کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەسەن شەرەفی: ڕێژیمی ئێران هەر ئێقدامێک بکات پەشیمان دەبێتەوە

17:15 - 15 پووشپەڕ 2717

کوردستان میدیا: جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەبارەی هەڕەشەی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند، ڕێژیمی ئێران هەر ئێقدامێک بکات بە توندی پەشیمان دەبێتەوە.

دوای ئەوەیکە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٤ی پووشپەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی محەممەد پاکپوور فەرماندەی هێزی زەوینیی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران هەڕەشەی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرد، حەسەن شەرەفی جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی تەلەفزیۆنیی ڕووداو ڕایگەیاند، ڕێژیمی ئێران هەر ئیقدامێک بکات بە توندی پەشیمان دەبێتەوە.

وتەبێژی حیزبی دێموکرات لە بەشێکی ئەو وتووێژەدا باسی لەوە کرد ئەگەرڕێژیمی ئێران هەڕەشەکانی خۆی کردەیی بکات بێ گومان لەو بڕیارەی خۆی پەشیمان دەبێتەوە.

شەرەفی هەروەها ڕایگەیاند، زۆر ئاشکرایە ئەو پەشیمانییەی ڕێژیمی ئێران هەم بواری سیاسی دەبێت و هەم نیزامی.

وتەبێژی حیزبی دێموکرات هەروەها باسی لەوە کرد حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران خەباتی نوێی خۆی لەژێر ناوی ڕاسان بە هیچ جۆرێک بە بیانووی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان یا ڕێفراندۆم ڕاناگرێت.

شەرەفی لەو وتووێژەدا لەگەڵ کاناڵی تەلەفزیۆنیی ڕووداودا جەختی کردەوە، ڕێفراندۆم بۆ هاووڵاتییانی باشووری کوردستان قۆناغێکی مێژووییە بەڵام حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەڕای ئەوەیکە لەو بارەیەوە پابەند بە بەڵێنییەکانی خۆیەتی بەڵام تەنانەت بۆ یەک کاتژمێریش خەباتی خۆی ڕاناگرێت.

وتەبێژی حیزبی دێموکرات هەروەها باسی لەوە کرد حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە نیسبەت هەڵوێست و خەباتی خۆی بەرپرسیارە و بە هێچ شێوەیەک قسەیەک ناکات کە لە توانایدا نەبێت.

فەرماندە و بەرپرسانی نیزامیی ڕێژیمی تێرۆریستی تاران بەردەوام هەڕەشەی تۆپبارانی بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەکەن.

ئەم ترس و دڵەڕاوکێیانەی سپای پاسداران لە کاتێکدا دێنە ئاراوە کە لە ترسی ئەنجامەکانی ڕاسان ماوەیەکی دوور و درێژە ئەم دەزگا سەرکوتکەرە لە هەوڵی میلیتاریزە کردنی هەرچی زیاتری شار و گوندەکانی کوردستانە.

ئەم هەوڵە نەزۆکانەی ڕێژیمیش لە کاتێکدان کە خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە دەرفەتەکان کەڵک وەردەگرن و بە ئەنجامدانی چالاکیی جۆراوجۆر پاڵپشتیی خۆیان لە ڕاسان دووپات دەکەنەوە.