• ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤاری ئاگری
  • گۆڤاری بیری خوێندکار
  • گۆڤاری لاوان
  • گۆڤاری ژنان
  • کەناڵی تەلەفزیۆنی تیشک
  • گۆڤاری نەرگز
٢٧ی ژولیەی ٢٠١٧ی زایینی - ٠٥ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی  

هەڵاواردن، دەمارگرژی و سڕینەوەی مەسئەلە

زایینی: ٢١-٠٦-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٦/٠٣/٣١ - ٢١:٠٦ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
هەڵاواردن، دەمارگرژی و سڕینەوەی مەسئەلە
کەیوان درودی

ڕووداوی تاران پێچەوانەی زۆرینەی لێکدانەوەکان نەک لەجێ ڕوویدا و نە نەخوازراو بوو، نە بەو واتایە یەکلاکەرەوە کە بڵێین سێناریۆی پەتی بوو، بەڵکوو لەو ڕووەوە کە حاکمییەت ساڵانێکی زۆرە بەشێوازی داڕشتنی سیاسەتی سیستماتیک بەستێنی بۆ ڕووداوی ئەوتۆ خۆش کردووە.

هەربۆیە لێرە بەتەئکید لەسەر ئەم ڕووداوە لەپانتاییەکی گەورەتردا هەوڵ ئەدرێ بەشێک لە ئەم بەستێن سازییە لە ناوخۆ و دەرەوە بخرێتەڕوو.

دوابەدوای ڕووداوەکەی تاران، گەلێک شیکاری و لێدوان لە شەقامەوە تا گەورە تریبوونی ڕاگەیاندنەکان خرایەڕوو، بەڵام بەوەیشەوە بەوردی پەردە لەسەر بوونی هەڵاواردن لانەدرا. ئەسڵێکی زانستی ئەڵێ، نیوەی وەڵام لە پرسیاردا دەست دەکەوێ! بەڵێ لەکاتێکدا نەوێرین پرسیار بخەینەڕوو دیارە بە وەڵامی دروست ناگەی؛ بۆیە پێویستە پێناسەیەکی کورت بۆ دوو چەمکی هەڵاواردن و دەمارگرژی بکرێت: دەمارگرژی بریتییە لە جۆرێک بەکگراوندی زەینی (بڕوا و لێڕوانینە خۆییەکان) لای کۆمەڵە کەسێک سەبارەت یان بەرامبەر بە کۆمەڵە کەسێکی تر. پێشمەرجەکانی بوونی لێڕوانینێکی پێشوەختە و وێنایەکی گشتیی نەگۆڕە لەسەر لایەنی بەرامبەر ـ کە زۆربەی لەسەر بنەمای قسە و بیستنە نەوەک زانیاریی پشتڕاست کراوە ـ تا شوێنێک کەوا سەرەڕای پێگەیشتنی زانیاریی نوێ و پێچەوانە، هەر نەگۆڕ و چەمک هەڵنەگر دەمێنێتەوە. ئەگەرچی دەمارگرژی، بنەڕەتی هەڵاواردنە، بەڵام دەکرێ ئەم دوو چەمکە بەجیا بوونیان هەبێ، وەک ئەوە تاکێک هزرێکی دەمارگرژانەی هەبێ، بەڵام لەسەر کردەوەی شوێندانەر نەبێت یان ئەوەی کە هەڵاواردن هەبێ بەڵام لە دەمارگرژییەوە سەرچاوەی نەگرتبێ (ئانتۆنی گیدێنز).

هەڵاواردن بەپێچەوانەی دەمارگرژی فۆرمیکی کردەکییە کە لە شێوازی هەڵسوکەوت ڕەنگ دەداتەوە. زانستی نوێی کۆمەڵناسی هەڵاواردن بە دوو جۆری یاسایی و بناغەدار دەزانێ. لە هەڵاواردنی جۆری یەکەم بەند و بڕگەی یاسایی ڕاستەوخۆ ڕێگاخۆشکەر دەبێ یان دەکرێ بڵێین حوکم دەدا بە هەڵاواردن. لە هەڵاواردنی بناغەداردا هەڵسوکەوتی نایەکسان و نادادپەروەرانە کە لە داب و نەریت و فەرهەنگدا شێوەی گرتووە و پێچەوانەی جۆری یاسایی کە دەکرێ بە پێداچوونەوە ڕیفۆرم بکرێ، پێویستە بۆ لابردنی گۆڕانکاریی قووڵی درێژخایەنی هزری و کولتووری بکرێت. بەم کورتەباسەوە دەچینە ناو باسی سەرەکیی بابەتەکە کە خوێندنەوەیەکە لەسەر خۆبواردنی ناوهێنانی ئەم دوو دیاردە. لەڕاستیدا بەرژەوەندی بەشێکە لە پاڵنەری هەڵاواردن لای هەڵاوێرەوە. بەڵام بەرژەوەندییەکان چین؟ هەروەک باسمان کرد هەڵاواردن لەدوو جۆری یاسایی و بناغەدار پێکهاتووە، لەڕووی یاساییەوە دیارترین بەرژەوەندی ڕێگرییە لە یەکسانی کە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پوان و ئیمتیازانەی کە کۆمەڵە کەس، گرووپ یان گەلی سەردەست لەڕێگەی ڕێگەخۆشکردنی یاساییەوە بۆخۆی دەستەبەری دەکات و لەهەمان کاتدا ئەویتری لێ بێبەش دەکات. بۆ نموونە لە یاسای بنەڕەتیی ئێراندا بنەمای حکوومەت لەسەر ئایینی زۆرینە دانراوە و گرینگترین پۆستەکانیش لە دەستی ئایینی شیعەی "اثنی عشری" دایە. لەمە گرینگتر لایەنە نادیارەکانی هەڵاواردنی سیستماتیکە لەرێگەی یاساوە کە یەکێک لە گرینگترینەکانیان داڕشتنی سیاسەتی دەرەکییە بەپێی مەزهەبی گەلی باڵادەست. ئەمە حاشاهەڵنەگرە کە لە کاتێکدا خوێندنگەکانی بەلووچستان کەوێڵ و کەلاوەیە باشترین نەخۆشخانەکان بۆ ناوچە شیعەنشینەکانی عێراق ساز دەکرێ.هەروەها بەمەبەستی پێکەوە گرێدانی سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکی لە تێچووی گشتی باجی ئاوەدانکردنەوەی لوبنان دراوە و لە ڕووی لۆژێستیکەوە یارمەتیی حووسیەکانی یەمەن دەدرێ. کەوایە لەپاڵ یاسای بنەڕەتیدا، سیاسەتی فەرمیی سیستمیش بەجۆرێک لەسەر بنەمای هەڵاواردن داڕێژراوە. هەروەها لە سیاسەتی ڕاگەیاندندا، وێڕای کاولکاریی پەروەردەیی و پەرەپێدانی دەمارگرژی مەزهەبی، ئەم ڕاگەیەندراوە مەزهەب لێدراوە دیسان تەرخانە بۆ ئایینزای شێعە. وەک چۆن ناڕەزایەتیی کەمینەی شێعە لە وڵاتانی‌تر گەورەنوێنی دەکرێ بەو بارتەقایە ناڕەزایەتیی کەمینەی ئایینزایی لە نێوخۆ کپ دەکرێ.

ئەوەندەش بەسە بۆ ئەوەی لە نەبوونی کۆمەڵگەی مەدەنی و هاووڵاتیی مۆدێڕن، یاسای سێکۆلار و سیستمی ساغڵەمی ئیداری و دەوڵەتی، ڕادیکاڵیزمی ئایینزا کەمینەکان گڕ بگرێ، بەڵام ڕوویەکی تری باسەکە هەڵاواردنێکی ڕیشەداکوتاوە لە جەرگەی جەماوەر کە چەندقات شوێندانەرترە لەوەی پێشوو و هەر بەو هۆیەشەوە کزکردن یان لابردنی پەیوەستە بە ئیرادەیەکی جیددی لە دوو توێی پڕۆسەیەکی درێژخانی ژێرخانەکانی کولتوور، نەریت و گەشەی کۆمەڵایەتی. لەڕاستیدا تێڕوانینی گەلی باڵادەست بە دەربڕینەکانی بۆچوونیانەوە دیارە. ئەگەر ڕووداوەکەی تاران بە سووژەیەک بۆ ئەم بابەتە دابنین؛ دەبینین کە بەجێی گەڕان بەدوای هۆکارەکان یان دۆزینەوەی ڕێگەچارەسەرێک، زۆرینەی لێدوانەکان لە بەکگراوندی تاکەکانەوە سەرچاوەی دەگرت. ئێمە بە کەمی گوێبیستی لێدوانێک بووین کە بەدوای هۆکاری ناوخۆیی و سیستماتیکەوە بگەڕێ. بەڵام یەکێک لەو خاڵانەی کە زەینییەتی گەلی سەردەست و دەسەڵات لەسەری کۆک بوون، دەستەواژەی پیلانگێڕانی دەرەکی بوو. لەسەر ئەم تەوەرە لێرە هەڵدەستین بە خستنەڕووی چەند پرسیارێکی سەرەکی: یەکەم، هۆکاری دووپاتکردنەوەی بەردەوامی ئەم بۆچوونە چییە؟ دووهەم، ئەم دەربڕینانە بە چ ئاڕاستەیەکمان دەبات و هەروەها قازانجبەرانی ئەم کەس و لایەنانە لە گرتنەبەری ئەم ڕێڕەوە کێیە یان کێن؟ لەجێدا دەبێ ئەوە بزانین کە یەکەم دەرهاویشتەی ئەم جۆرە بۆچوونە ئەوەیە کە بەشێوەی یەکلاکەرەوە زەینی بەردەنگ بەرەو دەرەوەی سنوورەکان پەلکێش دەکات کە بەپێی چییەتیی دەسەڵات و لایەنگرانی بەتەواوەتی دڵخواز دێتە بەرچاو. ئەمە ڕەنگ بێ گرینگترین هۆکاری ئەمجۆرە تێڕوانینە تاک ڕەهەند و موجەڕەدە بێت. ئەم ڕاستییە ئەودەم بەرچاوترە کە بزانین ئێرانی مەزن لەلای لایەنگرانی جاڕدەرانی، شارستانییەتێکە کە لەلای دەرەوە بەردەوام لەژێر هەڕەشەدایە. ئەم ڕەهەندە ناسیۆنالیستییە پان فارسییە لە هاتنەسەرکاری ڕێژیمی ئێران لە ٥٧ـەوە بە دینامیزمی هەناردەکردنی شۆڕشی ئایینزایی شێعەتەوەر هەڵسووڕاوە و کۆڵەکەی ڕاگری بووە هەتا ئێستا. واتە هەروەک باسمان کرد بەرژەوەندیی هەڵاوێر چ لایەنی ئایینزایی و چ ناسیۆنالیستی پەلهاوێژیی ئیرادەگەرایە، لە خستنە دەرەوەی کێشە ناوخۆییەکان کەڵکی ئیدئۆلۆژیکی / کردەکی وەردەگرن، بەدیوێکی تر پەلهاویشتن بۆ دەرەوەی سنوورەکان و له ئاکامدا بەریەککەوتن لەگەڵ وڵات و نەتەوە دراوسێکان، ئاکامی ئاسایی و پێشبینی کراوی ئەم جۆرە تێڕوانینەیە کە هاوکات هەم نکۆڵی لە شەقڵی سیاسی / کۆمەڵایەتیی ناوخۆیی دەکات و هەم بەرهەڵستکارانی دەرەکی وەک دوژمنی گشتی دەناسێنێ. ئەمە لەحاڵێکدایە کە ئەم کردارە نەک لە بەرژەوەندیی هەڵاوێردراودا نییە بەڵکوو ڕێک پێچەوانەیە. بەڵام لە وەڵامی پرسیاری دووهەم دەبێ بەپێی بابەتەکە کە زیاتر باس لەلایەنی زەینی و سابژەکتیڤ دەکات، بپڕژینە سەر ئەوەی کە ئایا ئاڕاستەی ئەم تێڕوانینە لەڕووی ڕای گشتی و زەینی بەرەو کوێ دەچێت. یەکەم ئەوەیکە ئەم ڕوانینە بەتەواوەتی بوونی پرسێکی ناوخۆیی کە تەنانەت بۆخۆیشیان جاروبار دانیان پێداناوە، وەلا دەنێ. بەو واتایە کە نکۆڵی هەرجۆرە هەڵاواردنێک لە ناوخۆ دەکات. ئەمەش وادەکات کە دەرگای تێگەییشتن لە پرسەکە لەلایەکەوە بەتەواوەتی دابخرێت. ئەگەر تەنیا ئەم ڕووداوە وەک نموونە بێنینەوە دەبینین کە سەرجەم بکەران ناوخۆیین و هەر ئەوەش بەسە بۆ ئەوەی لە ناوخۆ بەدوای چارەسەردا بگەڕین. کەوابوو بەکردەوە ئاڕاستەکە بەرەو هێشتنەوەی دۆخی هەنووکەیی ناوخۆیی دەڕوات کە ئەمەش بەڕوونی واتە ڕاگرتنی حاڵەتێک کە تیایدا هەڵاوێر باڵادەستیی خۆی هەروا پارێزراو دەهێڵێت. کەوایە، لایەنی باڵادەست لەم ڕووداوەدا بۆ گواستنەوەی کێشە بۆ دەرەوە و هێشتنەوەی بارودۆخی هەنووکەیی لە ناوخۆ کەڵک وەردەگرێ. تا ئێرە ڕەنگ بێت بە بەشێک لە وەڵامی دوایین پرسیار گەیشتبێتین، بۆیەش تەنیا ئاماژە بە بەرژەوەندییەکان دەکەین.

وەک گوتمان، هەڵاواردن یاسایی و بناغەییە کە لە دوو ڕووی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و یاسا لە قەوارەی کۆمەڵایەتی و حکوومەتیدا خۆ دەردەخەن. لە تابلۆی سیاسی / کۆمەڵایەتیی ئێستای ئێراندا ئەم دوو چەشنە هەڵاواردنە بەجۆرێک تەواوکەر و ڕاگری یەکتر بە ئەژمار دێن؛ کاتێکیش کە دەڕوانینە ئەم دوو قەوارە لە ڕووی قازانج و بەرژەوەندییەوە، گەلی باڵادەست لە دەسەڵاتی حکوومەت کە نوێنەرایەتیی ئیرادەی خۆی ـ ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ ـ دەکات، قازانجی کولتووری، سیاسی و چینایەتی و هتد وەردەگرێ. ئەم بەرژەوەندییانە لەڕووی عەینی نموونەیان زۆرە کە گرینگترینیان بەکورتی ئەمانەی خوارەوەن: پەروەردە و فێرکاری، قۆرغکردنی ئابووری، سیستمی برۆکراسی و ڕاگەیاندن کە شیکردنەوەیان بەوردی لێرە ناگونجێ و تەنیا ڕەهەندی هەڵاواردنی ئابووری وەک بنەما دەگرین. بەپێی دوایین بەدواداچوونە مەیدانییەکانی کۆمەڵناسان و ناوەندەکانی توێژینەوە، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لەنێوان تاوان و تەریک خراوی/هەژاری بوونی هەیە. واتە پەیوەندیی بەرزبوونەوەی تاوان و هێڵی هەژاری لە ناوچە پەراوێزکەوتووەکان ڕاستەوخۆیە. بە دەربڕینێکی ساکار، بەشێک لە خەڵک، لایان وایە کە كۆمەڵگە خەریکە تەریکیان دەخات و هەست دەکەن کە بۆ کۆمەڵگە هیچ بایەخێکیان نییە. بەم پێیە ئەگەر قەوارەی کۆمەڵگاکە نەریتی بێت و هاوکات هەڵاواردنی یاسایی و بناغەییشی تێدا بێ، دەکرێ ئێران بەستێنێکی هەرە لەبار بێت بۆ گەشەی ڕادیکاڵیزم و تاوان. نموونەی بەرهەست لەم بارەوە پرسی قاچاخ و بەتایبەت کۆڵبەرییە لە ناوچە پەراوێزخراو/پەراوێزکەوتووەکان لە ئێران کە لە یاسا وەک تاوان ناسراوە و لای بەشێک لە خەڵکیش ئەو بیرۆکەی دروست کردووە کە بەڕاستی نیوەی خەڵکی ئەو ناوچەگەلە تاوانبار لەدایک ئەبن!! بەڵام ئەگەر بەوردی بچینە نێو ئەو باسەوە دەبینین کە ئاستی خۆش بژێوی لە خوارە و هەڵاواردنی ئابووری و سیستماتیک بەشێکی دانەبڕاوە لە سیاسەتی حاکمییەت لە ناوەند. بەڵام هیچکات هەڵاوێر هەڵنەستاوە بە گەڕان بەدوای چارەسەر بەڵکوو هەردەم کێشەکەی یان بەدەرەوە گرێداوە یان ئەوەی کە لە پڕژانەسەری خۆی بواردووە. بەڵام ئەم نکۆڵی لێکردن و یەکدەست سازییە ڕەهەندیتریشی هەیە و تەنیا پەیوەست نییە بە ئایینزاکانەوە و لایەنی زمانی، کولتووری، ئێتنیکی و نەتەوەییش دەگرێتەوە کە لێرەدا بەکورتی نموونەیەکی زەقی دەخەینەڕوو.

گوتاری ئێرانیی بەڕەچەڵەک (اصیل)، ڕەگەزی بێخەوشی ئاریایی و تۆرەمەی پاقژی ئاریاییەکان و دەیان نازناوی نازانستی و بەدوور لە پرەنسیپە مرۆییە باوەکانی سەردەم کڕیاری لە ئاپۆڕای خەڵکی ئێران زۆرە، ئەم دیاردە بەشێک لە توێژەکانی سەر بە ئیتنیک و گەلانی هەڵاوێردراویشی گرتووەتەوە. ئەوەی جێی سەرنجە، دیسان بەرژەوەندیی هەڵاوێرە لە پەرەپێدانی ئەم وێژمانە کە بە ئاشکرا هەرجۆرە فرەچەشنییەک لە ئێراندا ڕەت دەکاتەوە لەحاڵێکدا بەپێی ئەم خاڵانەی خوارەوە بنەماکانی ئەم وێژمانە ئەوەندە لەرزۆکە کە بڕواکردن بەو هەموو شوێنکەوتەیە، مرۆڤ تووشی سەرسووڕمان ئەکات. بەپێی زانستی ژنێتیک، بیۆلۆژی و تۆرەمەناسی، شتێک بەناوی نژادی پاقژ و یەکدەست بەتەواوەتی ڕەت کراوەتەوە. لە ئێراندا چەند جۆر بنەماڵەی زمانی و نژادی هەن کە بریتین لە هیند و ئورووپایی کە زمانەکانی بەلووچی، فارسی و کوردی دەگرێتەوە، سامییەکان کە عەرەبەکان و کەمینە جووەکانن و هەروەها ئۆراڵ ئاڵتا کە ئازەری و تورکمانییەکان لەو بازنەیە جێ دەگرن.

کەوایە نژاد و زمانی یەکدەست تەنیا وەهمێکە کە دەسکردە و بە پرۆپاگاندا و ورووژاندن سواخ دراوە. کۆی ئەم باسانە بەو ئەنجامەمان دەگەیەنێ كە لە ئێراندا نە سیستمی دەسەڵات و نە گەلی سەردەست بەدوای چارەسەریی کێشە ناوخۆییەکان نین و ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بەرژەوەندییەکانی هەردوانیان. هەربۆیە نکۆڵی لە بوونی هەڵاوارن بەجۆرێک سڕینەوەی ئەسڵی مەسەلەیە و هەتا کاتێک ئەم ڕەوتە بەردەوام بێت، چارەسەریی کێشەکان ناکرێ و ئەگەری توندئاژۆیی و بەریەک کەوتنی گەورە هەروا بەهێز دەمێنێت و ڕووداوی تاران بەجۆرێک نەک نەخوازراو نییە بەڵکوو شوێن پەنجەی حکوومەت وەک ڕێخۆشکەری سەرەکیی پێوە دیارە، کۆتایی نەهاتووە و بەم زووانە کۆتایی پێنایەت.
بالاترین چاپکردنی ئەم بابەتە

رۆژنامەی کوردستان
رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧٠٥ لەم ژمارەیەدا:

ــ مستەفا هیجری: بێجگە لە ئێرانییەکان لــە مێــژووی مرۆڤایەتیــدا ...
ــ چاڵی لاوازی کۆماری ئیسلامی
ــ پێوەر و پرەنســیپە نەگۆڕەکانی قاسملوو لە سیاســەتدا بە نیسبەت کوردەکانــی پارچەکانی دیکە
ــ وتووێژی ڕۆژنامەی کوردستان لەگەڵ دوکتور ئیدریس ئەحمەدی