کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەلی عەونی: ڕێبەڕی ڕێژیمی ئێران لە کاروباری وڵاتانی دیکەدا دەستێوەردان نەکات

17:52 - 1 پووشپەڕ 2717

کوردستان میدیا: ‌هەڵوێستی عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران بۆ دژایەتی لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستان لەگەڵ وڵامی توندی کاربەدەستانی هەرێمی کوردستان بەرەوڕوو بوویەوە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان عەلی عەونی ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دێموکراتی کوردستان لە وتووێژ لەگەڵ کاناڵی BBCدا ڕایگەیاند: بەڕێوەبردنی پرسی ڕێفراندۆم لە هەرێمی کوردستان لە پلەی یەکەم‌دا پێوەندی بە خودی نەتەوەی کورد بەتایبەت لەم بەشەی کوردستان‌دا هەیە کە ئەو نەتەوەیە بەپێی کۆنوانسیۆنە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ و نەتەوەیەکگرتووەکان دەتوانێت مافی چارەنووسی خۆی دیاری بکات. ئەو ڕێفراندۆمە لە دەرەوەی ئێراندا بەڕێوە دەچێت و لە سەر کاربەدەستانی ئێران و ڕێبەری ئێران واجبه که لە کاروباری دەوڵەتانی ناوچەدا دەستێوەردان نەکەن و غەمی وڵاتی خۆیان بخۆن.

عەونی هەروەها باسی لەوە کرد کە ڕێبەری ڕێژیمی ئێران بە باس کردن لە قسەی سەربەخۆیی هەڵە دەکات و قسە نیە بەڵکوو چووەتە قۆناغی کردەیی و ڕۆژی ٢٥ سێپتامبری ئەمساڵ بەڕێوە دەچێت.

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی لە بارەی قسەکانی خامنەیی گوتی: \'\' هەر وەک خامنەیی مافی ئەوە دەدات کە لە بارەی دۆخی هەرێمی کوردستان‌دا قسە بکات دەبێ ئەو مافەش بە ئێمە بدات لە بارەی چارەنووسی کوردەکان لە ڕۆژهەڵات بڕیار بدەین.

عەونی هەروەها باسی لەوە کرد کە سەربەخۆیی کوردستان دەبێتە هۆی سەقامگیری ناوچەکە.

وای سەردانی حیدر العبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئێران و دیدار لەگەڵ خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، عەلی خامنەیی دژایەتی خۆی لەگەڵ پرسی سەربەخۆیی کوردستان بە فەرمی دەربڕی.

پرسی سەربەخۆیی کوردستانی باشوور و دیاریکردنی ڕۆژی ڕێفراندۆم بۆ پرسی سەربەخۆیی لە یەکەم مانگی وەرزی پاییزی ئەمساڵدا لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دژکردەوەی چەند وڵاتی دراوسێی لێکەوتەوە کە لە نێویاندا دژایەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە هەمووان زەقترن.

پرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان بەردەوام دژایەتی بەرپرسانی وڵاتانی ناوچەکەی لێکەوتووەتەوە و ئەوەش لە کاتێک دایە کە دیاریکردنی چارەنووس مافی هەرنەتەوەیەکە.

دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بارەی سەربەخۆیی کوردستان باسی لەوە کردووە: ئەگەر ڕۆژێک کوردەکان یەکگرتوو بن و بڕیاری سەربەخۆیی بدەن ئەوە دابەشکردنی سنووری هیچ دەوڵەتێک نیه بەڵکوو یەکبوونەی خاکی کوردستانە.