کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لەگەڵ حیزبی کرێکارانی نۆروێژ دیداریان کرد

16:53 - 27 جۆزەردان 2717

کوردستان میدیا: عەزیم ئەلیاسی بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەردانی حیزبی کرێکارانی نۆروێژیان کرد و لەو دیدارەدا کۆمەڵێک پرسیان تایبەت بە کوردستان و ئێران تاوتوێ کرد.

ڕۆژی هەینی، ڕێکەوتی ٢٦ی جۆزەردانی ١٣٩٦ی هەتاوی، هەیئەتێکی پێوەندەییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی نۆروێژ بە سەرپەرەستیی عەزیم ئەلیاسی بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لەو وڵاتە سەردانی حیزبی کرێکارانی نۆروێژیان کرد و لەگەڵ ئود ئینگە کڤاڵهەیم بەرپرسی پێوەندییە نیونەتەوەییەکانی ئەو حیزبە دیدارێکیان پێکهێنا.

لەو کۆبوونەوەیەدا کۆمەڵێک باسی وەک بارودۆخی ئێران، کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئیران، ئێران و پرسی تێرۆر، سەردانی وەزیری دەرەوەی ڕێژیم بۆ نۆروێژ، پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات و حیزبی کرێکارانی نوروێژ گفتوگۆیان لە سەر کرا.

لەو دیدارەدا هەیئەتی حیزبی دێموکرات باسیان لەوە کرد کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە پێچەوانەی ئەوەیکە دەیانهەوێ بە جیهانی پێشان بدەن، لەگەڵ بارودۆخێکی دژوار لە ناوخۆی وڵات بەرووڕوون.

هەیئەتی حیزبی دێموکرات هەروەها باسیان لەوە کرد، ناڕەزایەتی خەڵکی ئێران لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، گەورەترین هەڕەشەیە لە سەر دەسەڵاتی کاربەدەستانی تاران و ئەمەش زۆر جار دەسەڵاتدارانی ئێران نەیان شاردۆتەوە.

لەو دیدارەدا باسێکی تایبەتی لەسەر خەڵکی کوردستان کرا، بە جۆرێک کە ئێستا کوشتنی کۆڵبەرانی کورد لە لایەن هێزەکانی ئێرانەوە، بۆتە کردارێکی ڕۆژانە و ئەمەش سەرباری ئەوەیه کە لە نێو ئەو کەسانەی لە لایەن ڕێژیمی تارانەوە لە سێدارە دەدرێن، ڕێژەی کوردەکان زۆر لە سەرەوەیە و لەم پێوەندییەدا ئێمە کوردەکان چاوەڕوانی ئەوەین کە دەوڵەتی نۆروێژ ئەم جینایەتانەی ڕێژیمی تاران مەحکوم بکات.

وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەردانەکەیدا بۆ وڵاتی نۆروێژ، لە لێدوانێکدا خەباتی خەڵکی کوردستانی بە کاری تێروریستی ناو برد، ئەمە لە کاتێکدایە کە کورد لە ئێران و بە تایبەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ خۆیان قوربانی تێرۆریزمی ڕێژیمی ئاخوندین.

لە کۆتایی ئەو دیدارەدا هەر دوولا جەختیان لە سەر بەردەوامی پێوەندییەکانیان کردەوە.