کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەورەی ٢٢٥ی سەرەتایی پێشمەرگە لە شاخەکانی کوردستان کۆتایی پێهات

01:02 - 31 جۆزەردان 2717

کوردستان میدیا: دەورەی ٢٢٥ی سەرەتایی پێشمەرگە، لە شاخەکانی کوردستان کۆتایی پێهات و جێژنی تایبەت بە دەورەی سەرەتایی پێشمەرگە لەو شوێنە بەڕێوە چوو.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی جۆزەردانی ١٣٩٦ هەتاوی، دەورەی سەرەتایی پێشمەرگە لە شاخەکانی کوردستان کۆتایی پێهات و پۆلێک لە لاوانی شۆڕشگێڕی کوردستان پەیوەست بە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوون.

ئەو ڕێوڕەسمە سەرەتا بە خوێندنی سروودی نەتەوایەتی \'\'ئەی رەقیب\'\' و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.

دواتر عومەر غوڵامعەلی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پەیامێكی تایبەت بە ڕێوڕەسمی دەورەی ٢٢٥ی سەرەتایی پێشمەرگەی پێشکەش بە بەشداربووانی جێژنەکە کرد.

غوڵامعەلی لە قسەکانیدا گوتی: هاوڕێیان، جێژنی کۆتایی دەورەکەتان، جێژنی دەستپێکی خەباتی نوێتان لە وەرزێکی نوێی شۆڕشەکەماندا کۆی کردووینەتەوە. ئەو وەرزەی لە نەورۆز و بەهاردا ئاڵاکەیمان هەڵکرد و بە خوێنی ئازیزانی هاوسەنگەرمان، دروشمی لێک گرێدانی خەباتی شار و شاخمان بەکردەوە واژۆ کرد. بڕیارمان دا شار بکەینە سەنگەر و شاخەکانی کوردستان ببنەوە لەنگەر، هاوشان شەقامی خرۆشاوی شار و گڕکانی تووڕەیی شاخ بە گژ دوژمنانی ماف و ئازادیەکانمان داکەین.

غوڵامعەلی هەروەها گوتی: ئەگەرچی رێگاکان ئەستەمن و خەباتمان دژوارە، بەڵام ئێمە ئیرادەمان بە هێزە و حیزب و بزووتنەوەکەمان بە هێزی لە بڕان نەهاتووی خەڵکی کوردستان دڵگەرمە و پشت ئەستوورە بە لە خۆبوردوویی، فیداکاری و پەروەردەی هێزی پێشمەرگە، ئەو هێزەی بەردەوام روو لە گەشەیە و لەم فێرگەیەوە بە چەکی زانستەوە، سەنگەرەکانی ڕاسان دادەڕێژن.

دواتر سروودێکی شۆڕشگێڕی لەژێر ناوی پێشمەرگەی دێموکرات چالاکن لە لایەن بەشداربووانی دەورەوە پێشکەش کرا.

لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمەکەدا ڕاپۆرتی ئامووزشی دەورەی ٢٢٥ی سەرەتایی پێشمەرگە لە لایەن فەریاد درودی مامۆستای فێرگەی کۆمیسیۆنی پەروەردەی حیزبەوە پێشکەش کرا.

پاشان پەیامی دەورەی ٢٢٥ی سەرەتایی لە لایەن بەشداربووی دەورە ئاسۆ منبەریـیەوە خوێندرایەوە.

دواتر سروودێک لە لایەن بەشداربووانی دەورە لە ژێر ناوی سڵاو پێشمەرگەی قارەمان پێشکەش کرا.

لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەشدا خەڵات بە سەر بەشداربووانی دەورەی سەرەتایی پێشمەرگە، کە لە بواری نەزم و دیسیپلین و هەروەها وانەکان، نێونجی نمرەکانیان بەدەست هێنابوو دابەش کرا.

ڕێوڕەسمەکە بە گۆرانییەک لەژێر ناوی ڕاسان لە لایەن بەشداربووانی دەورەی سەرەتایی پێشمەرگەوە کۆتایی پێهات.