کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی هاوبەشی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە لە چلەی نەوشیروان مستەفادا بەشداری کرد

22:50 - 13 پووشپەڕ 2717

کوردستان میدیا: شاندێکی هاوبەشی حیزبی دێموکرات و کومەڵە لە چلەی ماتەمینی نەوشیروان مستەفا لە ئاڵمان بەشداری کرد.

ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی پووشپەڕ ڕێورەسمی چلەی ماتەمینی نەوشیروان مستەفا ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان لە شاری شتووتگارتی وڵاتی ئاڵمان بەڕێوە چوو.

لە ڕێوڕەسمەکەدا شاندێکی هاوبەشی کۆمیتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان ئاڵمان بەشداری کرد و بەو بۆنەوە پەیامێکیان پێشکەش کرد.

لە پەیامەکەدا وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەرێزی کاک نەوشیروان، بزووتنەوەی گۆڕان و دۆست و هەڤاڵانی، ئاوڕێکیش لە دۆخی هەنووکەیی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی درابووە.

لە بەشێک لە پەیامەکەدا هاتبوو: ماڵئاوایی کاک نەوشیروان مستەفا لە کاتێک دابوو کە ڕۆژهەڵاتی نێوەراست بە گشتی و کوردستان بەتایبەتی بە دۆخێکی هەستیاردا تیپەڕ دەبێ و ئەوەش ئەرکی هێزە خەباتکار و نیشتمانییەکانی گەلی کورد قورستر دەکا، کە بێ گومان لە نەبوونی سەرکردەیەکی دیاری بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردی وەک کاک نەوشیروان ئەرکی زیاتر دەخاتە سەر شانی بزووتنەوەی گۆڕان لە پێناو وەدی هاتنی ئاوات و ئامانجەکانی ڕەوانشاد کاک نەوشیروان مستەفا.

شەڕ لە دژی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی و جەمسەربەندییەکان، دەستێوەردانی داگیرکەرانی کوردستان لە ناوچە و هەرێمی کوردستان کە ڕێژیمی تیڕۆریستی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو پێوەندییەدا ڕۆڵی سەرەکی لە نانەوەی ئاژاوە و دووبەرەکی دەگێڕێ، دۆخی هەنووکەیی ناوچە و جیهان بەرەو ئاقارێکی نادیار دەبات. هەربۆیە ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران پێداگرین لە سەر یەکخستنی ڕیزەکانی گەلی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان و بەتایبەتیش لە هەرێمی کوردستان پێویستە لایەنە سیاسییەکان بە ڕێگای گفتوگۆ و لێک تێگەیشتنەوە کۆتایی بە تەنگەژە سیاسییەکانی نێوانیان بێنن.

پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی، ئەو دەرفەت و هەلە زێڕینەی کە بۆ گەلی خەباتکاری کورد لە سایەی فیداکاری و لەخۆبردوویی ڕۆڵەکانی و بە بەخشینی خوێنی گەشی هەزاران مڕۆڤی شۆڕشگێڕی خۆنەویست بەرهەم هاتووە، هەنگاونان بەرەو سەرەبەخۆیی وەک داوا ئاوات و ئامانجی لە مێژینەی نەتەوەکەمان گیانی تەبایی و برایەتی لە هەموان دەخوازێ و ئێمەش بەپێی ئیمکان و دەرەتانێک کە لەبەر دەستمان دایە پتر لە جاران ئامادەی هەموو جۆرە هاوکارییەکین.