کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داهێنانەکان بۆ شێوازی خەوتن لە ئێراندا بەردەوامن

16:51 - 27 جۆزەردان 2717

کوردستان میدیا: بەهۆی گوێنەدانی لێپرسراوانی کۆماری ئیسلامی بە هەژاری و بێدەرەتانییەکانی خەڵکی لێقەوماو لەمەڕ نەبوونی سەرپەنا و شوێنی حەوانەوە و خەوتن، ئەم چینەی کۆمەڵگای ئێران هەر جارە شوێنێک و شێوازێک بۆ خەوتنی خۆیان دەدۆزنەوە.

ماوەی چەند ڕۆژێکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چەند وێنەیەکی هەژێنەر بڵاو دەکرێتەوە کە ئەوپەڕی دۆشداماوی خەڵکی بێدەرەتانی ئێران و لە هەمان کاتیشدا ئەوپەڕی لەپەراوێزخرانیان لەلایەن حکومەتەوە پیشان دەدات؛ بەپێی ئەم وێنانە چەند کەسێکی بێ ماڵ و بێ سەرپەنا بۆ ئەوەیکە بتوانن چەند کاتژمێرێک چاو لەسەر یەک نێن بە دوورینەوەی تەلیسێک بە دەوری گارییەکدا شوێنێکیان بۆ خۆیان درووست کردووە و وەک شوێنی خەوتن کەڵکی لیوەردەگرن.

ئەم دیاردە نوێیە کە بە گاری خەوی ناوی دەرکردووە دوای ئەوە هاتۆتە ئاراوە کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین شێوازی سەیری دیکەش بۆ خەوتن بیندراوە کە زەقترینیان ئەمانەن: كارتۆنخەوی، گۆڕخەوی، کونەخەوی، لوولەخەوی، چەم خەوی و جعبە بتون خەوی.

بەپێی دوایین لێکۆڵینەوەکانی چالاکانی بیاڤی هەژاری، لە سەدا ٤٠ی خەڵکی ئێران لەژێر هێڵی هەژاری‏دان.

پێویست بە وەبیرهێنانەوەیە کە یەكێك لە دروشمەكانی ڕێژیم لە سەرەتای هاتنە سەركاریدا، سەرەڕای بەخۆڕاییكردنی ئاو و كارەبا و ئوتووبووس، ئەو ڕستە بەناوبانگە بوو كە لە كاتی خۆیدا بوو بە مانشێتی ڕۆژنامەكانی ئێران كە: خانوو مەكڕن، خانوو بۆ هەمووتان دابین دەكەین.