کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی کردنەوەی باخچەی منداڵانی\"پەپوولە\" لە ئازادی بەڕێوە چوو

19:42 - 26 جۆزەردان 2717

کوردستان میدیا: لە ڕێوڕەسمێکی بە شکۆدا، باخچەی منداڵانیپەپوولە لە کەمپی ئازادی بە بەشداری نوێنەرانی ڕێکخراوی ئەی ڤی سی ئینتێرنەشناڵ و ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات و بنەماڵەکان ئەو کەمپە کرایەوە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا ڕایگەیاند، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٥ی جۆزەردانی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە ڕێوڕەسمێکدا باخچەی منداڵانی پەپوولە لە کەمپی ئازادیی حیزبی دێموکرات بە بەشداری نوێنەرانی ڕێکخراوی ئەی ڤی سی ئینتێرنەشناڵ و ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات و بنەماڵەکانی ئەو کەمپە بۆ منداڵان کرایەوە.

لە سەرەتای ئەو ڕێوڕەسمەدا، هاوژین حوسێنی، کچی کاک بارزان حوسێنی پەردەی لە سەر تابلۆی ئەو باخچەیە لادا.

دواتر خاتوو سراینا نوێش بە نوێنەرایەتیی ڕێکخراوی ئەی ڤی سی ئینتێرنەشناڵ پەیامێکی پێشکەش کرد.

خاتوو نوێش سەرەتا پیرۆزبایی لە هەموو منداڵان و بنەماڵەکانی ئەو کەمپە کرد و هەرەوها باسی لەوە کرد کە ئێمە وەک ئەرکێک بەرانبەر بە منداڵان ئەم کارەمان ئەنجام داوە بۆ ئەوەیکە ژیانی خۆش بۆیان دابین بکەین.

نوێش لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی هەموو بنەماڵە و ئەو کەسانە کرد کە ماندوونەناسانە لەو ماوەیەدا خۆبەخشانە کاریان کردووە.

ناوبراو هەروها باسی لەوە کرد کە ژیانی خۆش و دابینکردنی شادی بۆ منداڵان جێگای شانازیی ئێمەیە و ئێمە بەردەوام دەبین لە ئەنجامدانی ئەم کارە پیرۆزە.

لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمەدا، بۆ سپاس و پێزانین لە هەوڵ و تێکۆشانی ئەو کەسانەی کە خۆبەخشانە کاریان لە بەڕێوەبردنی ئەم پڕۆژەیەدا کردبوو، دیارییەک لە لایەن ئەو ڕێکخراوە پێشکەش بە سەلیم زەنجیری، فەریدوون عەزیمی، تاهیر پیرە ئۆمەرانی و خالید دەرویژە کرا.

دواتر حەسەن شەرەفی جیگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

شەرەفی لە قسەکانیدا وێڕای سپاس و پێزانین لەو ڕێکخراوەیە بۆ ئەنجامدانی ئەو پرۆژەیە و شوێنێکی یاری بۆ منداڵان هیوای خواست کە هەر دەم ئەرکی خۆیان بەرانبەر بە منداڵان وەک نەوەی داهاتوو بە دروستی بەجێ بگەێنن و بەردەوام بن لە بەڕێوەبردنی پڕۆژەی لەم چەشنە.

جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سپاسی هەموو ئەو کەسانەی کرد کە به هەوڵ و تێکۆشانی خۆیان لە هاوکاریی خۆیان بۆ ئەنجامدانی ئەو پڕۆژەیە دەریغیان نەکردووە.

لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمەدا لە لایەن مەلا ئەحمەد ڕەحیمی بەرپرسی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەوحێکی ڕێزلێنان پێشکەش بە ڕێکخراوی ئەی ڤی سی ئینتێرنەشناڵ کرا.

دواتر ئەو پاڕکە لە لایەن حەسەن شەرەفی و سراینا نوێش بە فەرمی کرایەوە.

لەو ڕێوڕەسمەدا چەندین گۆرانی بە زمانی ئینگلیسی لە لایەن تابێیا شۆپاخ پێشکەش بە بەشداربووان کرا.