کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان هۆشداری بە ڕێژیمی ئێران دا

16:58 - 2 جۆزەردان 2717

کوردستان میدیا: دەوڵەتی ئاڵمان داوای لە ڕێژیمی ئێران کرد واز لە پشتیوانیی گرووپە تێرۆریستییەکان و ئاڵۆزی نانەوە لە ناوچەکە بێنێت.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان زیگمار گابریێل وەزیری دەرەوی ئاڵمان ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١ی جۆزەردانی ١٣٩٦ی هەتاوی، لەپرێس کۆنفڕانسێکدا داوای لە ڕێژیمی ئێران كرد بەرۆکی وڵاتانی عێراق و سووریه بەردات و چیتر توندوتیژی ڕەوانەی ئەم دوو وڵاتە نەكات.

گابریێل ئەو قسانەی لە پرێس کۆنفڕانسێکی هاوبەش لەگەڵ جان ئیڤ لۆدریان وەزیری دەرەوەی فەڕانسه‌دا کرد.

وەزیری دەرەوەی ئاڵمان هەروەها ڕایگەیاند؛ پێویستە ڕێژیمی ئێران واز لە پشتیوانی كردنی ئەو گرووپە چەكدارانە بێنێت كە لە عێراق و سووریه چالاکی دەکەن.

ناوبراو باسی لەوە کرد کە؛ ئەم گرووپانە ئاسایشی عێراق و سووریەیان تێکداوە و ڕێگە نادەن سەقامگیری بەخۆیانەوە ببینن.

گابریێل هەروەها ڕایگەیاند؛ ئەگەر ڕێژیمی ئێران مەبەستی بێت پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ ڕۆژئاوا هەبێت، پێویستە بەرۆکی دراوسێكانی بەردات وجەختی کردەوە كە، ئێران ڕۆڵێکی زۆری لە کێشەکانی ناوچەدا هەیە، بەڵام ڕۆڵێكی قورستر و بەرچاوتر، بەتایبەتی لە كێشەكانی عێراق و سووریەدا دەگێڕێت.

لەو پێوەندییەدا دۆناڵد تڕامپ لە کۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانی لە ئیسرائیل باسی لەوە کرد کە؛ پەیوەندییە دیپلۆماسی و هاوکارییەکانی نێوان ئامریکا و ئیسرائیل بەردەوام دەبێت و گوتیشی، ڕێژیمی ئێران نەتەنیا لە ناوچەکە، بەڵکوو لە ئاستی جیهاندا پاڵپشت و پشتیوانی تێرۆریزمە و پێویستە لە ناوچەکە پێش بە جموجۆڵەکانی ئێران بگیردرێت.

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە چوارچێوەی یارمەتیی چەک‌وچۆڵ، ئابووری، ڕاهێنانی نیزامیی ئەندامانی گرووپە میلیشیاکان و هەروەها زیادکردنی باندە سیخوڕییەکان لە وڵاتانی ناوچەکەدا بەڕوونی دەرکەوتووە.