کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یزاکا لە پێوەندی لەگەڵ زەخت وگوشاری ڕێژیم بۆ سەر چالاکانی مەزهەبی ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

17:00 - 29 جۆزەردان 2717

کوردستان میدیا: یەکیەتیی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران بە هۆی زەخت وگووشاری ڕێژیمی ئێران بۆ سەر چالاکوانانی مەزهەبی و سیاسی کورد و بەلوچ وعەرەب بە بیانووی پەیوەندیان لەگەڵ تاقمە تێرۆریستییەکان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

وما للظالمین من انصار

هاونیشیمانیانی بەڕێز
کۆر و کۆمەڵە مرۆڤدۆستەکان
سازمان و ڕێکخراوە دێموکراتیکەکان

ماوەیەکە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بیانووی شەر دژی تێرۆریسم لەناوخۆ و دەرەوە دەستی کردووە بە ئەزییەت و ئازار و ڕەشەکوژی لاوانی ستەملێکراوی کورد و بەلوچ وعەرەب لە وڵاتی ئێراندا.

لە کەس شاراوە نییە سەرەتای دەسەڵاتی ویلایتی فەقیە سەرەکیترین شوعارەکانی ناردنی ئیسلامی نابی محەممەدی بوو بۆ جیهان، ئەم شوعارەش بە بێ کێشەو درووست کردنی ئاژاوە لە ناوچەکەدا تێپەڕ نابێت، بۆیە تیرۆریزم سەر هەڵدەدات و کۆماری ئیسلامی ئێرانیش دەبێتە ماکەی تیرۆریزمی جیهانی.

پاش سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی و فراوانخوازی ویلایەتی شیعی ئێران، وڵاتانی سووننە وعەرەبی ناوچەکە هاوپەیمانییەکیان بە دژی ئەو ڕژیمە درووست کرد.

ڕێژیمی ئێران کە لە هەموولایەکەوە دوورەپەرێز خراوە و ترسی لەدەستدانی دەسەڵاتی لێ نیشتووە، کەوتۆتە پیلانگێڕی وپاساو هێنانەوە کە ئەو دژی تیرۆریزم شەر دەکات، هەر بۆیە ڕێکخستنی سناریۆیەک بۆ گەیشتن بەم مەبەستە چاوەڕوانکراو بوو.

١٧ی جۆزەردانی ۱۳۹٦ی هەتاوی لەشاری تاران چەند چەکدارێک هێرش دەکەنە سەر پاڕلمانی ئەو وڵاتەو گڵکۆی خومەینی، ئەوەش ڕێک لەو ساتەوەختەدا دەبێتە بیانوویەک بۆ ئەوەی ڕژیم دەست بکات بە ڕەشبگیری و لە ناوبردنی نەیارانی خۆی بەتایبەت چالاوانانی مەزهەبی، سیاسی، فەرهەنگی کورد وبەلوچ وعەرەب بە تۆمەتی پەیوەندیان لە گەڵ تاقمە تێرۆریستەکان.

ئەوەی جێگای داخە بێ دەنگی کۆمەڵگای نێونەتەوەییە لە مەڕ ئەم زەخت و گوشارەی ڕێژیمی ئێرانە بۆ سەر ئازادیخوازان بە تایبەت ئازادیخوازانی کورد لە کوردستانی ئێراندا.

یەکیەتیی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران وێڕای ئیدانەکردنی ڕەوتی لە سێدارەدانی زندانیانی مەزهەبی و سیاسی لە لایەن ڕژیمی تیروریستی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، هەرجۆرە کردەوەیەکی تیرۆریستیانە وتووندئاژۆیانە لە هەر لایەنێکی بە نێو ئیسلامی یان غەیرە ئیسلامی ڕەد دەکاتەوە و داواش لە سەرجەم خەڵکی هۆشیار و ئازادیخوازی ئێران و جیهان دەکات بە دژی ئەم سیاسەتە نگریسەی ڕێژیمی تیڕۆریست پەروەری ئێران بچنەوە و دژایەتی خۆیان دەرببڕن.

یەکیەتیی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران