کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەمار حەکیم: ئیسرائیل پشتیوانیی لە ڕێفراندۆم دەکات

16:35 - 14 پووشپەڕ 2717

کوردستان میدیا: سیاسەتەمەداری شیعەی عێراق لە دیدارێکدا لەگەڵ عەلی لاریجانی سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران باسیان لە ڕێفراندۆمی هەرێمی کوردستان کرد.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان؛ عەمار حەکیم سەرۆکی مەجلیسی باڵای ئیسلامیی عێراق لە سەردانی خۆیدا بۆ تاران ڕایگەیاندووە: دابەشکردنی عێراق تەنیا لە سنووری عێراقدا ناوەستێ و کاریگەریی لە سەر تەواوی ناوچەکە دەبێت.

ئەو سیاسەتەمەدارە شیعەیە لەو دیدارەدا باسی لەوە کردووە دابەشبوونی عێراق لە بەرژەوەندیی کەسانێکیشدا دەبێت کە بەردەوام خەریکی ناکۆکی دروستکردنن لە نێوان کوردەکان و شیعەکاندا.

عەمار حەکیم، لە دیدارەکەیدا لەگەڵ عەلی لاریجانی، سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران گوتوویەتی: ئیسرائیل هەمیشە خەریکی ئەوە بووە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێگەیەکی جیددی هەبێ، بۆیە ئێستا پشتیوانی لە ڕێفراندۆم و دابەشکردنی عێراق و دروستکردنی لەنێوان عێراقییەکاندا دەکات.

پرسی سەربەخۆیی کوردستانی باشوور و دیاریکردنی ڕۆژی ڕێفراندۆم بۆ پرسی سەربەخۆیی لە یەکەم مانگی وەرزی پاییزی ئەمساڵدا لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دژکردەوەی چەند وڵاتی دراوسێی لێکەوتەوە کە لە نێویاندا دژایەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە هەمووان زەقترن.