کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێتانیاهو سەبارەت بە مانەوەی سەربازی ئێران لە سوریە هەڵوێستی گرت

17:39 - 5 پووشپەڕ 2717

کوردستان میدیا: سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل ڕایگەیاند: ئۆرشەلیم کار و کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی لە سوریە و هەوڵەکانی ئەم ڕێژیمە لەمەڕ ناردنی چەک و چۆڵ بۆ حیزبوڵای بە وردی خستۆتە ژێر چاودێرییەوە.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان؛ بێنیامین نێتانیاهو ڕێکەوتی ٤ی پووشپەڕ لە ڕەوتی دانیشتنی حەوتووانە لەگەڵ ئەندامانی کابینەکەی ڕایگەیاند: سیاسەتەکانی ئێمە ڕوون و ئاشکران؛ ئێمە بەهیچ شێوەیەک ناهێڵین بەهۆی شەڕی سوریەوە خاک و خەڵکی ئیسڕائیل بکەونە مەترسی.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی: ئێمە هەرچەشنە هەڕەشە و هێرشێک بۆ سەر خاکی ئیسڕائیل و هاوولاتییانی ئیسرائیل بە تووندترین شێواز و لە ڕێگەی هێزی سەربازییەوە وەڵام دەدەینەوە.

ئەم قسانەی نێتانیاهوو دوای ئەوە دێن کە هێزەکانی ئیسرائیل بۆ دووهەمین ڕۆژی یەک لەدوای یەک هێرشیان کردە سەر بنکە و بارەگاکانی ڕێژیمی سوریە و لە پارێزگای قەنیتەرە تانکەکانی ئەسەدی لەنێو برد؛ ئەمەش دوای ئەوە هاتە ئاراوە کە سنوورەکانی ئیسڕائیل بەهۆی خومپارەبارانی نێوان هێزەکانی بەشار ئەسەد و ئۆپۆزسیۆن تووشی نائەمنی هاتن.

سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە ڕۆڵی ئێران لەم پرسەدا کرد و ڕایگەیاند: ئێمە نیگەرانین لە هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە مانەوە و سەقامگیری ئەم ڕیژیمە لە سوریەدا و بە وردی جموجۆڵە سەربازییەکانی ئێران و حیزبوڵامان خستۆتە ژێر چاودێرییەوە.

چەند ڕۆژ پێش ئێستاش ڕۆژنامەی هائارێتسی ئیسڕائیل بە بڵاوکردنەوەی هەواڵێک ڕایگەیاندووە کە ئیسڕائیل زۆر بەجیددی لە ڕێگەی دۆستە ئۆرووپاییەکانییەوە هۆشداری داوەتە سەرانی کۆماری ئیسلامی کە کارخانە و کارگەکانی وەبەرهێنانی چەک و چۆڵی ئێران بۆ حیزبوڵا تەحەممووڵ ناکەن و هەڵوێستی جیددی لەبەرانبەردا دەگرن.

بەپێی ئەم هەواڵە دەوڵەتی ئیسڕائیل بەڕوونی باسی لە مەترسییەکانی کۆماری ئیسلامی و حیزبوڵای لوبنان بۆ سەر سەقامگیری ناوچە و ئەمنیەتی ئیسرائیل بۆ لایەنی ئۆرووپایی کردووە و هەوڵە دیپلۆماتیکەکانی خۆی بۆ ڕاگرتنی چالاکییە سەربازییەکانی حیزبوڵا خستۆتە گەڕ.