• ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤاری ئاگری
  • گۆڤاری بیری خوێندکار
  • گۆڤاری لاوان
  • گۆڤاری ژنان
  • کەناڵی تەلەفزیۆنی تیشک
  • گۆڤاری نەرگز
٢٥ی نوامبری ٢٠١٧ی زایینی - ٠٤ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی  

منداڵ فرۆشی، دیاردەیەک لە وڵاتی چەوسێنەری ئێران

زایینی: ٢١-٠٦-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٦/٠٣/٣١ - ٢١:٠٣ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
منداڵ فرۆشی، دیاردەیەک لە وڵاتی چەوسێنەری ئێران
بەختیار عوسمانی

ئێران وڵاتێکی چەوسێنەر و گیرۆدە بە نەخۆشییە، برین لەسەر برین لە جەستەی کز و لاوازیی وەک دیکتاتۆری، شەڕ، کوشتار، هەژاری، منداڵفرۆشی و ... سەرهەڵ ئەداو هەموویان لە وڵاتێکی ژێر حوکمی کۆماری ئیسلامی ئێراندا پێکەوە دەژین.

یەک لەو قەیرانە بنەڕەتی و هەمیشەییانەی کە هاوڕێی تەمەنی حکومەتی تارانە، قەیرانی ئابووری و وەزعی شپرزەی ژیانی خەڵکە. هەرچەند ناتوانین بڵێین کە تەنیا سەرچاوەی دیاردە دزێوە کۆمەڵایەتییەکانە، بەڵام رێگەیەکی سەرەکییە بۆ سەرهەڵدانیان؛ لە ژێر چەپۆکی دەسەڵاتدارانی تاران خەڵک بەردەوام لەگەڵ رۆژڕەشی و کارەساتی گەورە و گەورەتر ڕووبەڕوو دەبنەوە، هەر کارەساتە و تەنگی بەخەڵک هەڵچنیوە، هەر رۆژەو دیاردەیەک لە دایک دەبێ و بە بێ چارەسەر کردن ئەتەپنە سەر یەک، بە چەشنێک کە دەرفەت بۆ ناسینی نابێ کە ئەویش ئاوسە بە دیاردەیەکی قێزەوەنتر کە بەرهەمەکەی گەلێک دیاردەی دزێوی کۆمەڵایەتییە کە هەموو سنوورێکی بەزاندووە و جار لەگەڵ جار تووشی سەرسووڕمانی گەورەترمان دەکا.

حوکمی داسەپاو و داپڵۆسێنەری رێژیمی ئێران لە هەموو کات زیاتر پەرەی بە هەژاری و بێ دەرەتانی داوە، خەون و ئاواتە دزێوەکانی دەسەڵاتداران هەرجارە و بە بیانوویەک لە پێناوی ئێرانێکی شکۆداردا! دەبنە چەرمەسەری و ژیانی کولەمەرگی دانیشتوانەکەی. هەرچی دارونەدارە لەم پێناوەدا خەرج دەکرێ و لە کۆتاییشدا گورزی رۆژگار لە خەونەکە رایاندەچڵەکێنێ ، کۆتا نموونە بەرنامەی چەکی ناوکی بوو کە سامانی وڵاتیان خستە خزمەت و پاشان بە کۆمەڵێک گەمارۆ و هەڕەشەی وڵاتان ملکەچ بوون و تێچووەکەیشی بە فیڕۆ چوو.

ئێستا لە ئێران دیاردە دزێوەکانی وەک دزی کردن، تووشبوون بە ماددەسڕکەرەکان، ژیانی سەرشەقام و پارک بە ئاسایی وەردەگیرێ، لەبەر ئەوەی کۆمەڵێک دیاردەی دیکە هاتوونەتە گۆڕێ کە رووی دیاردە کۆنەکانیان سپی کردووە. یەک لەوان منداڵفرۆشییە؛ هەرچەند تازە و تایبەت بە شوێنێک نییە، بەڵام وەک دیاردە و بەم بەربڵاوییە کە هەموو سنوورێکی ئینسانی و تەنانەت ئابووریشی بڕیوە تایبەتە بە وڵاتی "ئیمام"! . هەژاری لە ئێراندا هۆکارێکی بەهێزە بۆ پەرەسەندنی ئەم دیاردەیە؛ بە پێی سەرچاوەکانی خۆدی رێژیم لە سەدا ٤٠ی خەڵکی ئێران لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. کاتێک لە وڵاتێکی ٨٠ میلیونیدا نزیک بە نیوەی حەشیمەتەکەی بە دەستی هەژارییەوە دەناڵێنن و عەوداڵی تیکە نانێکن، چۆن چاوەڕوانی کارەساتگەلی وەک منداڵفرۆشی و لەمە زیاتریش نەبین؟ ڕوونە ئەم کارەساتە مرۆییە کە هەنووکە بەسەر خەڵکی ئێراندا هاتووە، بەرهەمی دەسەڵاتی دژی گەلییە.

لە وڵاتێک کە بە ناو ئاڵای ئیسلام و عەداڵەتی بەرزکردووەتەوە و رۆژانە گوێی خەڵک و دونیایی پێ کەڕ کردووە و گاڵتە بە حوکمی بە قەولی خۆیان بێدینەکان دەکا، ئێمە و هەموو دنیا دەبینین کە ژیان لە وڵاتی ئەمان و ئەوان چۆنە؟ مووچەی مانگانەی یەک کرێکار یەک میلیون تمەنە (لەشکری بێکاریش با بوەستێ)، بەڵام مووچەی بەرپرسێک یا بەڕێوەبەڕێک یا نوێنەرێکی رێژیم لە مەجلیس کە بە یاسا بۆی بڕاوەتەوە ٢٤ بۆ ٣٠ میلیون تمەنە، لەوەش سەیرتر هێندێک بەشە موچەی بەرپرسە باڵاکانی رێژیم بە پارە نییە، بەڵکوو بە خاک و سامانی وڵاتە کە لە نێوان خۆیاندا دابەشی دەکەن.

ئەمڕۆ لە ئێراندا "خەو" زیاتر لەوەی کە چەمکێک بێ بۆ پشوودان و پێویستیەکی ژیانی ئاسایی، بووەتە پاشگری کۆمەڵێک دیاردەی نابەجێی کۆمەڵایەتی وەک"کارتۆن خەوی"، "گۆڕ خەوی"، "کونە خەوی"، "چەم خەوی" و .... . خەو لێرەدا نیشانەی بێچارەیی و داماوییە، نیشانەیەک لە کۆمەڵگای ئێرانە کە خەو دایگرتووە و بەم شێوە ڕێ دەکا، خەوخۆش و خەوی خێر لە مانای ئەرێنی خۆیان بەتاڵ بوونەتەوە و باری نەرێنیان بە خۆوە گرتووە، ئیتر چۆن هەژاری و نەهامەتی نابێتە هاوڕێ و چارەنووسی خەڵک و وڵات؟

کۆماری ئیسلامی وەک پیشەی هەمیشەیی کە پێکهێنەر و راکێشەری گرفت و دیاردەکانە هەوڵ دەدا کە هەژاری لە ئەستۆی خۆی دوور بخاتەوە و بیخاتە ئەستۆی "ئەویتر" جا چ بێگانە یا بەرهەڵستکار بێ، ماوەیەکی زۆر خەڵکیان بە تایبەت لەو ناوچانەی کە نەتەوە مافخوراوەکانی تێدا دەژی بە بیانووی نەبوونی ئاسایش بۆ سەرمایەگوزاری و دواتر بە هۆی بەرنامە بەرزەفڕانەکەی (چەکی ناوکی) کە تووشی کۆمەڵێک گەمارۆ و سنووردارکردن بوو سەرقال کردبوو، وەک ئەوەی پێش گەمارۆکان ژیانی خۆش و ئازاد باڵی بەسەر وڵاتدا کێشا بێ، خەڵکی ئێران لە هەموو کەس باشتر ئەو ژیانە تاڵ و ڕەشەیان بە گیان ودڵ چەشتووە و دەزانن کە هۆکارەکەی رێژیمی دیکتاتۆر و چەوسێنەری ئێرانە و بەس.

بە پێی ئاماری ناوەندی ئاماری ئێران لە حەشیمەتی ٨٠ میلیون کەسی ٢٣ میلیون ٥٠٠ هەزار کەس منداڵ (کەمتر لە ١٨ ساڵ) هەیە و دیاردەی منداڵفرۆشی بەو قەیران و دیاردانە کە رۆژانە خەڵک رووبەڕوویان دەبێتەوە سەرهەڵ ئەدا، لە لایەکی دیکەوە یاساکانی رێژیم وەک توندوتیژی خێزانی، هاوسەرگیری منداڵان و ناڕوونی لە تەمەنی تاوان لە منداڵان بۆ خۆیان هۆکار و یارمەتیدەرێکی گرنگن بۆ پەرەگرتنی منداڵفرۆشی و بێ مافیان. هەرچەند ئامارێکی روون لەسەر منداڵە فرۆشراوەکان نییە، بەڵام هەموو لایەک بە کۆماری ئیسلامیشەوە کۆکن لەسەر ئەوەی کە ئەم دیاردەیە بە شێوەیەکی زۆر خێرا و پلەبڕ لە بەرزبوونەوەدایە.

ئەمڕۆ دایکان و باوکانی سەرشەقامەکان لە فرۆشتنی منداڵ پشکی شێریان بەرکەوتووە، زۆرن ئەو ژن و پیاوانەی کە بۆ سەرخۆش بوون یان پارویەک نانی رۆژانەیان منداڵ یا ئاوڵەمە (جنین) کەیان ئەگۆڕنەوە(*)، کەم نین ئەو ژنانەی کە بۆ ئەم مەبەستە دووگیان دەبن و بێ ئەوەی تەنانەت ئامادە بن جارێک شیر بە منداڵەکەیان بدەن یا بیبینێ هەر کە لە داوێنی کەوتەخوار، فرۆشراو و براوە، وەک کەرەستەیەکی ئاڵوگۆڕ نەک زیاتر چاوی لێ دەکرێ تەنانەت لەم ئێرانی شارستەنییەتەدا! نرخی توولەسەگێک لە منداڵێک گرانترە.

بەشی زۆری پرۆسەی منداڵفرۆشی لە نەخۆشخانە و ناوەندە حکومەتییەکان و لە بەر عەینەکی دوکتورەکانی سەلامەتی رێژیم جێبەجێ دەکرێ، بە بێ کێشە و دەمەقاڵەیەک، ئەگەر کەسێکیش وەدەنگ بێ جیا لە هەناسە هەڵکێشانێک هیچی دیکە ناکا. هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری ئەم رێژیمەوە منداڵانیان بۆ جیهاد لە کەربەلا و فلستین ناونووسی و ئامادە دەکرد و ئێستاش کەمترین ئاوڕیان لێ نادەنەوە، تەنانەت لە بانگەشە و پرۆپاگاندەی هەڵبژاردنەکانیش ناو و جێگایەکی ئەوتۆیان نییە.

جاران منداڵان (ئەوانەی بێ کەس وکار بوون) تەنیا بەو بنەماڵانە دەدران کە لە بوونی منداڵ بێبەش بوون و ئەوانیش دەیانگرتنە خۆ، بەڵام ئێستا بۆ ئامانج و کەرەستەی جۆراوجۆر کەڵکیان لێ وەردەگرن و بازارێکی گەرمیان هەیە:
ـ یاوەری سواڵکەر، بە مەبەستی هەست بزوێنی خەڵک، کۆتایی ئەم منداڵە لە باشترین حاڵەتدا سواڵکەرە.
ـ لە باندە مافیاکان بە تایبەت بە فرۆشیارانی ماددە سڕکەرەکان ، بە مەبەستی گواستنەوەی ماددەکان.
ـ بۆ ئەندامانی جەستەیان، بە مەبەستی پارچەپارچە کردنی لەشیان و فرۆشتنیان.
ـ بۆ کار کردن لەسەر شەقامەکان
ـ بۆ بە کرێدان

ئەگەر ئەم رەوتە بەم شێوە بڕواتە پێش دەبێتە سەرەتای دووبارە بوونەوەی کۆیلەتی مرۆڤەکان، چوونکە ئەمە پرۆسەیەکە کە تەنیا لە توێژی منداڵان قەتیس نامێنێتەوە و ئەم منداڵە فرۆشراوانەیش گەورە دەبن و وەک کۆیلەیەک لە کۆمەڵگا ژیان بەسەر دەبەن.

ئەم رووداوانە هەمووی لە ئێرانی ئیسلامی و تارانی گەورە! لە نزیک و پاڵ "مەزار"و "بەیت" ەکەی خۆمەینی و خامنەیی کە بانگەشەی رێبەری هەژارانی دنیایان دەکرد، روو دەدا. وادیارە مەبەستیان هەژار کردن خەڵکی هەموو دنیا بوو ، نەک رزگارکردنیان لە هەژاری، چونکە تا ئێستا پێیان خستوەتە هەر وڵات و شوێنێک لە شەڕ و وێرانی زیاتر هیچی دیکەی بە دواوەوە نەبووە.

ئەگەر وڵاتێک هەژاری و داخراوی رووی تێ نەکردبێ، چۆن دەتوانێ ئاستی منداڵ بۆ کەرەستەیەکی بێ گیان کە کڕین وفرۆشتنی پێوە دەکرێ دابەزێنێ؟ کارەساتبارە کە هەست و سۆزی دایکایەتی و باوکایەتی تەنانەت لە فرۆشی منداڵەکە جێگای نییە، ئێمە چ چاوەڕوانییەکمان لەم وڵاتەدا هەبێ کە ژیان، مافی مرۆڤ و کەرامەتیان پارێزراو بێ؟
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
(*) بە ماژیکێکی شین و خەتێکی خواروخێچ نووسرا بوو" باوک و دایکێک، کوڕی لە دایک نەبووی خۆیان پێشکەش دەکەن" لەو کاتەدا ئەو کوڕە، ئاوڵەمەیەکی ٥ مانگانە بوو کە بە ٥ میلیون تمەن فرۆشرا بوو.
بالاترین چاپکردنی ئەم بابەتە

رۆژنامەی کوردستان
رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧١٣ لەم ژمارەیەدا:

ــ بوومەلەرزەی سیاسی
ــ لە خەبات دژ بە ئەپارتایدەوە بۆ ڕاسان
ــ ئەمن چی بكەم، خۆتان دروستی بكەنەوە
ــ دانیشتن لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و چەند سەرنجێک