کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە کوردستان جێژنی رەمەزان بەڕێوە چوو

16:42 - 4 پووشپەڕ 2717

کوردستان میدیا: بەپێچەوانەی بانگەشە و سیاسەتەکانی رژیمی ئیسلامیی تاران، خەڵکی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات تەنانەت جێژنە ئایینیەکانیش لەگەڵ رێژیم ناگرن.

رۆژی یەکشەممە ٤ی پووشپەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی، ٢٥ی ژووئەنی ٢٠١٧ی زایینی لە ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی ئیسلامی وەکوو رۆژی جێژنی رەمەزان دیاری کراوە و خەڵکی موسوڵمانی ئەو وڵاتانە ئەو رۆژە جێژن دەگرن.

لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، چەندین ساڵە کە بە پێی سیاسەتی ئەو رێژیمە، جێژنەکانیان و بۆنە ئایینیە ئیسلامییەکانیش لەگەڵ وڵاتانی ئیسلامی ناگرن و هەوڵ دەدەن کە دژبەری لە نێو باوەڕ و بۆنە ئایینیەکانیشدا پێک بێنن.

سیاسەتی سەرەکیی کۆماری ئیسلامی لە هەموو بوارەکاندا پێکهێنانی دووبەرەکی و دژبەری و ئاژاوەگێڕی بووە وئەو سیاسەتەشیان لە بنەما ئایینی و بۆنە مەزهەبیەکانیشدا بەڕێوە بردووە.

بە درێژایی چەند دەیە دەسەڵاتدارییان، سەرانی کۆماری ئیسلامی سەرەڕای پڕوپاگەندەی رواڵەتی بەناوی وەحدەتی ئیسلامی، بەڵام لە کردەوەدا هەوڵی ناکۆکی ساز کردن و ئاژاوەگێڕییان داوە و تەنانەت جێژنەکانیشیان لە خەڵکی باوەڕدار تێک داوە.

بەڵام لەم چەندین ساڵەدا خەڵکی سەر بە نەتەوە یان ئایینیە ژێر ستەمەکان لە ئێراندا، بەردەوام پێناسە و کردەوەی خۆیان لە رێژیم جیا کردۆتەوە.

ئەمساڵیش خەڵکی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات و هەروەها خەڵکی پێڕەوی مەزهەبی سوننە لە تورکمەن و بەلووچەکان، جێژنی خۆیان لە جێژنی وەلیی فەقیه جودا کردۆتەوە و لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ئیسلامی جێژنیان گرتووە.

کۆماری ئیسلامی بەردەوام پڕوپاگەندەی ئەوە دەکا کە هەوڵ بۆ یەکگرتوویی جیهانی ئیسلام دەدا و ئیدیعا دەکا هەموو خەڵکی ئێران پێڕەو و باوەڕدار بەم رێژیمەن، بەڵام لەم چەندین ساڵەدا تەنانەت رێگەی نەداوە لە پێیتەختی وڵاتەکەی مزگەوتێکی تایبەت بە سوننەکان دروست بکرێ و خەڵکیش لە هەموو بۆنە خۆش و ناخۆشەکاندا خۆیان لە رێژیم جودا کردۆتەوە و بە هەموو شێوازێک پێیان راگەیاندوە کە لەگەڵ رژیمدا نین.