کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم چەک و چۆڵی نوێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزی پیشمەرگە ڕەوانەی کوردستان دەکات

18:44 - 26 جۆزەردان 2717

کوردستان میدیا: پیلانی پڕچەکتر کردنی هێزە دژی گەلییەکانی رێژیم لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بەردەوامە و لەم راستایەشدا چەند ڕۆژ پیش کاروانێکی دیکەی چەک و چۆڵ ڕەوانەی شنۆ و نەغەدە کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی لە درێژەی پیلانی میلیتاریزەکردنی زیاتری شارەکانی کوردستان و پڕچەک کردنی زیاتری بنکە و بارەگا پڕ شورەییەکانیان چەند کاروان چەک و چۆڵ و تەقەمەنییان ڕەوانەی شارەکانی شنۆ و نەغەدە کردووە.

ئەم هەوڵە نەزۆکەی ڕێژیم لە کاتێکدا دێتە ئاراوە کە لە چەند مانگی ڕابردوودا چەندین کاروان تەقەمەنی لە پاریزگا ناوەندییەکانی ئێرانەوە ڕەوانەی شارەکانی کوردستان کراوە و هەروەها لە بەشێکی بەرچاو لە گوندە سنوورییەکانی کوردستاندا بنکە و پایەگای نیزامی نوێیان کردۆتەوە؛ جگە لەمەش هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران داوای هاوکارییان لە هاووڵاتییان لەمەڕ راپۆرت دانی هەر چەشنە جموجۆڵێکی گوماناوی و حوزوری هێزی پیشمەرگە دەکەن کە ئەم داوایە لەلایەن خەڵکەوە وەڵام نەدراوەتەوە.

لەلایەکی تریشەوە ڕێژیم لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بۆ هەرچی زیاتر میلیتاریزە کردنی شارەکانی کوردستان و سازکردنی جەوی پۆلیسی و خەفەقان بە هێرش کردنە سەر ماڵی هاووڵاتییان کۆمەڵێک کەسیان بەتۆمەتی تێرۆریست بوون دەستبەسەر کردووە.

چاودێرانی سیاسی پێیان وایە هەموو ئەم هەوڵانەی رێژیم لە ترسی سەرانی کۆماری ئیسلامی لە دەسپیکی قۆناغی نوێی ڕاسان و کاریگەرییەکانی سەرچاوە دەگرێت.