کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی UNPO لە سەر دۆخی کوردستان بڕیارنامەیەکی پەسند کرد

18:52 - 8 پووشپەڕ 2717

کوردستان میدیا: کۆنگرەی UNPO لەسەر دۆخی کوردستانی ڕۆژهەڵات بریارنامەیەکی پەسەند کرد.

ڕێکخراوی نەتەوە بێ دەوڵەتەکان لە ڕەوتی کارەکانی کۆنگرەی ١٣هەمی خۆیدا باسی لەوە کردووە، لەم چەند ساڵەدا هەلومەرجی سیاسی، پێشێلکاری مافی مرۆڤ و ئاسایش لە ئێران زۆر نالەبار بووە، بە تایبەتی بۆ ئەو نەتەوانە کە بندەستن، وەک نموونە لەم پێوەندییەدا زیادبوونی ئێعدامەکان و ئەو چەوساندنەوە و ستەمە کە بەرەوڕووی نەتەوە بندەستەکان دەبێتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی چەندین ڕێکخراوی جیاوازی مافی مرۆڤ لانیکەم ٦٠٠ کەس لە ساڵی ٢٠١٦دا دوای دادگایی کردنێکی ناعادلانە ئێعدام کراون. لە مانگی ژانویەی ساڵی ٢٠١٧ی زایینی هەتا ئێستا زیاتر لە ٢٠٦ کەس ئێعدام کراون. بە پێی ئاماری نافەرمی ڕێژەی ئێعدامەکان لەو ڕێژەیە زیاترە. لەم پێوەندییەدا بەشێکی بەرچاو لەو کەسانە کە ئێعدام کراون کوردن.

هەروەها، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، ڕێژیمی ئێران هێزێکی نیزامی زۆری لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و ناوچە سنوورییەکان کۆکردوەتەوە و سیاسەتی میلیتاریزەکردنی کوردستان و هەرێمی نەتەوە بندەستەکانی دیکە زیادی کردووە.

میلیتاریزەکردن ، چەوساندنەوە و هەڵاواردن یەکەیەکی ئاسایین لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی کوردستان و خەڵکی ناوچەکانی تری غەیرە فارس لە ئێران دا. بەپێی ڕاپۆرتی چەندین ڕێکخراوی جیاوازی مافی مرۆڤ، وەک لێبووردنی نێونەتەوەیی، نەتەوەکانی غەیرە فارس، وەک کورد، بەلووچ، عەرەبەکانی ئەهواز، تورکەکانی ئازەربایخان و تورکمانەکان، لە ژێر چەوساندنەوە و هەڵاواردنی زۆر دان، بەشێوەیەک کە دەست راگەیشتنیان بەکار و پراکتیزە کردنی مافە کولتوری، مەدەنی و سیاسیەکانیان سنوردار کراون. کاتێکیش ئەندامانی سەر بەم نەتەوانە دەنگ هەڵدەبڕن دژ بەو پێشێلکاریانە کە بەرامبەریان ئەنجام دەدرێت، بەرەوڕووی گرتن، ئەشکەنجە و دادگایی نادادپەروەرانە، زیندانی و ئێعدام دەبنەوە.

میلیتاریزەکردن، ئێعدام، چەوساندنەوە و هەڵاواردنی خەڵک ستراتێژی بنەڕەتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانە بۆ بێدەنگ کردنی گەلی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران.

میلیتاریزەکردنی کوردستان، ئێعدام و چەوساندنەوە و هەڵاواردنی خەڵک ستراتێژی بنەڕەتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانە بۆ بێدەنگ کردنی گەلی کورد و نەتەوەکانی دیکە لە خەباتە ڕەواکەیان بۆ وەدیهێنانی مافی چارەی خۆنووسین، ئازادی، دێموکراسی و یەکسانی لە بواری زمان، فەرهەنگ و مافی سیاسی.

لەو پێوەندییەدا کۆنگرەی UNPO بڕیارنامەیەکی لە سەر دۆخی کوردستانی ڕۆژهەڵات پەسند کرد کە ئەو خاڵانە لەخۆ دەگرێت:

ـ پشتیوانی بەردەوامی خۆمان بۆ خەباتی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەردەبڕین بۆ گەیشتن بە مافی چارەنووس، دێموکراسی، ئازادی و مافی نەتەوایەتی.

ـ بە توندترین شێوە رێژیمی ئێران مەحکووم دەکەین بۆ ئێعدام کردنی زیندانییە سیاسییەکانی کورد و چالاکانی مافی مرۆڤ، ڕۆژنامەوانان و زیندانییانی دیکە.

ـ داوا لە رێژیمی ئێران دەکەین کە هەر ئێستا هەموو ئێعدامەکان رابگرێ و پابەند بێت بە یاسا نێونەتەوەیەکان لە پێوەندی لەگەڵ هەڵسووکەوت کردن لەگەڵ زیندانیانی سیاسی.

ـ نیگەرانی خۆمان دەردەبڕین لەسەر پێشێلکاری مافی مرۆڤی نەتەوە بندەستەکان لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە.

ـ داوا لە ڕێژیمی ئێران دەکەین کە میلیتاریزەکردنی کوردستان و هەرێمەکانی دیکەی نەتەوە بندەستەکان رابگرێ و ناوچە سنوورییەکانی نێوان کوردستانی ئێران و عێراق بۆردوومان نەکات.

ـ نیگەرانی خۆمان دەردەبڕین لە سەر هەلومەرجی زیندانیانی سیاسی کورد، کە بە شێوەی نادادپەروەرانە و لە دەرەوەی چوارچێوە یاساییەکان مەحکووم دەکرێن بە ئێعدام و زیندانی درێژماوە، هەروەها نیگەرانی خۆمان لە دەستبەسەرکردنی چالاکانی سیاسی، نووسەران، ڕۆژنامەوانان، چالاکانی کرێکاری و مافی مرۆڤ دەردەبڕین.

-ـ داوا لە سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەین بۆ ڕاگرتنی کوشتنی کۆڵبەرانی کورد لە سنووری نێوان کوردستانی ڕۆژهەڵات و کوردستانی باشوور.