کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە لە نۆروێژ سەردانی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەی کرد

17:02 - 31 جۆزەردان 2717

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستیی عەزیم ئەلیاسی سەردانی وەزارەتی دەروەی نۆروێژیان کرد و چەندین بابەتی گرینگی پێوەندیدار بە کوردستان و ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.

ڕۆژی دووشەمە ڕێکەوتی ‌٢٩ی جۆزەردانی ١٣٩٦ی هەتاوی، هەیئەتێکی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە نۆروێژ بە سەرپەرەستیی عەزیم ئەلیاسی سەردانی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەی کرد و لە گەڵ شەل گوینار ئێریکسن دیداریان کرد.

لەو دیدارەدا هێندێک بابەتی پێوەندیدار بە کورد و ناوچەکە کە گرینگترینیان بریتی بوو لە: بارودۆخی نێوخۆیی ئێران، باردۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەلووچستان و خوزستان، کۆماری ئیسلامی و گرووپە تووندڕەوەکان، ڕووداوەکەی تاران و هەڵسوکەوتی کۆماری ئیسلامی پاش ئەو ڕووداوە و هەڵوێستی دەوڵەتی نۆروێژ تاوتوێ کران.

هەیئەتی حیزبی دێموکرات بۆنوێنەری وەزارەتی دەرەوەی نۆروێژ روونی کردەوە کە بارودۆخی نێوخۆیی ئێران زۆر نالەبارترە لەوەیکە کۆماری ئیسلامی دەیهەوێ پێشانی دەرەوەی بدات. کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان، مانگرتن و تێکهەڵچوونی هێزەکانی ڕێژیم لەگەڵ خەڵکی ناڕازی و جموجۆڵە سەربازی و ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لەم دواییانە، بە ڕوونی ئەوەمان پێ دەڵێن کە کۆماری ئیسلامی لەگەڵ باروودۆخێکی زۆر نالەبارتر لەوەی کە ئیدیعای دەکات بەرەوڕوویە.

هەیئەتی حیزبی دێموکرات باسی لەوەش کرد که کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتی بەشی زۆری ئەو بارودۆخە نالەبارەی بەرکەوتوە. زۆرترین کەش‌وهەوای نیزامی و ئەمنییەتی لە کوردستان دایە، گرتنی هەڕەمەکی، ئەشکەنجە و زیندانیکردن و لە سێدارەدانی کوردەکان رێژەیەکی زۆری پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لەو وڵاتە پێک دێنن.

ئێستا هێرشکردنە سەر کۆڵبەرانی کورد لە لایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە و بریندارکردن و کوشتیان و بە تاڵانبردنی کەلوپەلەکانیان بۆتە کارێکی ڕۆژانە و لەم پێوەندییەدا داوا کرا کە دەوڵەتی نوروێژ هەڵوێستی جیددی هەبێ.

هەیئەتی حیزبی دێموکرات هەروەها بارودۆخی بەلوچستان و خوزستانیان خستە بەر باس کە ئەویش هاوشێوەی کوردستان دۆخێکی باشی نییە.

هەیئەتی حیزبی دێموکرات باسی لەوەش کرد که کۆماری ئیسلامی لە ماوەی دەسەڵاتیدا بەردەوام پشت و پەنای گرووپە توندڕەوەکان بووە و بۆ خۆی دەسەڵاتێکی بە تەواوی توندڕەو بووە و هەیە، بۆیە هیچکات ناکرێت لە بەرەی دژ بە توندڕەویدا حیسابی لە سەر بکرێت. کەمتر وڵاتانێک لە ناوچەکە و ئوروپادا هەیە کە کۆماری ئیسلای کاری تێرۆری تێدا ئەنجام نەدابێ. لەم ڕوانگەشەوە، هێرشەکەی ئەم دواییەی تاران جێگای گومانە و وێ دەچێ دەرفەتێکی لە باری بۆ ڕێژیم پێک هێنابێ بۆ ئەوی سەرکوتکردنێکی زیاتر بە تایبەتی لە کورستان دەست پێ بکات. کۆماری ئیسلامی زۆر هەوڵی ئەوەی داوە کە بارودۆخێکی لە بار پێک بێنێ کە کاری توندڕەوی و مەزهەبی جێگای خەباتی نەتەوەیی و سیاسی لە کوردستان بگرێتەوە، بۆیە هیچکات نەک هەر جەریانە توندڕەوە مەزهەبییەکان لە لایەن رێژیمەوە لەژێر گوشاردا نەبوون، بگرە داڵدە و یارمەتیش دراون.

هەیئەتی حیزبی دێموکرات لەم ڕوانگەوە داوای له دەوڵەتی نۆروێژ کرد چاوکراوەتر و بە هەڵوێست بێ.