کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مایک پۆمپێئۆ: کۆماری ئیسلامی گەورەترین پاڵپشتی تێرۆریزم لە جیهانە

17:52 - 5 پووشپەڕ 2717

کوردستان میدیا: مایک پۆمپێئۆ سەرۆکی سی ئای ئەی لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی تەلەفزیۆنی MSNBC ئاماژەی بەو مەسەلە کرد کە دزەی ئێران بەبەراورد لەگەڵ ٦ یان ٧ ساڵی ڕابردوو پەرەی سەندووە و ئەم دزەکردنەش لەسەر دەوڵەتی عێراق، حوسییەکانی یەمەن، حیزبوڵای لوبنان و بە گشتی ڕۆژهەڵاتی ناڤین مەترسیدارە.

لەم وتووێژەدا پۆمپێئۆ لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە داعش مەترسیدارترە یان ئێران؟ دەڵێ: ئیران وڵاتێکی دەوڵەمەند و خاوەن سەرچاوەی ماڵی جێگرتووە و بەشێوەی ڕیکخراوەیی جێ پێی خۆی کردۆتەوە بۆیە ئێران هەڕەشەیەکی درێژخخایەنترە بۆ سەر ئامریکا.

ناوبراو هەروەها ئاماژەی بە ڕۆڵی ئێران لە تووندڕەوی شیعەگەرایی لە ناوچەدا کردووە و دەڵێ: ناوەندی فەرماندەیی ئەم رەوتە تارانە و بەهۆی ئەو بەگراوەندانەی کە هەیە دەتوانم بەبێ شک بڵێم کۆماری ئیسلامی گەورەترین پاڵپشتی تێرۆریزم لە جیهانە.

ئەمە یەکەمجار نییە کە ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕۆژئاوایی هۆشداری دەدەن لەمەڕ دزەی ئێران لە ناوچە و باس لە پشتیوانییەکانی تاران لە تێرۆریزم دەکەن.

ماوەیەک پێش ئێستاش جێیمز مەتیس وەزیری بەرگریی ئامریکا باسی لەوە کرد کە؛ ڕێژیمی ئێران بەردەوام لە حاڵی هەناردەکردنی تێرۆریزم بۆ جیهانە و پشتیوانی لە گرووپە میلیشاییەکان دەکات.

لەو پێوەندییەدا، وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا سەبارەت بە تێرۆریزمی نێودەوڵەتی، ئاشکرای کردووە کە؛ ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران وەک ساڵانی ڕابردوو، هەروا بە توندی پشتگیریی لە لایەن و ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان لە هەموو جیهاندا کردووە و تەنانەت بوونی خۆی لە ئەفریقا بەهێزتر کردووە.