کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وڵاتانی عەرەبی داوایان لە قەتەر کرد پێوەندییە دیپلۆماتییەکانی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بپچڕێنێت

16:26 - 2 پووشپەڕ 2717

کوردستان میدیا: چوار وڵاتی عەرەبی لە لیستەیەکی ١٣ خاڵی‌دا بۆ کۆتایی هێنان بە قەیرانی وڵاتی قەتەر داوایان لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە کردووە کە پێوەندییە دیپلۆماتیکیەکانی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بپچڕێنێت.

هەواڵدەریی ئاسۆشیتێد پرێس لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە چوار وڵاتی عەرەبستان، ئیمارات، بەحرەین و میسر لە لیستەیەکی ١٣ خاڵی‌دا داوایان لە قەتەر کردووە کە پێوەندییە دیپلۆماتیەکانی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بپچڕێنێت و هەروەها پایگای نیزامییی تورکیە لەو وڵاتە کۆ کاتەوە و کاناڵی ئەلجەزیرەـش دابخات.

قەتەر بۆ جێبەجێ کردنی ئەو داواکارییانە بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ دەرفەتی هەیە و ئەو داواکارییانە لە لایەن دەوڵەتی کویەتەوە ڕادەستی بەرپرسانی دەوڵەتی قەتەر کراوە.

ئەو چوار وڵاته عەرەبیە وڵاتی قەتەریان بە هۆی پشتیوانی لە تێرۆریزم گەمارۆیان خستووەتە سەر.

دوابەدوای قوڵتربوونەوەی ئەم کێشە ئەمیری کویەت داوای لە قەتەر کرد کە بەرامبەر ئەم گرفتە پشوودرێژ بێت و هەروەها داوای لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا کرد کە ڕۆڵێکی باش بۆ چارەسەری کێشەکان بگێڕێت.

ماوەیەک پێش ئێستا هەر یەک لە وڵاتانی عەرەبستان، ئیمارات، بەحرەین، میسر، کۆماری موریس، لیبی، ماڵدیڤ و یەمەن پیوەندییە دیپلۆماتیکەکانی خۆیان لەگەڵ قەتەر بەهۆی پشتیوانی ئەم وڵاتە لە تێرۆریزم و لایەنگری کردن لە کۆماری ئیسلامی پچڕاند.

بەشێک لە هۆکارەکانی ئەم کێشانە بریتین لە: ئاژاوەنانەوە لە نێوان وڵاتانی کەنداو، حەواندنەوەی ڕێبەری گرووپە توندڕەوەکان، پەرەدان بە ئەندێشەی سەلەفی گەری، هەوڵدان بۆ ناسەقامگیرکردنی بەحرەین، گەیاندنی یارمەتی ماڵی بە ئیخوانولموسلیمین و لە هەمووان گرینگتر پشتیوانی کردن لە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران.