کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکی تەبلیغی لە شارەکانی کوردستان بۆ پشتیوانی لە ڕاسان بەڕێوەچوو

18:45 - 29 بانەمەڕ 2717

کوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە چەندین شاری کوردستان پشتیوانی خۆیان لە ڕاسان و بایکۆتی شانۆگەری هەڵبژاردن دەربڕی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ژمارەیەک لە ئەندامان و لایەنگەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە سەروبەندی بەناو هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری و شووڕای شارو دێ، لە شاری پاوە و گوندی دووریسان چالاکی تەبلیغاتیان بۆ پشتیوانی کردن لە ڕاسان و بایکوتی هەڵبژاردنەکانەوە بەڕێوە برد.

تێکۆشەرانی دێموکرات لە شاری پاوە بە مەبەستی پشتیوانی لە ڕاسان و بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی ئێران، لەو شارە دەستیان کرد بە چالاکی تەبلیغی و بە نووسینی دروشم لە سەر دیوار و کۆڵانەکانی ئەو شارە جارێکی دیکە وەفاداری خۆیان بۆ ڕێبازی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەربڕی.

لەلایەکی دیکەشەوە تێکۆشەرانی دێموکرات لە شاری شنۆ و لە گوندەکانی خالتاوه، قوروشاوه، نرزێوه و پرداوه چالاکی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد و پەیمانی وەفادارییان لەگەڵ ڕێبازی شەهیدانی کوردستان نوێ کردەوە.

بەپێی هەواڵەکان ڕێبوارانی ریبازی شەهیدان لە گوندەکانی خەلیفان، دشت قوره، کانی بداغ، کانی مه‌لا، پەسوێ، گەرگولی سه‌رێ و خوارێ و هەروەها لە گوندی وه زنێی نەغەدە چالاکی بەرینی تەبلیغییان بەرێوە برد.

هەرەها ژمارەیەک لە لاوانی دەروەستی شاری سنە چەند ڕۆژ پێش ئێستا پشتیوانی خۆیان لە بایکوتی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری و شوورای شار ودێ لە گرتە ویدیۆیەکدا دەڕبڕی.