کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێنشینی نوێی عەرەبستان هەڕەشەی شەڕی لە ڕێژیمی ئێران کرد

17:03 - 2 پووشپەڕ 2717

کوردستان میدیا: محەممەد بێن سەڵمان جێنشینی نوێی عەرەبستان باسی لەوە کرد کە ئەو وڵاتە دانوستان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ناکات.

کاناڵی تەلفزیۆنی ئەلجەزیرەی قەتەر لە ڕاپۆتێکدا بڵاوی کردەوە کە محەممەد بێن سەڵمان جێنشینی نوێی عەرەبستانی سعوودی لە پەیامێکی توئیتێری‌دا باسی لەوە کردووە کە هیچ دانوستانێک لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ناکات و ئەو ڕێژیمە دەخاتە جەرگەی شەڕەوە.

محەممەد بێن سەڵمان هەڵوێستی توندی دژی ڕێژیمی ئێران هەیە و ناوبانگی بە دژایەتی کردنی ئەو ڕێژیمە هەیە. ناوبراو ڕێژیمی ئێران بەوە تاوانبار دەکات کە دەیهەوێت بە سەر دنیای ئیسلامدا زاڵ بێت.

لە کاتی هاتنە سەرکاری بێن سەڵمان، عەرەبستان لە یەمەن دژی حوسییەکان کە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانیان لێ دەکرێت شەڕ دەکات.

ناوبراو هەروەها باسی لەوە کردبوو کە ڕیاز چاوەڕێی هاتنی شەڕی عەرەبستان نیە و ڕێژیمی ئێران تووشی شەڕ دەکات.

سەڵمان عەبدولعەزیز پاشای عەرەبستان ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٣١ی جۆزەردانی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە بڕیارێکدا محەممەد بێن سەڵمانی وەک جێنشین و جێگری شوڕای وەزیران و پاراستنی پۆستی وەزیری بەرگری هەڵبژارد و ئەوەش یەکەمین جارە لە کاتی دامەزراندنی دەوڵەتی پاشایەتیی ئالی سعوود تەخت و تاج لە برایەکەوە بۆ برایەکی دیکەوە ڕادەست دەکرێت.

ڕێکەوتی ٣٠ی بانەمەڕی ١٣٩٦ ی هەتاوی، ترامپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە سەردانی فەرمیی خۆیدا بۆ ڕیاز پێتەختی عەرەبستانی سعوودی باسی لە هەڕەشەکانی ڕێژیم بۆ سەر ناوچەکە کردبوو.

لەو دیدارەدا الجبیر باسی لەوە کردبوو کە ئێمە بۆ پێش گرتن بە سیاسەتە دوژمنکارانەی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ ئامریکا ڕێککەوتووین.