کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد لە هزری دوکتور قاسملوودا

00:14 - 14 پووشپەڕ 2717

کاوە بەهرامی

دوکتور قاسملوو سیاسەتوانی ناوداری کورد و سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد، ڕوانگەیەکی ڕیالیستیی بە واتەی وشە هەبوو. ئەو پێی وابوو کوردستان بەگشتی یەکەیەکی جوغرافیایییە کە بەهۆی ململانێ و کێشە جیهانی و ناوچەیییەکان بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندیی وڵاتە زلهێز و ناوچەیییەکان دابەش کراوە. ئەو دابەشکرانە دەگەڕێتەوە بۆ شەڕی چالدران کەلە نێوان حکوومەتەکانی عوسمانی و سەفەویی ئێراندا ڕووی دا. هەروەها دوای شەڕی دووهەمی جیهانی، جارێکی دیکە ئەو دابەشبوونە کوردستانی لە نێوان چوار وڵات دابەش کرد کە ئامانجی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی زلهێز لە ناوچەکەدا بوو.

قاسملووی ڕێبەر بەردەوام دووپاتی دەکردەوە کە \'\'ئەگەر ڕۆژێک کوردستان وەک یەک وڵات بێتە ناو بازنەی سیاسیی نێونەتەوەیی، ئەوە جیابوونەوە لەو چوار وڵاتە نییە کە بە سەریدا دابەشکراون، بەڵکوو کوردستان وەک خۆی لێ هاتوەتەوە و تازە گەیشتووە بە قۆناغی ١٩١٤ پێش شەڕی چالدران\'\'.

شەهید دوکتور قاسملو باوەڕێکی تەواوی بە یەکسانیی مرۆڤەکان هەبوو. دژی هەر چەشنە ڕەگەزپەرستی، دیکتاتوری و فاشیزم بوو. ئازادی لە ڕوانگەی ئەوەوە مافی بێ ئەملا و ئەولای هەموان بوو، بەڵام سنوورێکی لە نێوان ئازادی و ئانارشیزمدا دادەنا،یاسای وەک دابەزاندنی نەزم لە کۆمەڵگادا بە میکانیزمی بەڕێوەبەریی دادپەروەرانە پێوانە دەکرد. یاسایەک کە لەگەڵ داب و نەریتی کۆمەڵگا گونجاو بێت و پەسندکراوی خەڵک بێت.

سیاسەتی وەک هونەری مومیکن پێناسە دەکرد. لە واقیعدا پێناسەیەکی زانستییانە و دروست، لە بەر ئەوە سیاسەت ڕەهەند و دەروازە و دەلاقەی جۆرواجۆری هەیە. دەڵێن سیاسەت مەرنە (کێشدارە) واتە هەر مرۆڤێک دەتوانێ بەپێی بۆچوون و داخوازییەکانی خۆی هەڵسەنگاندنی بۆ بکا.

بۆیە لە سیاسەتدا تاقەت و پشوودرێژی و ماندوونەناسی بۆ سیاسەتوان هەوێنی سەرکەوتن دەبێت.

لە ڕوانگەی خۆمەوە دوکتوری شەهید بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی گەلی کورد لە زۆر تاکتیک کەڵکی وەر دەگرت، ستراتیژیی سکرتێری مەزنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕزگاریی گەلی کورد بوو، هەر بۆیە لە باسێکدا کە لەگەڵ کادرەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەیکا، دەڵێ: بۆ دێموکراسی؟ بۆ خودموختاری؟ لەو باسەدا بە ڕاشکاوی باس لە دیاریکردنی مافی چارەنووس و سەربەخۆیی گەلی کورد دەکا و دەڵێ مافی بێ ئەملا و ئەولای خۆمانە کە سەربەخۆ بین و ئێمە بە هەموو پێوانەیەک نەوتەوەیەکین، بە مێژوو، بە جوغرافیا، بە زمان و کولتوورمان، بەڵام بەهۆی ئەم دابەشبوونەوە بەسەر چوار وڵاتدا و نەبوونی سنوورێکی ئاوی، یان بێلایەن هەلومەرجی جیهانی و ناوچەیی ئێستا دەبێ تەنیا باس لە خودموختاری بکەین هەتا بزانین لە چ قۆناغێکدا ستراتیژیمان بە ئامانج دەگا.

ئەو دژی چەوسانەوە بوو. هەڵوێستەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ دیفاع لە حیزب و لایەنەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان لە هەلومەرجەکانی، وەک کیمیاباران، ئەنفال و کۆمەڵکوژی لە بۆچوونە سیاسیەکانی ئەم شەهیدە ڕەنگی داوەتەوە. هەر بۆیە لەگەڵ گۆڕانکارییەکان و بەپێی بارودۆخی جیهانی و ناوچەیی بەرنامەی پێشکەش بە ڕێبەریی حیزب دەکرد لە کۆنگرە و پلینۆمەکانی حیزبیدا، تێدەکۆشا گۆڕانکاریی سیاسی لەگەڵ بارودۆخی کوردستان و ناوچە هەڵسەنگاندنی بۆ بکا و قازانج و بەرژەوەندییەکان بخاتە بەر باس و بڕیاری کۆتایی لە ڕاستای گەیشتن بە ئامانج و ستراتیژیی حیزب لە بەرێوەبەرایەتی حیزب پەسند بکا.

دکتۆری زانا لە ناساندنی کورد و کوردستان بە وڵاتانی بیانی بە تایبەت وڵاتە ئورووپایییەکان دەورێکی کارێگەری بوو. ئەو پێی وا بوو، بۆ گەیشتن بە مافە ڕەواکانی گەلی کورد پێویستە لە کۆڕ و کۆبونەوە نێودەوڵەتی و حیزبییەکان، بوونمان هەبێ. لەسەر نەتەوەکانی ژێردەستی وڵاتانی دیکە ناسیاری و پێوەندی باشی هەبوو. ئەو پێی وابوو پێویستە لەگەڵ نەتەوە ژێردەستەکان پێوەندیمان هەبێ هەر لەو پێوەندییەدا حیزب لەگەڵ شۆڕشی فەلستین پێوەندیی هەبوو، بۆ یەکیەتیی پارچەکانی دیکەی کوردستان بەردەوام لەگەڵ حیزبەکان لە دانووستاندا بوو، لە نزیکبوونەوە و هاوکاریی پارچەکانی دیکەی کوردستان بەردەوام بوو و لە بەرنامەی کارییدا بوو. بۆیە پێی وابوو ئاشتی و تەبایی و یەکڕیزیی حیزبە کوردییەکان لەمەڕ گەیشتن بە مافی چارەی خۆنوسین دەورێکی کاریگەری دەبێت. هەر لەو ڕوانگەیەوە بە ئاسۆیەکی فراوانترەوە چارەی لە کێشەی کورد دەکرد.

ئەگەر بە کورتی چاوخشاندنێک بە ماوەی سکرتێری ئەو پیاوە مەزنە لە حیزبی دێموکراتدا بکەین، دەتوانین بڵێین ڕێبەرێک بوو کە \'\'ڕێبەریی جەمعی\'\'ی هێنایە ناو حیزبی دێموکرات، بە مودیرییەتێکی سەردەمیانە و زانستییانە، حیزبی گەیاندە ئاستی حیزبە سیاسی، دێموکراتی، پێشکەوتنخوازەکان. لە کۆتاییدا هەوڵی گەیاندن و گەیشتن بە ئەنترنالیسۆنال سوسیالیست و هێنانە بەرباسی پرسی کورد لەژێر کاریگەری و کارتێکەریی ئەو ڕێبەرە مەزنە بوو.

ئەگەر هەڵسەنگاندنێک لە نێو جووڵانەوەی کورد و ڕێبەرانی ئەو جووڵانەویە بکەین، دەکرێ بە ڕاشکاوانە بڵێین دوکتور قاسملووی ڕێبەر سەلماندی گەلێک ئازادیی بوێ دەبێ نرخی ئەو ئازادیەش بدا، بە مەبەستی گەیشتن بە ئازادی و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ و دانی نرخی ئازادی، گیانی پاکی پێشکەش بە ئەویندارانی ئاشتی و ئازادی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی کرد.

ڕۆحی شاد و ڕێگای پیرۆزی بەردەوام و هەردەم پـڕ ڕێبوار

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.