کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات بەشداری لە پرسەی شەهیدانی کۆمەڵەدا کرد

17:25 - 6 پووشپەڕ 2717

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بارەگای سەرەکی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە شاری سلێمانی بەشداری لە پرسەی شەهیدانی ئەم دواییانەی کۆمەڵەدا کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٥ی پووشپەڕی ۱۳۹٦ی هەتاوی، هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستیی بەڕێز حەسەن شەرەفی جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات بەشدارییان لە پرسە و هاوخەمیی شەهیدانی ئەم دواییەی کۆمەڵەدا کرد کە لە ڕێکەوتی ٢ی پووشپەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی لە شاری سنە لە تێکەڵچوون لەگەڵ دژی گەلییەکانی سپای پاسداران گیانی خۆیان بەختی ئازادی کرد.

لەو کۆری هاوخەمییە‌دا شەرەفی، لە وتەیەک ڕوو لە هاوڕێیانی کۆمەڵە و بەشدارانی ئەو ڕێوڕەسمە، وێڕای باس لە هاوخەمیی حیزبی دێموکرات ڕایگەیاند کە ئەو شەهیدانە، شەهیدی هەموو خەڵکی کوردستانن و کۆمەڵەش لە هەڵگرتنی ئەو خەمە و هەروەها لە درێژەدانی ئەو خەباتەدا بە تەنیا نییە و حیزبی دێموکرات وەکوو هاوپەیمان بۆ ئەو خەمە و قۆناغەکانی داهاتوو لە پشتی کۆمەڵە دەمێنێتەوە.

ڕۆژی هەینی رێکەوتی ٢ی پووشپەری ١٣٩٦ی هەتاوی، دەستەیەک لە پێشمەرگە و ئەندامانی رێکخستنی نهێنی کۆمەڵه لە نێو شاری سنه کەوتنه کەمینی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی و سێ کەس لەم تیمە بە ناوەکانی سەباح حوسەین پەناهی، حامید سەیف پەناهی و بێهزاد نووری دوای شەڕێکی نابەرابەر گیانی خۆیان لەپێناو ئامانجه بەرزەکانی گەلی کورددا بەخت کرد.

دوابەدوای ئەم ڕووداوە کۆمیسیۆنی سیاسیی ـ نیزامیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا وێڕای دەربڕینی پەژارەی خۆی بۆ گیان لە دەستدانی ئەو ٣ تێکۆشەرەی کۆمەڵە سەرەخۆشی لە ڕێبەرایەتی، پێشمەرگە و ئەندامان و لایەنگرانی کۆمەڵە و بنەماڵەی شەهیدەکان کرد.