کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شوێن پێی ڕێژیمی ئێران لە کردەوەی تێرۆریستیی عەرەبستان دەرکەوت

16:13 - 4 پووشپەڕ 2717

کوردستان میدیا: سێ هاووڵاتیی ئێرانی لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی وڵاتی عەرەبستانی سعوودی لە شوێنی پوچەڵ کردنەوەی کردەوەی تێرۆریستی مسجد الحرام دەستبەسەر کران.

میدیاکانی سعوودیە بڵاویان کردەوە کە هێزە ئەمنییەتییەکانی عەرەبستانی سعوودی ٣ ڕۆژ پێش پوچەڵ کردنەوەی کردەوەی تێرۆریستی لە مسجدالحرام ٣ ئێرانیان دەستبەسەر کردووە.

ئەلڕیاز یەکێک لە سەرچاوە هەواڵدەرییەکانی سعوودی ڕایگەیاندووە سەرجەم ٩ کەس دەستبەسەر کراون.

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢ی پووشپەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی، وەزارەتی نێوخۆی عەرەبستانی سعوودی ڕایگەیاند کە هێزە ئەمنییەتییەکانی ئەو وڵاته هێرشێکی تێرۆریستیان بۆ سەر مسجد الحرام پوچەڵ کرۆتەوە.

لەو ئۆپەراسیۆنەدا یەکێک لەو تێرۆریستانە خۆی تەقاندووە کە بەهۆیەوە ١١ کەس بریندار بوون.

هەر لەو پێوەندییەدا ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی جۆزەردانی ١٣٩٦ی هەتاوی، ماڵپەڕی العربیه سەر بە سعوودیە نووسیبووی: سێ ئەندامی سپای پاسداران کە مەبەستیان تەقاندنەوەی سەکۆیەکی نەوتی سعوودیە بووە، دەستبەر کراون.

دوای بڵاوبوونەی ئەو هەواڵە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ئەو ئیدعایەی کاربەدەستانی عەرەبستانیان ڕەت کردەوە و باسیان لەوە کرد ئەو سێ کەسە ماسیگر بوون.

پشتیوانیییەکانی ئەو ڕێژیمە لە بکەرانی تێرۆر لە ناوچەکە و هەموو وڵاتانی جیهان و دەستێوەردانەکانی ئەو ڕێژیمە لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی عەرەبی بۆ تێکدانی ئەمنییەت و ئاسایشی ناوچە بەردەوام ناڕەزایەتی و نیگەرانی بەرپرسانی دەوڵەتە ناوچەییەکانی لێکەوتووەتەوە.