کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حوکمی نامرۆڤانەی ٥ جار ئێعدام بۆ ٢ هاووڵاتی برایەوە

17:22 - 23 جۆزەردان 2717

کوردستان میدیا: دەزگای بەناو دادوەری ڕێژیم حوکمی ناڕەوا و دژەمرۆیی ٥ جار ئێعدامی بەسەر ٢ هاووڵاتی خەڵکی ڕوودباری باشوور سەر بە پارێزگای کرمان بڕییەوە.

تا ئێستا شوناسی ئەم کەسانە و تۆمەتی وەپاڵ دراویان ئاشکرا نەبووە بەڵام هەندێک لە هەواڵدەرییەکان باسیان لەوە کردووە کە تۆمەتی ئەم کەسانە دزی بووە؛ هەروەها دۆزگری ڕوودبار لە بڕیارێکی دژەمرۆیی دیکەدا ٢ لاوی ئەم شارەی بەتۆمەتی دزینی مۆبایل بە زیندان و دوورخستنەوە بۆ سیستان و لێدانی ١٩٨ زەربە قامچی مەحکوم کردووە.

ئەم حوکمە جینایەتکارانە لە کاتێکدا دەردەکرێن کە ئاغازادەکانی سەر بە ڕێژیم بە پشتیوانی سیاسەتمەدارەکانی ڕێژیم و ناوەندە ئەمنیەتی و سەربازییەکان بەردەوامن لە تاڵان کردن و دزینی سامان و سەرچاوەکانی داهاتی وڵات.

بۆ وێنە پاسدار مەسعود مێهردادی کە یەکێکە لە فەرماندەکانی سپای پاسداران و ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەریی بونیادی تعاونی سپایە، ماوەیەک پیش ئێستا بە تۆمەتی ئیختلاسی ١٣ هەزار میلیارد تمەن دەستبەسەر کرا کە پاش ماوەیەکی کورت بە دانانی وەسیقەی کاتی ئازاد کرا و هەنووکە بە ئازادی دەسووڕێتەوە.