کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باوکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان کۆچی دوایی کرد

22:23 - 11 خەرمانان 2716

کوردستان میدیا: مام موراد عەلیپوور باوکی شەهید حوسێن عەلیپوور ناسراو بە شەهید حەسۆ، ماڵاویی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی پێنج‌شەممە ڕێکەوتی ١١ی خەرمانانی ١٣٩٥ی هەتاوی، مام موراد عەلیپوور کوڕی محەممەد سەلیم، ناسراو بە مورادی گردەسووری، خەڵکی گوندی گردەسوور، سەر بە شاری پیرانشار، و دانیشتووی ئێستای شاری شنۆ، لە تەمەنی ١٠٩ ساڵیدا لە نەخۆشخانەی شاری شنۆ بە هۆی نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.

مام موراد کەسایەتییەکی ناسراوی ناوچەی پیرانشار و شنۆ بوو. ناوبراو پێوەندی بە حیزبی دێموکراتەوە هەبوو و لەگەڵ تێکۆشەرانی ساڵانی ٤٦ ـ ٤٧ و بە تایبەتی شەهید \'\'سلێمان موعینی و موراد شیرێژ. دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران بوو بە پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات و لەگەڵ کوڕەکەی بە ناوی حوسێن عەلیپوور ناسراو بە حەسۆ، تا ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی، وەکوو پێشمەرگە لەگەڵ حیزبی دێموکرات مایەوە و بەرپرسیارەتی وەرگرت.

border=0شەهید حەسۆ پێشمەرگەیەکی ئازا بوو و پلە نیزامییەکانی وەکوو سەرپەل و سەردەسته و جێگری لک، و دوایین بەرپرسیارەتی خۆیشی وەکوو جێگری هێزی سامڕەند وەرگرت.

ناوبراو ساڵی ١٣٧٠ی هەتاوی لە پیلانێکی تێرۆریستیی ڕێژیمی ئێراندا، لە ئەنجامی تەقینەوەیەکدا لەگەڵ شەهیدان مەلا ڕەسوڵ گەردی، و جەلیل ماماڵی شەهید بوون.

تەرمی مام موراد لە نێو ئاپۆرای خەڵکی ناوچەکەدا بە خاک سپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران، پرسه و سەرەخۆشیی خۆی له بنەماڵه و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی به شەریکی خەمیان دەزانێت.