی کە هەروەک باسیان لێوەکرا.

لەژێر رۆشنایی ئەوەی باسکرا پێویستە بووترێت کە ساناهی و لۆژیکترین رێگا لەبەردەمی هێزە کوردیەکان بۆ بڕینی سەرجەمی ئەو تەحەدیانەی کە باسیان لێوەکرا و جێبەجێبوونی هەرچی زووی خەون و پرۆژەی کوردی لە تەواوکاری جیۆپۆلەتیکی کوردستان ، بریتییە لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندی نێوان هێزە کوردیەکان لە دوو پارچەی کوردستان وەکو فاکتەری سیاسی ناوخۆیی بوونیادی ، بەدەر لە سەرکەوتن بەسەر ئەو بەرووشاخانە بوونیادیەدا کاتی زۆر و ریسکی لە رادەبەدەری گەلی کوردی لێ دەکەوێتەوە ، هەرچەندە دەرفەتی کۆمەگکاری تاک ئاراستەش بەردەوامبێت ، لەئەگەری سەرکەوتنی باشور و رۆژئاوای کوردستان کە قوڵایی ستراتیژی ئەو دوو پارچەیە بریتین لە رۆژهەڵات و باکوری کوردستان سەرباری تەواوکاری جیۆپۆلەتیکی کوردستانی گەورە ، کورد دەبێتە یاریکەرێکی ناوچەیی بەهێز و خاوەن پێگەی ستراتیژی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.