کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی یەکیەتیی لاوان سەردانی کۆمیتەی کێلەشینی لەسەر سنوورەکانی کوردستانی خۆرهەڵات کرد

22:44 - 12 پووشپەڕ 2717

کوردستان میدیا: بە مەبەستی بەسەرکردنەوە و لەدەوری یەک کۆبوونەوە و ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەگەڵ ئەندامانی یەکیەتیی لاوان و باس کردن لە دوایین پڕۆژە و بەرنامەکارییەکانی یەکیەتیی لاوان، شاندێکی ئەو رێکخراوەیە بە سەرپەرەستی جەلال رەوانگەرد لە سەر سنوورەکانی خۆڕهەڵات لەگەڵ بەشێک لە ئەندامانی کۆمیتەی کێلەشینی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆبوونەوە.

نوێنەری یەکیەتیی لاوان لە سەردانێکی یەک حەوتوویی بۆ بنکەکانی هێزی تایبەتی حدکا لە سەر سنوورەکانی کوردستانی خۆرهەڵات چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ پۆلەکانی یەکیەتیی لاوان لە پێوەندی لەگەڵ دوایین پرسەکانی کوردستانی رۆژهەڵات ، هەلومەرجی ئێستای یەکیەتیی لاوان و حدکا ، راسان و پرۆژەی خۆرهەڵاتی نوێ ، کاری رێکخراوەیی و یەکیەتیی لاوان وەک رێکخراوەیەکی تایبەت بە لاوی کورد، پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر لاوانی کورد، شەڕی سایبێری و نەرمی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر کوردستان، کاریگەرییەکانی راگەیاندن، ئامادەکارییەکانی یەکیەتیی لاوان بۆ کۆنگرەی نۆیەم و دوایین ئاڵوگۆڕ و پرۆژەکارییەکان لەو پێوەندییەدا و چەند پرسێکی تەشکیلاتی رێکخراو، بەڕێوەبرد.

لەو زنجیرە کۆبوونەوانەی پۆلەکانی کومیتەی کێلەشینی لاوان لە هێزی تایبەتی حدکا، ئەندامانی ئەو رێکخراوەیە کۆمەڵێک سەرنج و پێشنیاریان لە هەمبەر کاریگەری‌دانان لە راستای بەرەوپێشچوونی پڕۆژەکارییەکانی رێکخراو خستەڕوو و نوێنەری لاوان بە گەرمی پێشوازی لە سەرنج و تێبینییەکانیان کرد و ئامادەیی بەڕێوەبەری یەکیەتیی لاوانی لە راستای بەرەوپێشبردنی ئەو پێشنیارانە راگەیاند.

راسان و شێوە خەباتی نوێی حدکا و کاریگەرییەکانی کاری رێکخراوەیی یەک لەو پرسە گرینگانەی نێو پێشمەرگەکانی دێموکرات بوون کە لە دەرەوەی کۆبوونەوەکان و لە دانیشتنەکانی نێو بنکەکان بە سەرنج و تێبینی و خوێندنەوەکانی خۆیان ئاڵوگۆڕی بیروڕایان دەکرد و ئامادەیی هەرچی زیاتری پێشمەرگەکان لە راستای گەشەدان بە شێوە خەباتی نوێی رۆژهەڵات کە ئامانجی گرێدانی خەباتی شاخ و شارە، پرسێکی دیکە بوو کە لاوانی تازە پەیوەست ‌بوو بە ریزەکانی حدکا لە رۆژەڤی باسەکانیاندا بوو.