کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێموکرات لە ئێوارە خوانی سەفیری ئیسرائیل لە ئامریکا بەشداری کرد

23:02 - 24 جۆزەردان 2717

کوردستان میدیا: ئارش ساڵح نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا لەسەر بانگهێشتی فەرمی سەفیری ئیسرائیل له ئێوارە خوانێکدا کە لە لایەن سەفیری ئەو وڵاتەوە ئامادە کرابووە، بەشداری کرد.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی جۆزەردانی ١٣٩٦ی هەتاوی، ئارش ساڵح نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا لەسەر بانگهێشتی فەرمی ڕۆن دۆرمێر سەفیری ئیسرائیل لەو وڵاتە لە ئێوارەخوانێکدا کە لە ماڵی سەفیری ئیسرائیل لە شاری واشینگتۆن بەڕێوە چوو بەشداری کرد.

ڕۆن دۆرمێر سەفیری ئیسرائیل لە ئامریکا ئێوارە خوانێکی بە بۆنەی مانگی ڕەمەزان تایبەتبە دیپلۆماتەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە لە شاری واشینگتۆن نیشتەجێن بەڕێوە برد کە نوێنەرایەتی حیزبی دێموکرات لە ئامریکا بە فەرمی بانگهێشتی ئەو ئێوارە خوانە کرابوو.

لەو ئێوارە خوانەدا وێڕای دیپلۆماتەکانی هەندێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەروەها چەند کاربەدەستی ئامریکایی، نوێنەری کۆشکی سپی و کەسایەتی بەرچاوی ئاکادیمیک و ژۆرنالسیت بەشداریان کردبوو.

لە میانەی ئەو ئێوارە خوانەدا نوێنەری حیزبی دێموکرات توانی کە لە نزیکەوە لەگەڵ نوێنەری کۆشکی سپی و چەندین ژۆرنالیست لە چەند وتووێژی دووقۆڵی باسی ڕاسان و بەرگری هێزی پێشمەرگە لە بەرامبەر سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرام بێنێتە ئاراوە.

سەفیری ئیسرائیل هە رساڵ ئەو ئێوارە خوانە لە شاری واشینگتۆن و لە ماڵی خۆی بەڕێوە دەبات کە ئەمساڵیش نوێنەری حیزب بە شێوەی فەرمی بانگهێشت کرابوو.