کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێکۆشەرێکی دێرینی ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆچی دوایی کرد

17:07 - 11 پووشپەڕ 2717

کوردستان میدیا: پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزب و کەسایەتی ناسراوی ناوچەی سەقز لە تەمەنی ٧٥ ساڵیدا لە شاری سەقز ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

بەپیی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ پێشمەرگی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەناوی مەجید ئەحمەدپەنا، لەدایک بووی ساڵی ۱۳۲۱ی هەتاوی لە گوندی تاڵەجەڕ سەر بە ناوچەی سەرشیوی سەقز، پاش بەربەرەکانێیەکی دژوار لەگەڵ نەخۆشییەکی سەخت ڕۆژی ١ی پووشپەر ماڵئاوایی لە ژیان کرد و لە گۆڕستانی ئایچی شاری سەقز لە نێو ئاپۆڕای جەماوەری ناوچە بە خاک سپێردرا.

کاک مەجید لەگەڵ دەستپێکی شۆڕش لە خۆرهەڵاتی کوردستان پاش ڕووخانی ڕژیمی پەهلەویی و دەستپێکی سەرکوتی ڕژیمی دڕندەی ئاخوندەکان، هەستی به ستمێک که بەرانبەر به نیشتمانەکەی دەکرێت کرد و بوێرانە چەکی شەرەفی لەشان کرد و له هێزی عەزیزی یوسفی شارستانی سەقز جلی پیرۆزی پێشمەرگایەتی لەبەر کرد و بوو به پێشمەرگە و شان به شانی هاوڕێیانی ئازایانه‌ لە چەند شەڕی بەناوبانگی ناوچەی سەقز لەدژی داگیرکەرانی کوردستان بەشدار بوو.

پاش ماوەیەک به هۆی دژواری باری گوزەرانی ژیان و بۆ دابین کردنی بژێویی ژیانی منداڵەکانی لەسەر ئیزنی حیزب گەڕایەوە زێدەکەی و تا دوا چرکه‌ی ژیانی وەفادار به حیزب و نیشتمان مایەوە.

ناوبراو کەسایەتییەکی خۆشناو و جێگەی ڕێزی خەڵکی ناوچە بوو و هەردەم هانی لاوانی دەدا بۆ خزمەت بە نیشتمان. لەم ڕاستایەشدا چەن جار کەوتە ژێر گوشاری ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم بەڵام بۆ ساتێکیش کۆڵی نەدا و ملکەچی ویستەکانی ڕێژیم نەبوو.

پێویست بە ئاماژەیە کە ماڵی ناوبراو لە سەردەمی خەباتی چەکداری ساڵانی ٦٠ و ٧٠ی هەتاوی شوێنی حەوانەوەی کادر و پێشمەرگەکانی حیزب بوو.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی بنەماڵە و کەس و کاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.