کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٢٠هەزار منداڵی بەلوچ لە مافی خوێندن بێبەش کراون

16:53 - 12 پووشپەڕ 2717

کوردستان میدیا: سەرۆکی کۆڕی نوێنەرانی سیستان لە مەجلیسی ڕێژیم ڕایگەیاند: بەپێچەوانەی ئامارەکانی دەوڵەت ڕێژەی ڕاستەقینەی منداڵانی بێ بەش بوو لە خوێندن لەم پارێزگایە ١٢٠هەزار کەسە.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١١ی پووشپەڕ لە وتووێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی خانە ملت، مۆحەممەد نەعیم ئەمینی فەرد ڕایگەیاند: لانیکەم ١٢٠ هەزار منداڵی بەلوچ لە مافی خوێندن بێبەشن کە هۆکارە سەرەکییەکانی بریتین لە: نەبوونی ناسنامە، دەسپێڕانەگەیشتن بە ناوەندەکانی خوێندن، نەبوونی دادپەروەری فێرکاری و لاوازی باری کلتوری.

بەوتەی ناوبراو ٧٠%ی ئەم منداڵانە کە لەشارەکانی ئێرانشار، چابەهار، کەنارەک، نیکشەهر و سەراوان دەژین خاوەنی ناسنامە نین؛ پێشتریش لە ساڵی ٩٠ی هەتاوی ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی مەجلیس ڕایگەیاندبوو کە بەپێی سەرژمێرییەکانی ساڵی ٨٥ زیاتر لە ٣ میلیۆن منداڵ لە ئێران لە مافی خوێندن بێبەش کراون کە هۆکارە سەرەکییەکانی بریتین لە: هەژاری و بێدەرەتانی ماڵی، نەبوونی فەزای تایبەت بۆ خوێندن، مەودای دووری قوتابخانەکان، دوو زمانەبوونی خوێندن.

لە ڕەزبەری ساڵی ڕابردووشدا هەواڵدەریی تەسنیم لە ڕاپۆرتێکی وێنەییدا ئاوڕی لە دۆخی شپرزی خوێندن لە پارێزگای سیستان دابوویەوە و تێیدا هۆشداری دابوو لە ئەگەری وازهێنانی زیاتری منداڵان لە خوێندن، ئەویش بەهۆی نەبوونی کەل و پەل و پێداویستییەکانی خوێندن بۆ وێنە نەبوونی ئاوی خواردنەوە، نەبوونی جانتای قوتابخانە، نەبوونی پێنووس و پەرتووک و هتد.

بەپێی هەندێک ئاماری فەرمی تەنیا پارێزگای سیستان پێویستی بە لانیکەم ٨ هەزار مامۆستا و ٨٠٠هەزار میتر فەزای فێرکاری هەیە؛ پرسێک کە چەندین ساڵە چالاکانی ئەم هەرێمە باسی لێوە دەکەن بەڵام هیچ کات لە لایەن ڕێژیمەوە وەڵام نەدراوەتەوە و پشت گوێ خراوە.

ماوەیەک پێش ئێستا ڕۆژنامەی شرق لە لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی‌دا ئاشکرای کردبووکە؛ قوتابییەک ئەگەر بیهەوێ بەشێوەیەکی زۆر ئاسایی، لە قوتابخانەیەکی حکوومەتی و بەدوور لە تێچووە زیادییەکان (واتە تەنیا بە دابین کردنی پەرتووک و تێنووس و پێنووسەکان و جانتا و ... ) بچێتە قوتابخانە، دەبێ ٧٠٠ هەزار تمەن پارە سەرف بکات؛ هەڵبەت ئەم تێچووانە جیاوازە لەو پارەی کە ناوەبەناوە لە ژێرناوی یارمەتی گەیاندن بە فلستین و منداڵانی سووریە و دابین کردنی سووتەمەنی و کڕینی کاغەزی ئیمتحان و... هتد، لە منداڵان وەردەگیرێ؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەپێی ئەسڵی ٣٠ی یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی ئەرکی سەرشانی دەوڵەتە کە پێداویستییەکانی خوێندن بۆ هەموو دانیشتووانی ئێران تا کۆتایی قۆناغی ناوەندی دابین بکات.