کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسڕائیل جارێکی تر هۆشداری دایە ڕێژیمی تاران

16:54 - 30 جۆزەردان 2717

کوردستان میدیا: پاش هێرشی مووشەکی ڕێژیمی تاران بۆ سەر شاری دەیرەلزوور، سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل هۆشداری جیددی دایە سەرانی کۆماری ئیسلامی و ڕایگەیاند نابێ هەڕەشە لە ئیسڕائیل بکرێت.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی جۆزەردان بێنیامین نێتانیاهوو سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل لە کۆبوونەوەیەکی حیزبیدا لە پارلمانی ئیسڕائیل بە تووندی هۆشداری دایە کۆماری ئیسلامی و جارێکی تر کۆماری ئیسلامی بە هەڕەشەیەک بۆ سەر ئیسڕائیل و ڕۆژهەڵاتی ناڤین و لەهەمان کاتیشدا مەترسییەک بۆ سەر جیهان لە قەڵەم دا.

ناوبراو ڕوو لە ئەندامانی حیزبی لیکوود وتی: ئێمە وشە بە وشە و هەموو کردەوەکانی ئێرانمان خستۆتە ژێر چاوەدێرییەوە؛ من پەیامێکم بۆ ئێران هەیە: هەڕەشە لە ئیسڕائیل مەکەن.

نێتانیاهوو هەروەها وتوویەتی: هەوڵەکانی تاران لە ناوچە خۆسەپێنەرانەیە و ئەمەش جێگەی قبووڵ کردن نییە؛ بە وتەی ناوبراو هێزە ئەمنیەتییەکانی ئیسڕائیل بە وردی چالاکی و جموجۆڵەکانی ئێرانیان لە ناوچەدا خستۆتە ژێر چاوەدێری.

وەزیری زانیارییەکانی ئیسڕائیل، ییسرائێل کاتێز، ڕۆژی ٥شەممە ڕێکەوتی ٧ی بانەمەڕ لە سەفەرێکدا بۆ ئامریکا و لە چاوپێکەوتن لەگەڵ لێپرسراوانی دەوڵەتی و کۆنگرەی ئامریکادا خوازیاری ڕێککەوتن لە نێوان ئورشەلیم و واشەنگتۆن بوون لەمەڕ جێبەجێکردنی ئەم گەڵاڵە ٥ ماددەییە.

بەشێک لە ماددەکانی ئەم گەڵاڵەی ئیسڕائیل بریتین لە دانانی تەحریم و گەمارۆی نوێ لەدژی تاران و ڕاوەستاندنی پشتیوانییە ماڵی و سەربازییەکانی تاران لە حیزبوڵای لوبنان.

لەلایەکی دیکەشەوە ڕۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٧ی ڕێبەندان دۆناڵد تڕامپ لە چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ بێنیامین نێتانیاهو باسی لە پێوەندی توند و تۆڵی نێوان هەر دوو وڵات کرد و ڕایگەیاند بە هیچ شێوەیەک ئیزن نادرێت ئێران ببێتە خاوەن چەکی ناوکی.

سەرکۆماری ئامریکا هەروەها وتوویەتی: ئەو قەیرانە ئەمنیەتییانەی کە ئیسڕائیل لەگەڵیدا بەرەوڕوویە زۆر بەربڵاون کە یەکێک لە گرینگترینیان زێدەخوازییە ناوکییەکانی کۆماری ئیسلامییە.

لە بەرامبەریشدا بێنیامین نێتانیاهو ئاماژەی بە تاقیکارییە موشەکییەکانی ئەم دواییانەی ئێران کرد و وتی: جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی دەڵێ موشەکەکانی ئێران لەدژی هیچ وڵاتێک کەڵکی لێوەر ناگیرێ بەڵام بە زمانی عێبری پێوەی نوسراوە ئیسڕائیل دەبێ لەنێو بچێ!