کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆپبارانەکانی ڕێژیمی ئێران ئیدانە دەکات

00:10 - 14 پووشپەڕ 2717

کوردستان میدیا: حکومەتى هەرێمى کوردستان وێڕای ئەوەیکە تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکان لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە ئیدانە دەکات، بانگهێشتى کۆنسوڵى گشتیى ڕێژیمی ئێرانیش دەکات.

هەواڵدەرییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویان کردەوە کە، حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆردوومانەکانى ئەم دواییانەى ناوچە سنوورییەکانى هەرێمى کوردستان لە لایەن ڕێژیمى ئیسلامیى ئێرانەوە ئیدانە دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتەکان حکومەتى هەرێمى کوردستان وێڕای ئەوەیکە تۆپبارانەکان مەحکوم دەکات ڕایگەیاندووە، ئەوە لە کاتێک دایە ئێمە پابەندین بە بنەماکانى دراوسێیەتى باش و دەستنەخستنە ناو کاروبارى یەکتر و لایەنێک نین لە کێشەکانى نێوان ڕێژیمى ئیسلامیی ئێران و گرووپەکانى ئۆپۆزسیۆن و گرفتەکانی نێوانیان.

هەروەها حکومەتى هەرێمى کوردستان باسی لەوە کردووە، نامانهەوێت لەژێر ئەو پەردەیە دانیشتووانى مەدەنیی هەرێمى کوردستان لە ناوچە سنورییەکان، وەک کۆچەری و گوندنشینەکان، ببنە قوربانیى بۆردوومان و تۆپبارانەکانى ڕێژیمی ئیسلامیى ئێران.

هەروەها حکومەتی هەرێم ڕایگەیاندووە حکومەتى هەرێمى کوردستان لە کاتێکدا ئەم کارە سەرکۆنە دەکات، داواش لە ڕێژیمی ئیسلامیى ئیران دەکات، دەست لە هێرشکردنە سەر خەڵکى مەدەنى و خاکى هەرێمى کوردستان هەڵبگرێت.

هەروەها حکومەتى هەرێمى کوردستان بانگهێشتى کۆنسوڵى گشتیى ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی دەکات و ڕایگەیاندووە، ئامانج لەو بانگهێشتە بۆ گەیاندنى پەیام و هەڵوێستى ناڕەزایى حکومەتى هەرێمى کوردستانه، تاوەکو بەرزی بکەنەوە بۆ پایتەختى خۆیان.

ڕۆژی دووشەممە تۆپخانەکانی ڕێژیمی ئێران ناوچە سنوورییەکانی باشووری کوردستانیان بە درێژانی ١٥ کیلۆمیترتۆپباران کرد.