کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە چلەی نەوشیروان مستەفادا بەشداری کرد

17:49 - 12 پووشپەڕ 2717

کوردستان میدیا: شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوئیس لە چلەی ماتەمینی نەوشیروان مستەفا ئەمیندا بەشداری کرد.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١١ی پووشپەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی لەسەر بانگھێشتی فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان شاندێکی کۆمیتەی سوئیسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستیی کامران ڕەسووڵی بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوئیس بەشدارییان لە چلەی ماتەمینی نەوشیروان مستەفا ئەمیندا کرد.

كۆڕەکە بە بەشداری نوێنەرایەتی زۆربەی ھێز و لایەنە سیاسییەکانی ھەر چوار بەشی کوردستان و بەشێکی بەرچاو لە ڕەوەندی کوردی بەڕێوە چوو.

لەو کۆڕەدا کامران ڕەسووڵی بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە سوئیس وتارێکی بەو بۆنەیەوە پێشکەش بە بەشدارانی کۆڕەکە کرد.

ڕەسووڵی لە سەرەتای قسەکانیدا وێرای بەرزنرخاندنی کەسایەتی نەوشیروان مستەفا ئاماژەی بە ھەڵوێستەکان و ڕوانینەکانی ناوبراو بە نیسبەت ڕۆژھەڵاتی کوردستان‌ کرد و گوتی: نەوشیروان مستەفا یەک لەو سیاسییە واقیع بینانەی کوردستانی باشوور بوو کە سیاسەتی دەستێوەردانی لە بەشەکانی دیکەی کوردستان رەت دەکردەوە؛ ناوبراو یەک لەو سەرکردانەی کورد بووە کە لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا پێوەندی باشی دۆستانەی لە گەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا ھەبووە .

ڕەسووڵی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وێڕای ئاماژە بە دۆخی ئێستای باشووری کوردستان وتی: وەک ھەمووان دەزانن باشووری کوردستان لە بەردەم تاقیکارییەکی گەورەدایە و لەم قۆناغەشدا ئەرک و بەرپرسایەتی لە ئەستۆی حیزبەکانی ئەو بەشەی کوردستان و یەک لەوان بزووتنەوەی گۆڕانە کە ئەمڕۆ بەشداری کۆڕی چلەی ڕێکخەرەکەی ئەو بزووتنەوەیەین ،بۆیە ئێمە ھیوادارین کە ئەندامان و لایەنگران و بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕان بە ھەست کردن بەو بەرپرسیارەتیەوە ئەو قورساییەی کە لە سەر شانیانە بە مەسئولیەتەوە لەگەڵ دۆخەکە بجووڵێنەوە.