کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەرەقەبازی، بیانوویەک بۆ داپڵۆسین

17:42 - 21 جۆزەردان 2717

کەریم پەرویزی

لە هێرشەکانی ڕۆژی چوارشەممە لە تاران کە بەپێی زانیارییەکانی دەزگا هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم ١٧ کوژراو و نزیک بە پەنجا برینداری لێ کەوتەوە، ئەوەی کە بە بەرچاوی هەموو دونیاوە ڕوون و ئاشکرا بوو و جیهان بینەری دەرکەوتنی دیوی ڕاستەقیەنەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بوون، ئەمانە بوون:

- ساڵانێکە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی سەرچاوەی سەرەکیی ئاژاوە و گێرەشێوێنی لە ناوچەکە و پشتیوانی تیرۆریزمی نێونەتەوەیی، ڕێککەوتنی ژێربەژێری لەگەڵ ئەو گرووپە تیرۆریستیانە هەیە کە سەر بە ڕەوتی سەلەفیی جیهادیین. سەیر لەوەدایە کە ڕێژیمێکی ویلایەتی فەقیهی لەگەڵ گرووپە توندئاژۆکانی نێو ڕەوی سەلەفیی جیهادی ڕێککەوتنی هەیە کە ئەو گرووپانە بوونی خۆیان لە دژایەتیی بیرۆکەی وەکوو کۆماری ئیسلامیدا پێناسە دەکەن!

بەڵام لە ڕووداوێکی وەکوو ئەوەی ڕۆژی ١٧ی جۆزەردان لە تاران، دەرکەوت کە تیرۆریزمی پەرەپێدراو لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە ئێخەی خۆشی دەگرێتەوە و گرووپێکی هاوپەیمانی خۆی لە نێو دڵی پێتەختەکە و لە مەجلسی ڕێژیم و لە سەر قەبری دامەزرێنەرەکەی دەردەکەون!

پێکداهەڵپژانی تیرۆریزمی کۆماری ئیسلامی و سوپای پاسداران لەگەڵ سلەفیی جیهادی و داعشدا، نیشانەی لەسەر حەقبوونی لایەنێکیان نیە، بەڵکوو نیشانەی تێکچوونی بەرژەوەندییە کاتیەکانیانە، ڕەنگە دووبارە بە ڕێککەوتنەکانیاندا بچنەوە و دوو دێوەزمە سەرلەنوێ بە ڕێککەوتنێک پاڵپشتی یەک ببنەوە.

- سوپای پاسداران و دەزگای ئیتلاعاتی و سەرکوتکارەکانی دیکەی ڕێژیم فڕوفیشاڵی زۆریان دەکرد و گوایە ئەمنیەتی حرم لە عێراق و سووریە دەپارێزن! وایان دەنواند کە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی ئاگرباراندا تەنیا ئەوانن کە ئەمنیەتی ئێرانیان پاراستوە و ئەمنیەتی شوێنە شیعەنشینەکانی دیکە لە دەوروبەر دابین دەکەنەوە!

بەڵام ئەوەیان دەشاردەوە کە لەگەڵ تاڵیبان و ئەلقاعیدە و داعش و ... ڕێککەوتوون کە یارمەتیدەریان دەبن، بەڵام بەو مەرجەی کە لە نێو ئێران و لە نێو بارەگا تایبەتەکانی وڵاتانی دیکە کە ڕێژیم پێیان دەڵێ، کاری عەمەلیاتی نەکەن!

لە ڕووداوێکی وەکوو هێرش بۆ سەر مەجلیس و قەبری خومەینیدا دەرکەوت کە هەموو دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی ڕێژیم تەنیا بۆ سەرکوت و ئەشکەنجەی خەڵکی ئاسایی و وێبلاگنووس و خوێندکار و ژنانی بد حجاب دەستی بوەشێنیان هەیە و ئەمنیەتە درۆینەکەیان بە نووکە دەرزییەک دەتەقێتەوە و پێنج چەکداری داعشی پێتەختەکەیان و سەرتاسەری ئێرانیان لێ نائەمن کردن و لە ئاستی هەموو ئێراندا ئامادەباشییان ڕاگەیاند.

- خامنەیی ڕێبەری ڕێژیم کە لە ترسی تەقەی ئەو گرووپە بچکۆلەیە زەندەقی چووبوو و نەیدەزانی چی بڵێ، هەرچەند دەیگوت کە ئەوە تەرەقەبازیە! بەڵام فەرمانی ئامادەباشی بە هەموو هێزەکان ڕێژیم دا و بەوەشەوە نەوەستا و بە هەموو گۆپاڵ بەدەستەکانی ئەمر کرد کە خۆیان بە لێکدانەوەی خۆیان ئیقدام بکەن!

لە وەها دۆخێکدا کە ڕێژیم تووشی سەرسووڕمان بووە کە ئەمنیەتە درۆینەکەی لێ ڕووخاوە و داعشی هاوپەیمانی ڕەنگە زیادەڕەوی کردبێ لە قەرار و ڕێکەوتنە پێشوەختەکە!، دەستیان داوەتە سەرکوت و هەڕەشە و داپڵۆسین لە ئاستی سەرتاسەریدا و لە چەندی شوێنی ئێران خەڵکیان گرتوە و هێزە ئەمنیەتەکانیان ڕژاونەتە سەر شەقامەکان بۆ چاوترسێن کردنی ناڕازییان.

بەڵام لە هەمووی گرنگتر، سیاسەتی چەپەڵی ڕێژیم بەنیسبەت کوردستانەوەیە کە بە بیانووی هێرشەکەی سەر مەجلیس و قەبری خومەینیەوە، دەیەوێ کوردستان و کورد و بزووتنەوەی کورد بە تیرۆریست بناسێنێ و وا نیشان بدا کە کوردستان سەرچاوە و مۆڵگەی تیرۆریزمە!

ئەمە لەکاتێکدایە کە گرووپە توندئاژۆیە ئیسلامیەکان لە کوردستان بە ئاگاداری و بە بەرچاوی دەزگا ئیتلاعاتیەکانی ڕێژیمەوە پەرەیان سەندووە و تەنانەت لەلایەن دەزگاکانی ڕێژیمەوە ڕێگەیان بۆ خۆش کراوە کە گەشەبکەن و لاوی کورد بەلاڕێدا ببەن و بیانبەن بۆ ئەفغانستان و عێراق و سووریە و ... و لەوێدا خۆیان بتەقێننەوە.

ڕێژیمی ئیسلامی لەو کردەوەیەی هەم کەڵکی ئەوەی وەردەگرت کە لاوانی کورد لە پرسی نەتەوەییی دوور بخاتەوە و هەم گرووپی توندئاژۆی ئیسلامی بەهێز ببن تاکوو پێش بە بیری نەتەوەییی دێموکراتیک لە کوردستان بگرن و هەم سووتەمەنیی ئاژاوەگێڕی و تەقینەوەکانی لە وڵاتانی دەوروبەر دابین بکا.

ئێستە کە پریشکی ئاگری توندئاژۆیی بەرۆکی خودی ڕێژیمی گرتۆتەوە، ناتوانێ پاکانە بۆخۆی بکا و کوردستانی پێ تاوانبار بکا.

بزووتنەوەی نەتەوەیی دێموکراتیکی کوردستان و کورد دژی ئیدئۆلۆژیی ویلایەتی فەقیهی و دژی بیرۆکەی توندئاژۆیی سەلەفیی جیهادیی وەکوو ئەلقاعیدە و داعشە و ویلایەتی فەقیه و داعش وەکوو دوو دیوی یەک بیرۆکەی دژە مرۆیی دەناسێ.

ڕابردووی کۆماری ئیسلامی نیشانی داوە کە لەهەموو ڕووداو و پێشهاتەکاندا سیاسەتە نگریسەکانی خۆی بردۆتە پێش و لە گوتاری جیهانی و ناوچەیی دژەتیرۆریزم بۆ سەرکوتی دەنگە ناڕازی و ئازادیخوازەکان کەڵکی وەرگرتووە.

لە ڕابردووشدا تۆمەتی ناڕەوای زۆری لە بزووتنەوەی کورد داوە تاکوو بەسراوە بە بیانی، دەسکردی ئیمپریالیزم و سیخوری سەهیۆنیزم و ... لەم دواییانەشدا هاندراوی عەرەبستان و ئیسراییل بیناسێنێ. بەڵام بزووتنەوەی ڕەوای نەتەوەییی و دێموکراتیکی کورد دوور بووە لەو تۆمەتانە و مێژوو نیشانی داوە کە بزووتنەوەیەکی ڕەوا و ئینسانی بووە و هەیە و ئەوە کۆماری ئیسلامییە کە هەم سەرچاوە و هەم پاڵپشتی تیرۆریزمی نێونەتەوەییە و لە کورد و حیزبی دێموکرات لە ڕیزی پیشەوەی قوربانیدان لەپێناوی ئازادی و دژایەتیی تیرۆریزم دا بوون و سەردەمانێک کە حیزبی دێموکرات و ڕێبەرانی تیرۆریزم و کردەوەی تیرۆریستییان مەحکووم دەکرد، کۆماری ئیسلامی شانە تیرۆریستییەکانی لە ئورووپا و لوبنان و دواتر لە عێراق و سووریە پەرە پێ‌دەدا.

ئەوەی گرنگە لە کۆتاییدا باسی بکەین ئەوەیە کە هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ شاردنەوەی کارنامە تیرۆریستیەکەی و بەدناوکردنی کوردستان و بزووتنەوەی نەتەوەیی دێموکراتیکی کورد، پەلەقاژەیەکی ناسەرکەوتووە کە دادی ڕێژیم نادا و کۆماری ئیسلامی ئەوەندە لە ئاژاوە و زەلکاوی ناوچەدا ڕۆچووە کە ناتوانێ بە هەڕەشە وگوڕەشە و ئادرەسی هەڵەدان، خۆی لەو گێژاوەی دەسکردی خۆی دەرباز بکا. بزووتنەوەی ڕەوای کوردستان و ئازادیخوازانی کورد هیچ پێویستیان بە پاکانە کردن و هۆکار هۆنینەوە بۆ ئەوەی خۆیان لە تۆمەتەکانی کۆماری ئیسلامی دوور بگرن و خۆیان خاوێن نیشان بدەن نیە. بەڵکوو ئەوە کارنامە و ڕابردووی خاوێنی مرۆیی ئەم بزووتنەوەیە کە بە بەرچاوی جیهانەوە بە بزووتنەوەییەکی ئازادیخواز و مافخواز ناسراوە و ئەوەی کۆماری ئیسلامیشە کە سەرچاوەی تیرۆریزم و ئاژاوە لە ناوچە ناو دەبرێ.

بزووتنەوەی کورد لە جێگای متهم دانەنیشتوە و کۆماری ئیسلامی قازی بێ، بەڵکوو بزووتنەوەی کوردستان خەبات بۆ مافی دەکا و ویلایەتی فەقیهیش هاوپەیمانی داعشە بۆ مانەوەی و ماری دووسەری تیرۆریزم لە ناوچەدا تاوانباری سەرەکیە. شەڕی دژە تیرۆریزم، تەنیا ئەو کاتە سەرکەوتوو دەبێ کە هەم کۆماری ئیسلامی و هەم ڕەوتی سەلەفی جیهادی، وەکوو دوانەی ئاشقە و ماشقە، سەرکوت بکرێن و سەری دوو مارەکە پێکەوە پان بکرێنەوە.