کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەوتی میلیتاریزە کردن لە کوردستان درێژەی هەیە

16:39 - 14 پووشپەڕ 2717

کوردستان میدیا: کوردستانی ڕۆژهەڵات لەلایەن بەرپرسانی نیزامی و ئەمنییەتی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران بە چڕی خراوەتە ژێر چاوەدێری نیزامییەوە.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی سێشەممە ١٣ی پووشپەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی ڕێژیم و هەروەها هێلیکۆپتێرەکانی ڕێژیم لەسەر سنووری شارەکانی شنۆ و پیرانشار چاودێری ناوچەکە دەکەن .

هەواڵنێری کوردستان میدیا ڕایگەیاند، کە فڕۆکەکانی ڕێژیم بە شێوەیەکی بەردەوام بە سەر ئاسمانی ناوچەکەدا هاتووچۆ دەکەن.

لە چەند مانگی ڕابردوودا ڕەوتی میلیتاریزە کردن لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بە شێوەی جۆراوجۆر لە لایەن بنکە و ناوەندە ئەمنیەتی و نیزامییەکانی ڕێژیمەوە ئەنجام دراوە و جموجۆڵی خەڵک لە کوردستان و بە تایبەت ناوچە سنوورییەکان چڕتر کرداوەتەوە.

چەند رۆژ لەمەوبەر سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران چەندین ماشینی نیزامیی لە جۆری 3F کە چەکی جۆری دۆشکایان لە سەر بووە و چەندین کامیۆنی نیزامی بۆ شاری سەردەشت ڕەوانە کردووە.

هەروەها چەندین پادگانی نیزامیی ڕێژیم کە لە بەر دەست هەنگی سنووری دابوونە، کەوتوونەتە بەر دەستی قرارگاه رمضان سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران.

ڕەوتی میلیتاریزەکردنی ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەردەوام لە لایەن سپای پاسدارانی ڕێژیمەوە درێژەی هەبووە و بەرپرسانی سپای ئەو ڕێژیمە بەردەوام باس لە گرتن و ئەمنییەتی‌کردنی سنوورەکان دەکەن و هەروەها ڕێژیمی ئێران ماوەیەکە بە چڕی و بەربڵاوی مانۆڕی سەربازی بەڕێوە دەبات.

دوای جێگیربوونی هێزەکانی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ڕێژیم بەردەوام شار و ناوچە سنوورییەکان مێلیتاریزە دەکات.