کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تارانییەکان پووڵدارترین و کوردەکانیش بێ پووڵترین پێکهاتەکانی ئێرانن

17:33 - 5 پووشپەڕ 2717

کوردستان میدیا: تارانی، ئیسفەهانی، یەزدی و بەگشتی فارسەکان دەوڵەمەندترین و سیستانی، لوڕەکان و کوردەکان هەژارترین حەشیمەتەکانی ئێرانن.

ماڵپەڕی اقتصاد آنلاین لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە؛ بەشێوەی نێونجی هەر هاووڵاتییەکی تاران ٥٨میلیۆن تمەن، هەر ئیسفەهانییەک ١٣ میلیۆن تمەن، هەر یەزدییەک ١٣ میلیۆن تمەن، هەر شیرازییەک ١١ میلیۆن تمەن و هەر هاووڵاتییەکی قۆمی بە ١٠ میلیۆن تمەن، زۆرترین ڕێژەی ئەسپەردەی بانکییان لە ئێراندا هەیە؛ لە بەرامبەریشدا هەر هاووڵاتییەکی بەلوچ لە سیستان و بەلووچستان بە ٣ میلیۆن تمەن، هاووڵاتییانی لۆڕ و کوردیش تەنیا بە ٤ میلیۆن تمەن کەمترین ئەسپەردەی بانکییان لە ئێراندا هەیە کە ئەم پرسە دەرخەری بوونی کەلێنی چینایەتی قووڵ لە ئێراندایە.

ئەحمەد چووپانی نوێنەری پارێزگای سنە لە شۆرای بەرزی پارێزگاکانی ئێران ڕێکەوتی ٣ی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو سەبارەت بەم ئاریشە لە پارێزگای سنە ڕایگەیاندبوو: کەلێنی چینایەتی لەم پارێزگایەدا زۆر زۆر لەسەرێیە بەچەشنێک کە توێژێک دەوڵەمەندن و لە بەرامبەریشدا چینێک زۆر هەژارن و بەگشتی چینی مامناوەند بوونی نییە هەربۆیە دەبینین کە بنەماڵەکان بەهۆی هەژاری و بێکارییەوە لێک بڵاو دەبنەوە.

ناوبراو هەروەها وتبووی: پارێزگای سنە پارێزگایەکی دەوڵەمەندە بەڵام دەوڵەتەکانی کۆماری ئیسلامی هیچ کات وەک پێویست ئاوڕیان لی نەداوەتەوە و سەرمایەدانانیان لەم پارێزگایە پشت گوێ خستووە.

ئەگەرچی پارێزگاکانی کوردستان خاوەنی پشکێکی بەرچاو لە کانگای زەوینی و ژێرزەوینی دەوڵەمەندن و هەر بەهۆی ئەم کانگایانەوە دەکرێ کێشەی بێکاری و هەژاری لەم ناوچانە کە کورد تێیدا دەژین بگەیەنرێتە کەمترین ئاستی خۆی بەڵام دەبینین کە پشکی کوردەکان لەم کانگایانە لە کەمترین ئاستی خۆیدایە بۆ وێنە خاوەنکارەکانی کانگای زێری ئاق دەڕەی تیکاب لە پارێزگای ورمێ بۆ کارکردن لەم کانییە لە خەڵکی ناخۆجێی کەڵکیان وەرگرتووە و تەنیا چەند کەسێک لە خەڵکی ئەو گوندە لەو کانگایە دامەزراون کە ئەوانیش کرێکاری وەرزین.

هەروەها دانیشتوانی پاریزگاکانی کوردستان ناچارن بۆ دابین کردنی بژێوی ژیانیان ڕوو لە کاسبی پڕمەترسی کۆڵبەری بکەن کە ڕۆژانە بەشیکیان دەبنە قوربانی دابین کردنی نان بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی ریژیم.