کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەکارمی شیرازی: دێموکراسی بۆ ڕۆژئاوا باشە نەک بۆ ئێمە

16:59 - 29 جۆزەردان 2717

کوردستان میدیا: ئاخوند ناسر مەکارمی شیرازی لە ئاخاوتنێکدا وەڵامی حەسەن ڕوحانی دایەوە و وتی: دێمۆکراسی بۆ خەڵکی ڕۆژئاوایە و لای ئێمە خودا دیاری دەکات چی بکرێت و چی نەکرێت.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان، مەکارمی شیرازی وێڕای ئەوەیکە نازناوی فامکاڵی دایە پاڵ حەسەن ڕوحانی وتی: ڕوحانی تەنیا لاپەڕەیەکی نەهجولبەلاغەی بینیوە و بۆچوون دەردەبڕێت؛ لەحاڵێکدا کە نەهجولبەلاغە زۆر لەوە قووڵترە.

لەم دواییانە ڕوحانی گووتبووی: هەڵبژاردن و دەنگی خەڵک و متمانەبەخشینیان بە کەسانێک بۆ بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات پرسێک نییە کە ئێمە لە ڕۆژئاواوە وەرمان گرتبێت بەڵکوو لە حەزرەتی عەلییەوە پیمان گەیشتووە.

لە وەڵامی ئەم قسانەدا مەکارمی شیرازی وەڵامی داوەتەوە و وتوویەتی: یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی مەزهەبی شێعە ئەوەیە کە بزانین خەڵک ناتوانن بە دەنگدان چارەنووسیان دیاری بکەن و ئەو دەسەڵات و شیاوییە تەنیا بۆ خودایە.

هەر لەمبارەوە ئاخوند مێسباح یەزدی دژکردەوەی بەرامبەر بە ڕوحانی نیشان داوە و وتوویەتی ئەم جۆرە قسانە نیشانەی نائاگاهی لە بنەما فێقهییەکانی ڕوحانییە؛ ڕوانین و بۆچوونی خەلک هیچ کاریگەرییەکیان نییە و لە ئیسلامدا ڕێبەری کردن بە دەنگی خودایە.

پێشتریش لە ساڵی ٢٠١٦دا مێسباحی یەزدی گووتبووی: دەبێ بە بێ هیچ دڕدۆنگی و شک و گومانێک پێڕەوی لە بڕیارەکانی ڕێبەر و وەلی فەقیه بکرێت؛ گەورەترین ئەرکی ئێمە شوکرانەبژێر بوونە لەمەڕ بوونی ڕێبەرێکی ئازیز کە هەمانە.