• ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤاری ئاگری
  • گۆڤاری بیری خوێندکار
  • گۆڤاری لاوان
  • گۆڤاری ژنان
  • کەناڵی تەلەفزیۆنی تیشک
  • گۆڤاری نەرگز
٢٥ی نوامبری ٢٠١٧ی زایینی - ٠٤ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی  

"ئاسمیلاسیون فەرهەنگی" پڕۆسەیەک بۆ له نێوبردنی کورد

زایینی: ٢١-٠٦-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٦/٠٣/٣١ - ٢١:٣٠ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
ن: شەهرام میرزائی

و: سەتار ئبراهیمی

بەشی یەکەم


پڕۆسەی ژینوسایدی نەتەوەی کورد ڕاستییەکی مێژووییە کە لە سەردەمی زاڵ بوونی ئاشوورییەکان به سەر ڕۆژهەڵاتی ‌ناڤین دەستی پێکردووە و هەتا ئەمڕۆ چەندین قۆناغی جیاوازی تێپەڕاندووه، پڕۆسەیەک کە بۆ لە نێوبردن و پاکتاو کردنی میللی ئەم خەڵکە چەندین جار دووپات بووەتەوە، بەڵام ئەزموونی مێژوویی، دوژمنانی ئێمەیان بەو ڕاستییە گەیاند کە ناتوانن به کوشت و کوشتار خەڵکی ئەم سەرزەوییە لە نێو ببەن یان بە چۆکیدا بێنن ولە نێو نەتەوەی باڵادەستدا بیتوێننەوە بۆیه نیوەی دووهەمی پڕۆسەی ژینوسایدی کوردەکان لە ڕاستای لە نێوبردنی زمان، فەرهەنگ، مێژوو، شوناس، باوەڕە کۆمەڵایەتییەکان و هتد دەستی پێکرد و دەتوانین حکوومەتی هەخامەنێشییەکان و شکستی ئیمپراتوری ماددەکان بە سەرەتای ئەو پڕۆسەیە واتە "ئاسمیلاسیۆنی فەرهەنگی" گەلی کورد ناو ببەین. "ئاسمیلاسیۆنی فەرهەنگی" بەپێچەوانەی زۆرینەی شڕۆڤە و لێکدانەوەکان، شەڕی سەرەکی داگیرکەران دژ به کورد بووە، پڕۆسەیەک که هەتا ئەمڕۆ لە لای کوردەکان و بزووتنەوە جۆراوجۆرەکانی پشت گوێ خراوه و ئاوڕی پێویستی لێ نەدراوهتەوە؛ ئەمە لە حالێکدایه کە زۆربەی هەرە زۆری شکستەکان ومایەپووچ بوونی هەوڵەکانی ئازادیخوازان بۆ گەیشتن بە ئاواتەکانی نەتەوەی کورد لە ئاسمیلاسیۆنی گەلەکەمانەوە سەرچاوە دەگرێت، شەڕێک که هەتا ئەمڕۆ بۆ ئێمە نامۆ و نەناسراو بووە.

لەو ڕاستایەدا بۆ زیاتر ئاشنا بوون لەگەڵ ئەم پڕۆسە فاشیستییەدا، زنجیرە وتارگەلێک ئامادە کراوە کە لە ژمارەکانی داهاتووی ڕۆژنامەی کوردستان دەکەوێتە بەر دیدی خوێنەران، وتارگەلێک کە لە پێناسه کردنی چەمکەکان دەست پێ‌دەکات و بە هەڵسەنگاندنی مەسەلە و لایەنە جۆراجۆرەکانی ئاسمیلاسیۆن کۆتایی پێ‌دێت.

ئاسمیلاسیۆن و جورەکانی بەڕێوەبردنی

"ئاسمیلاسیۆنی فەرهەنگی" پڕۆسەیەکی ئاڵۆز، ڕێکخراو و ئامانجدارە کە گرووپە زمانی، فەرهەنگی یان مەزهەبییەکان لە گرووپی زاڵ دەتوێنێتەوە. لێرەدا مەبەست له تواندنەوە، یەکدەست کردنی فەرهەنگی_ شوناسییه. ئاسمیلاسیۆنی فەرهەنگی لە وشەدا چەندین واتا لە خۆ دەگڕیت، کە لێچووی-همگون سازی-، ڕاکێشان –جذب- وتێکەڵکردن –ادغام- لەو حاڵەتانەیە کە دەتوانێ هەرکام لەوانە بە شێوەی چەمکی کۆمەڵناسی لە هەڵسەنگاندن و شڕۆڤە کردنی بارودۆخە جۆراجۆرەکان بە کار ببردڕێت و کارکردی تایبەتی خۆی هەبێت. وەکوو نموونە ڕاکێشان –جذب- باس له پڕۆسەی تەتبیقی پەنابەر لەگەڵ فەرهەنگی وڵاتانی مەبەست و ڕێژەی هاودەنگی لەگەڵ ڕەوتی فەرهەنگی کۆمەڵگای خانەخوێ دەکات، لە کاتێکدا ئاسمیلاسیۆن پڕۆسە یان پڕۆسەگەلێکی بەرنامە بۆ دارێژراو لە لایەن حکوومەتەکانه بۆ تێکەڵکردنی نەتەوەکان و کەمە نەتەوەکان لە چوارچێوەی نەتەوەی زاڵ دایه. تواندنەوەی سوورپێستەکان نموونەی هەره بەرچاوی ئاسمیلاسیۆنی فەرهەنگییه، کە لەو پڕۆسەیەدا زۆربەی هەرە زۆری سوورپێستەکان زمان، فەرهەنگ، مەزهەب و شوناسی مێژوویی خۆیان لە دەست داوە و بوونەته سوورپێستێکی ئامریکایی_ ئینگلیسی زمانێکی کاتۆلیک مەزهەب.

پڕۆسەی ئاسمیلاسیۆن دەتوانێ بە شێوەی پله به پله یان لەناکاو بێت یان ئەوەیکە ئاسمیلاسیۆنی فەرهەنگی بە شێوەی تەواو یان تێکەڵێک لە فەرهەنگی زاڵ و ژێردەست خۆی دەربخات. وەکوو نموونە بەشێک لە کوردەکانی تورکیە بە هۆی بەربڵاوی ئاسمیلاسیۆنی فەرهەنگی لەو بەشەی کوردستاندا، لە قسە کردن بە زمانی زگماکی خۆیان بێ توانا بوون وکەمترین ناسیاوییان لەگەڵ فەرهەنگ و شوناسی مێژووی نەتەوەکەیاندا هەیە، بەڵام دان بە کورد بوونی خۆیاندا دەنێن وئاگادارن له کورد بوونی خۆیان( ئاسمیلاسیۆنی تێکڵاو و پلە بە پلە) و یان حکوومەتی سووریە لە ڕاستای تەعریبی نەتەوەی کورد، چەندین عەشیرەت لە کوردەکانیان بۆ ناوچە عەرەب نشینەکان کۆچاندووە و بە ڕاگرتنی ئەوان و منداڵەکانیان لە پڕۆسەیەکی فاشیستی پان عەرەبیزم، توانیویانە لە ماوەی چەند دەیەی رابردوودا ئەو عەشیرەتانە لە شوناسی مێژوویی خۆیان بسڕنەوە و بیانکەنه بەشێک لە کۆمەڵگای عەرەبی سووریە ( ئاسمیلاسیۆنی تەواو). هەروەها ئاسمیلاسیۆنی فەرهەنگی دەتوانێ به شێوازی خۆ لە خۆیدا یان بە زۆر ڕوو بدات. فەرهەنگێک که ناتوانێ خۆی بسەڵمێنێ و وڵامدەری پێداویستییە ئەمڕۆییەکانی کۆمەڵگای خۆی بێت، یان بەڕێوەبەرانی ئەو فەرهەنگە لە کەرەستە و تواناییەکانی پێویست بۆ خۆ به رۆژ کردن بێ بەریە، لە کاتی ڕووبەڕووبوون لەگەڵ فەرهەنگی دەوڵەمەندتر، لە بەریەک هەڵدەوەشێتەوە و لە نێو فەرهەنگی زاڵ تێکەڵ و ئاسمیلە دەبێت ( ئاسمیلاسیۆنی خۆ به خۆ). کەڵک وەرگرتن لە گوشار و زۆر بۆ ئاسمیلە کردنی فەرهەنگی تاکەکەسی و کۆمەڵگا، لەلایەن گرووپ و حکوومەتگەلێک ئەنجام دەدەرێت کە هێزی نیزامیی ڕێک و پێک و یەکگرتووی هەبێت و دەتوانێ بە کەڵک وەرگرتن لە کەرەستەکانی دیکە وەکوو سیستمی ئابووری، پڕۆسەی ئاسمیلاسیۆن تەواو بکات، وەکوو نموونە نووسین و پەسند کردنی یاسای "قەدەغە کردنی سەرپۆش" لە دەورانی ڕەزا شادا که بە بێ ئەرتەشێکی ڕێک و پێک و سەرکوتکەر و هەروەها بوونی بروکراسییەکی بەهێز، جێبەجێ نەدەبوو و ئەو کارە بوو بە هۆی ئەوەیکە لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان بۆ ماوەی چەند دەیە جل وبەرگی کوردی لە بیر بکرێت و وەچە لە دوای وەچە لەگەڵی نامۆ بن و ئەمەش ببێتە هۆی دروست بوونی پێکناکۆکی فەرهەنگی لە نێو چین و توێژەکانی کوردستان.

چەمک و دەستەواژەکانی نزیک به ئاسمیلاسیۆنی فەرهەنگی

له خوێندنەوەی ئاسمیلاسیۆن و کەڵک وەرگرتن له چەمک و دەستەواژەگەلی پەیوەندیدار بەو بابەته دەبێ بە وردبینییەوە لێی بڕوانین و نابێت ئەو دەستەواژەیە بە هەڵە بە جێگای چەمکەکانی دیکه بۆ ڕاڤە و لێکدانەوە بە کار ببەین، ئاسمیلاسیۆنی فەرهەنگی لەگەڵ دەستەواژەکانی خوار جیاوزی لێکدانەوە و واتاییان هەیە.

وەرگرتنی کلتوور –فرهنگ پذیری-: وەرگرتنی کلتوور بریتییە لە گۆڕینی فەرهەنگی-دەرونی کۆمەڵگا کە بە گوێرەی کارتێکەری ئاسایی گرووپە جۆراوجۆرەکانی فەرهەنگی لە گەڵ یەکتر ڕوو دەدات. کارتێکەری و پەیوەندیی زۆر نزیکی گرووپە مرۆییەکان لەگەڵ یەکتری دەبێتە هۆی گواستنەوەی فەرهەنگێک بۆ فەرهەنگێکی دیکە و به پێچەوانەیش، کە ئەمە خۆی دەبێتە هۆی گۆڕینی نموونەی هەڵسووکەوتی دەرونی لە کۆمەڵگادا، بۆ نموونە لە ڕابردوودا سەرزەویینە بەندرییەکان بە هۆی ئاڵوگۆڕی بەربڵاوی ئابووری لەگەڵ وڵاتانی دیکە، ئامادەی زۆرترین وەرگرتنی فەرهەنگی بوون. هەندێک جار مەسەلەی"بە فەرهەنگی کردن" دەبێته هۆی ئاڵوگوڕی بونیادی کۆمەڵایەتی و ئاڵوگۆڕی بەرچاوی سیاسی_کۆمەڵایەتی بە دوای خۆیدا دێنی و ئەم کارە بیرمەندان و حکوومەتەکانی لە ڕابردووەوە هەتا ئەمڕۆ بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە. یەکەمین بەڵگەی بە دەست هاتوو سەبارەت بە " وەرگرتنی کلتوور " و ڕێگاکانی پێشگیری لەو بۆ کەتیبی سوومەرییەکان لە ٢٧٣٠ ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە کە لەو بەڵگەدا باسیان لە چۆنیەتی ئاڵوگۆڕ و پێکەوە هەڵکردن لەگەڵ بیانییەکان کردووە و بۆ پاراستنی فەرهەنگ و کلتووری کۆمەڵگا، بەربەست و ڕێوشوێنی بەرفراوان لە بەر چاو گیراوە. ئەفلاتون لە یەکێک لە بەرهەمەکانی خۆیدا ئاماژەی بەو مەسەلەیە کردووە و پێکەوەبوونی بەربڵاو لەگەڵ بیانییەکان بە تێکچوونە کۆمەڵایەتییەکان و پێکەوە نەسازانە بەربڵاوەکان دەزانێ. بەو بۆنەیەوە ئەفلاتون پێشنیار دەکات ئیزن بە هیچ کەس نەدەن هەتا پێش تەمەنی ٤٠ ساڵی لە وڵات بچێتە دەرەوە یان لە بەندەری وڵاتان دەبێ یاسا و بەربەرستی توندوتۆڵ لە بواری پێکەوە بوون و پەیوەندیی خەڵکی خۆجێی لەگەڵ موسافیران و خەڵکی وڵاتانی بیانی پەسند بکرێت. بە فەرهەنگی کردن بە پێچەوانەی ئاسمیلاسیۆنی فەرهەنگی، پڕۆسەیەکی سروشتی و پێشگیر نەکراوە، بە تایبەت لە جیهانی ئەمڕۆی ئێمەدا که بە هۆی پێشکەوتنە بەرفراوانەکانی تێکنۆلۆژی بووەتە گوندێک لە فەرهەنگە جیاوازەکان و لەم نێوانەدا تەنیا گرووپگەلێک لە "فەرهەنگی کردن" دەترسن کە خاوەنی ژینگەی هزرێکی داخراوی خۆنارێک کردنن. سیستمی فەرهەنگی_کۆمەڵایەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران نموونەیەکی ڕوون و بەرچاوە کە بە هۆی نەبوونی یەکسان بوونی فەرهەنگی زاڵی ئەو سیستمە لەگەڵ جیهانی ئەمڕۆ، حکوومەتی سیاسی تووشی فۆبیای بە"فەرهەنگی کردن" کردووە و زۆرترین مەترسی لە پێکەوە بوونە نێونەتەوەییەکان دەزانێ.

ژینۆساید: ژینۆساید لە دوو وشەی"geno" بە واتای نیژاد، قەبیلە و "cide" بە واتای کوشتار یان کوشتن پێک دێت کە بە کوشتنی بە کۆمەڵی گرووپی نەتەوەیی، نیژادی و یان مەزهەبی و بە مەبەستی لە نێو بردنی ئەوان پێناسە کراوە. کارێک کە لە کۆنوانسیۆنی ژینوساید -١٩٤٨- بە دوور و درێژی باسی لێ کراوە، بەڵام لە هیچ شوێنێکی ئەو کۆنوانسیۆنەدا نەپڕژاوەتە سەر باسی فەرهەنگی، شوناسی و ئیمکانی هەوڵی دەوڵەتەکان بۆ لەنێو بردنی فەرهەنگ و شوناسی نەتەوەیەک. ژینۆساید و ئاسمیلاسیۆنی فەرهەنگی لە ڕوانگەی چەمکی و زانستی، لە دوو بیاڤی جیاواز لەگەڵ یەکدی لە پەیوەندی دان، لە ژینۆسایددا حکوومەت مەبەستی لە نێوبردنی جەستەیی گرووپێکی میللی، نەتەوەی، نیژادی یان مەزهەبییە و لە هەر ڕێگایەک بۆی بلوێ هەوڵ بۆ سڕینەوەی فیزیکی ئەوان دەدات، بەڵام لە پڕۆسەی ئاسمیلاسیۆنی فەرهەنگی دەوڵەتەکان لە بەرنامەیەکی ئاڵۆز و داڕێژراوی سیاسی، ئابووری، فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و مەزهەبی دەستیان داوهتە بۆش کردنەوەی فەرهەنگی-شوناسی گرووپێکی تایبەتی میللی، نیژادی یان مەزهەبی و هەوڵی دانانی فەرهەنگی تایبەت بە خۆی دەدات. دەبێت ئەوەش لە بەرچاو بگرین کە زۆربەی دەوڵەتەکان لە مێژووی ژیانی سیاسی خۆیاندا له ئاسمیلاسیۆنی فەرهەنگی وەکوو پڕۆسەیەکی تەواوکەری ژینۆساید، کەڵکیان وەرگرتووە.

ژینۆسایدی فەرهەنگی: بۆ یەکەم جار"ڕافائێل لمکێن" لە ساڵی ١٩٤٤ زایینی ئەو دەستەواژە تێکەڵەی بە کار برد و لە نووسراوەکانی خۆیدا باسی لە بڵاوبوونەوە و پەرەسەندنی ئەو بابەتە کرد، بەڵام لەگەڵ هەموو هەوڵەکان، ئەم چەمکە لە هیچ یەک لە بەندەکانی کۆنوانسیۆنی ژینۆساید جێی نەگرتووە، هەتا ئەوەیکە لە ساڵی ١٩٩٤ زایینی نووسەرانی پێشەکی"جاڕنامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە حقووقی خۆجێی" بەندێکیان لە ژێر ناوی"ژینۆسایدی فەرهەنگی" پێ زیاد کرد هەتا پێناسەیەکی جیهانی و گشتگیر لە "ژینۆسایدی فەرهەنگی" بە دەست بێت و رێگایەک بێت بۆ پێشگیری کردن لە لەنێوچوونی فەرهەنگی کۆمەڵگای مرۆیی. مادەی ٧ی ئەم پێش نووسە ڕادەگەینێ: ١- هەر جۆرە هەوڵێکی سیستماتیک کە دەبێتە هۆی بێبەش کردنی گرووپێکی نەتەوەیی، میللی، نیژادی و مەزهەبی له یەکپارچەییان و ئەوان لە ژیر ناوی جیاواز پێشان بدات، یا له بەهاکانی فەرهەنگی خۆیان یان شوناسی میللی_نەتەوەییان دوور ڕابگرێت. ٢- هەر جۆرە هەوڵێک کە ئامانجی دابڕانی ئەو خەڵکە لە وڵات، سەرزەوییەکان یان سەرچاوەکانیان بێت. ٣- هەر جۆرە شێوازێک بە مەبەستی گواستنەوە کە بە ئامانجی لاواز کردن و پێشێلکردنی مافی ئەو خەڵکە بێت.٤- هەر جۆرە لە ئاسمیلاسیۆن و ئیدغام لەگەڵ فەرهەنگەکانی دیکە و یان سەپاندنی هەر جۆر شێوە ژیانێک بە سەر ئەم خەڵکه لەلایەن هێزی یاسادانان، ئیدارە دەوڵەتییەکان یان هەر هەوڵێکی لەو جۆرە. ٥- هەر جۆرە پڕوپاگەندە دژی ئەوان.

رستەکانی ئەو پێش‌نووسه پیشان دەدەن که لە ڕوانگەی داڕێژەرانی ئەو پێش نووسەوە، " ئاسمیلاسیۆنی فەرهەنگی" وەکوو بەشێک لە "ژینۆسایدی فەرهەنگی" پێناسە کراوه و لەو پێشنووسەدا جێی گرتووە.

بەڵام پێناسە وهەوڵەکان بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی نێونەتەوەیی دژی"ژینۆسایدی فەرهەنگی" تەنیا لە پێش نووسی بەیاننامەی ڕێكخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لێکراوە و لە کۆتاییدا لە ٦٢هەمین دانیشتنی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی ڕێکخراوی نەتەوەکان -٢٠٠٧زایینی- ئەو پێش‌نووسه چاکسازی تێدا کرا و پێناسەی پەیوەندییدار بە بەندی ٧ی پێش‌نووسەکە سڕاوەتەوە.

ڕاکێشان -جذب-: دەستەواژەیەک کە ڕێژەی وەرگرتن و خۆڕێکخستن لەگەڵ فەرهەنگی وڵاتی مەبەست لە لایەن کۆچەرەکانەوە، هەڵدەسەنگێنێ. لە ڕاکێشان، کۆچەر هەوڵ دەدات سەرەڕای پاراستنی فەرهەنگ و شوناسی مێژوویی، خۆی لەگەڵ فەرهەنگی وڵاتی مەبەست ڕێک بخات و لەو ڕاستایەشدا حکوومەت بە بارهێنان و دابین کردنی ئیمکاناتی شیاو و پێویست، کەسی کۆچەر بۆ وەرگرتن و راکێشانی لە کۆمەڵگای نوێ یارمەتی دەدات. لە ڕاستیدا راکێشان پرسێکی سروشتییە لە ژیانی کۆچەرەکان و کەسی کۆچەر و نەوەکانی داهاتووی، سەرەڕای پاراستنی فەرهەنگ و شوناسی میژوویی خۆیان هەوڵ بۆ دانوستان لە گەڵ فەرهەنگی نوێ دەدەن، دەبێت ئەوە راستییەش لە بەرچاو بگرین کە لەو نێوانەدا ئیمکانی دروست بوونی جۆرێک لە فەرهەنگ و شوناسی تێکەڵاو هەیە؛ یا ئەوەیکە ڕێژەی ڕاکێشان ئەوەنده بەهێز بێت کە ئیدغامێکی تەواو ڕوو بدات و ئەو کەسه لە نێو فەرهەنگ و شوناسی نوێ ڕابکێشرێت. لە ڕاکێشاندا، حکوومەتەکان بە دوای لە نێوبردنی سیستماتیک و ئامانجداری فەرهەنگ، زمان و شوناسی مێژوویی کۆچەرەکان نین.
بالاترین چاپکردنی ئەم بابەتە

رۆژنامەی کوردستان
رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧١٣ لەم ژمارەیەدا:

ــ بوومەلەرزەی سیاسی
ــ لە خەبات دژ بە ئەپارتایدەوە بۆ ڕاسان
ــ ئەمن چی بكەم، خۆتان دروستی بكەنەوە
ــ دانیشتن لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و چەند سەرنجێک