• ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤاری ئاگری
  • گۆڤاری بیری خوێندکار
  • گۆڤاری لاوان
  • گۆڤاری ژنان
  • کەناڵی تەلەفزیۆنی تیشک
  • گۆڤاری نەرگز
٢٣ی نوامبری ٢٠١٧ی زایینی - ٠٢ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی  

بەرەی ڕێژیمی ئێران لە نێوخۆوە

زایینی: ٠٦-٠٧-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٦/٠٤/١٥ - ٢١:٢٢ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
بەرەی ڕێژیمی ئێران لە نێوخۆوە
کەیوان درودی

لەم دەقە هەوڵ دراوە بێ خزانە نێو گشتایەتیی بابەتی هۆ، پاشماوە و دۆخی هەنووکەی کێبڕکێی سەردەمی دووجەمسەری ـ کە پرسێکی لە بنەڕەتدا فرەلا و ئاڵۆزە ـ جەخت لە سەر ڕەوایەتی، شێوازی مامەڵەی دەسەڵات و کۆمەڵگە و بە گشتی ڕوو و ڕەهەندی ناوخۆیی وڵاتانی ئەم بەرە لە ئێستە، بکرێ. بە دیوێکی تردا ماین ئایدیای ناودێڕەکان بەدوای دەستخستنی خوێندنەوەیەکی گشتییە لە سەر مەودای کۆمەڵگە و دەسەڵات، لەو وڵاتانەی کە لە ئێستە بە جۆرێک میراتگری بەرەی سۆڤییەتی ئەوسان. لە ٩١ی زایینی، کۆتایی کێبڕکێ، بەر یەککەوتن و شەڕی هێژمۆنخوازیی دووجەمسەر بەشێوەی نافەرمی ڕاگەیەندرا، بەویشەوە هێشتا بە ڕادەیەکی کەمڕەنگتر هەر ئەو پرسە شاراوە یان ڕاشکاوە درێژەی هەبووە، هەیە و دیارە دەشبێت.

بەڵام ڕوویەکی گرینگی ئەم پرسە ئاڵۆزە، لایەنی نێوخۆیی ئەم وڵاتانەیە کە بەجۆرێک بەشێک لەم کێبڕکێ بڕست بڕە بوونە و دۆزینەوەی سەرەدەزووی سەرکەوتنی ڕێژەیی بەرەی ئیدئۆلۆژیی لیبراڵ ـ دێموکراسی بەسەر چەپ/کۆمۆنیستییەکان لەباری سەقامگیری، ئاشتەوایی، پێشکەوتوویی، ڕەوایی و ڕەهەندە ناوخۆییەکانی تر. لەم بارەوە لەوانەیە ناسراوترین خوێندنەوە کە پێشبینییەکی بەجێی کردووە بۆ ئەم ڕۆژانە، لە دووتوێی پەرتووکی کۆتایی مێژوو بێت کە بە قەڵەمی میشێل فۆکۆیاما، فیلسووف، نووسەر و ئیستراتێژیستی ئامریکایی نووسراوە.

فۆکۆیاما لە ١٩٨٩ لەم پەرتووکەدا باس لەوە دەکات کە لیبراڵ ـ دێموکراسی وەک زاڵترین ڕەوت لە کۆی کێبڕکێ ئیدئۆلۆژیکەکان هەڵقوڵیوە و دوایین نەزمی جیهانی دێنێتە کایەوە. خوێندنەوەی ئەم بیرمەندە بە تێڕامانێک لە دۆخی ناوخۆیی (کۆمەڵایەتی) هەڵگرانی دروشمی دژی لیبراڵ ـ دێموکراسی کە ناسراوترینیان دوای رووسیە، کۆرەی باکوور، سووریە، وێنزوئێلا و ئێرانە، بەجێ بوونی خوێندنەوەی ئەو بیرمەندە پتر دەردەخات. ئاوڕدانەوەیکی کورت لە نێوخۆی وڵاتانی سەرەکیی بەرامبەری لیبراڵ دێمۆکراسی ڕووسیە لەدوای مێدوێدۆف و هاتنەوە سەرکاری پووتین لە ٢٠١٢ گومان لە ساختەکاریی لە هەڵبژاردنەکانی پارلمان بە قازانجی حیزبی ڕووسیەی یەکگرتوو ـ حیزبی پووتین ـ ئەوەندە بەهێز بوو کە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی لە فۆرمی رێپێوان و ناڕەزایەتیی سەرشەقام رسکا. لێرەوە بوو کە ڕووسەکان، پەڕۆی سپییان وەک سیمبۆل بەرز کردەوە و "ئالێکسی ناڤالنی" پێشەنگایەتی ئەو بزووتنەوەی پێ سپێردرا. ناوبراو لە دروشمە ناسراوەکەیدا دەڵێ: "گەرەکمانە شێوازی دەسەڵاتداری لەم وڵاتە بگۆڕین، دەمانهەوێ سەدوچل میلیۆن هاونیشتمانی لەم نیشتمانە وا نەوت و گازی لێهەڵدەقوڵێ، لە هەژاری و برسییەتی ڕزگاریان بێ و لە گرینگترین ڕستەیدا کە دەرخەری پێشکەوتوویی و لەهەمان کاتدا سەرکەوتوویی شێوەژیانی کۆمەڵایەتی و قەوارەی دەسەڵاتی رۆژئاوایی (هەمان لیبراڵ ـ دێمۆکراسی)ە، دەڵێ: "ئێمە گەرەکمانە وەک وڵاتانی ئۆرووپایی بژین ئا لێرەوە سەرکوتی کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی کوژرانی گوماناویی ڕۆژنامەنووسان، نیزامی و کەسانی پلەبەرزی لێژنەی دژەگەندەڵی وەک ئانا پۆلیتکۆڤسکایا و ئەلیکساندەر لیتڤینینکۆ پەرەی سەند. هەر لەم ماوەدا ناڤالی بۆ ماوەی سێ ساڵ سزای بەندکرانی بەسەردا سەپا و گەری کاسپارۆڤ، قارەمانی شەترەنج، وڵاتی رووسیەی بەناچار جێهێشت. بەڵام مەودای کۆمەڵگە و دەسەڵات ئەو دەمەی کە یاسای بنەڕەتی لە بەرژەوەندیی حیزبی حاکم، گۆڕدرا، فیشەکی کۆتایی بە جەستەی رووسیەوە نیشت. بەند و بڕگە یاساییەکانی تایبەت بە سزا وەک، ناپاکیی نیشتمانی، توندتر کردنەوەی تاوانەکانی پەیوەست بە ناڕەزایەتیی جەماوەری، بەرتەسک کردنەوەی بازنەی هەڵسووڕانی رێکخراوە مەدەنییەکان و پێداچوونەوە بە بڕگە یاساکانی توندئاژۆیی بۆ ڕێخۆشکردنی گرتن و دەستبەسەرکردنی خۆپیشاندەران و هتد. کورەی باکوور هێشتا لێکەوتە و شوێنەواری دەسەڵاتی یەکییەتیی سۆڤییەتی پێشوو لە دوای شەڕی دووهەمی جیهانی بەسەر جەستەی ئەم وڵاتەوە، دیارە.

لێرەش هاوشێوەی حیزبی کۆمۆنیست، تاقە حیزبێک بوونی هەیە و بژاردەکانی خەڵک تەنیا لیستی دوور و درێژی حیزبی حاکمە. پێوەرە باوە گەردوونییەکانی حکوومەتی مۆدێڕن، لە نزمترین ئاست دایە و هاوشێوەی یەکیەتی سۆڤییەت، داخرانی دەرگای پەیوەندی ڕوو بە دونیای دەرەوە، تەنگی بە خەڵکی ناوخۆ هەڵچنیوە. سەرپێچی لە یاسا لە لای تاکە ئەندامێکی بنەماڵەوە، ڕاستەوخۆ بە واتای تاوانی خێزانییە و سزاکەشی جۆرێک لە کاری خۆڕاییە کە زیاتر لە کەرتی کشتوکاڵ دا چڕ دەبێتەوە.

بەرهەمی ئەم کارە، ڕاستەوخۆ دەچێتە خەزانەی حیزبی دەسەڵاتدار. بەڵام کورە لەبەر یارمەتیی دراوسێکەی، واتە چین، توانیویەتی زۆرێک لە پەنابەران لە سەر سنوور یان تەنانەت لە بەردەم باڵوێزانی وڵاتان لە پێکەن بگەڕێنێتەوە و سزای بدات.

ڕێژەی ئیعدام زۆرە و قات وقڕی دیاردەیەکی نامۆ نییە، لە دوایین کەڕەتدا قات وقڕی نزیک بە دوو میلیۆن کەسی لەو وڵاتە کردووەتە قوربانی. ئەم وڵاتە هاوشێوەی ئێران، پێشگری کۆماریی لەسەر ناوەکەی داناوە و کۆی جمگەکانی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و هتد.. لە پاوانی دەسەڵاتێکی ئالیگاریشیدایە. وڵاتی کیم جوون، ئێستە نیمچەدوورگەی کۆرە بە تاقی تەنیا ماوەتەوە و تەنیا شتێک کە بەرووی دونیای دەرەوە هێشتا کراوەیە ڕۆکیت هاویشتنە. ڤێنزۆئێلا بێگومان نزیکترین وڵات بە ڕێژێمی ئێران لە ئامریکای لاتینە، کە لە ١٨١١ـەوە لەژێر داگیرکاریی ئیمپراتۆریی ئیسپانیای ئەوسا هاتەدەر و سەربەخۆیی خۆی بەدەست هێنا. ئەگەرچی ئەم وڵاتە کە لە ١٩٥٨ـەوە دەستێوەردانی نیزامییەکان ـ کە گەورەترین کێشەی گۆڕەپانی سیاسی بووە ـ ڕاگرت، بەڵام دواتر و لە درێژەی ڕەوتی پێشوودا و لە ١٩٩٨ـەوە و بەهاتنی هۆگۆ چاڤێز دیسان کەوتە بەرزونزمییەکی تۆقێنەر لە پێشکەوتن کە ڕەهەندەکانی بەڕێوەبەری و ئابووری/ دارایی بەرکەوتووترینی بەشەکانی ئەم ناسەقامگیرییە بوون.

سەردەرکردن لە ڤێنزۆئێلای پاش چاڤێز، پەیوەستە بە ناسیارییەکی گشتی لەسەر ناوبراو. بەکورتی هۆگۆ چاڤێز، لە شۆڕشێکی مەزنەوە هاتەسەرکار و هەر لەو کاتەوە لەبەر خوێندنەوە مارکسیستییەکەی خۆی، دەستی کرد بە هەڵچنینی دیوارێکی سیاسی/ئیدئۆلۆژیک بە پەڕاوپەڕی وڵاتەکەی و بەناوی خۆڕاگری لە بەرامبەر لیبرالیزمی جیهانگر، پەیوەندیی خۆی بەرامبەر بە ئامریکا و ئورووپا خستە حاڵەتێکی نائاساییەوە. هەر لەودەمەوە ناوبراو هاوشێوەی پووتین دەستی کرد بە رێخۆشکەریی یاسایی و پێکهاتەیی بۆ مانەوەی لە لووتکەی بڕیاری وڵات. چاڤێز پێچەوانەی یاسا بۆ چوار جاری لەسەریەک پۆستی سەرکۆماریی بۆخۆی مسۆگەر کرد، ئەگەرچی ویستی لە ساڵی ٢٠٠٧دا و لە ڕێفراندۆمێکدا لانیکەمی رەوایی مانەوەی بەدەست بێنێ، بەڵام بە زۆرینەی رەها لەلای هاووڵاتییانەوە دەنگی "نا"ی وەرگرت.

پەیوەندیی چاڤێز و ئەحمەدی نژاد

ئەم دوو کەسە کە بەسەر شەپۆلی حاکمییەتێکی ئاپۆڕەچیی ئیدئۆلۆژیکدا سوار ببوون، نێوانیان لە پەیوەندییەکی باوی دیپلۆماتیکەوە بۆ حاڵەتێکیی بنەماڵەیی و خزمایەتی گۆڕیبوو.

گەورەترین گرێبەستەکانی خانووبەرەسازیی قۆناغی ئەحمەدی نژاد، لە تەک چاڤێزدا بەسترا کە لە شوێنی بوودجەی گشتیی وڵاتی ئێرانەوە پێخۆر ئەکرا. هەروەها گرێبەستە پڕمشتومڕە نەوتییەکان کە سامانی گشتیی وڵاتی خستە خزمەت برەودان بە سیاسەتی حیزبی پێڕەوی لە ئێران و ئامریکای باشوو کە نارەزایەتیی سەرشەقامی لێکەوتەوە. گرینگترین خاڵی پەیوەندیی ئەم دوو کەسە، تەرخانی دوو میلیارد دۆلار لە سامانی گشتیی وڵاتەکەیان بوو بۆ هاوپەیمانیەتییەکی دارایی لە ژێرناوی هاریکاری بۆ وڵاتانێک کە لە هەوڵی ڕزگاری لە کۆتوبەندی ئیمپێریالیزمدان.

هۆگۆ چاڤز لە ساڵی ٢٠١٣دا کۆچی دوایی کرد و هەتا ئێستا ئەو وڵاتە لە بشێوییەکی پێکهاتەیی و ئیستراتیژیکدا بەسەر ئەبات. لەم دواییە بەجۆرێک ئانارشیزم بەسەر سەحنەی سیاسیی ئەو وڵاتەوە دەبینرێت و دامەزراوە حکوومییەکان ئەکرێ بڵێین پەکیان کەوتووە و نارەزایەتییەکان ٧٦ کوژراو و سەدان بریندار و چەند هەزار کەیسی قۆڵبەست و لێپێچینەوەی لێکەوتووەتەوە و هەنووکەش بەردەوامە.

سووریە، ئەم وڵاتە کە بەردەوام سنوورەکانی لەژێر کاریگەریی ناوخۆیی و دەرەکی لە بەرتەسک و بەرین بوونەوەدا بووە بە کوودەتای حافیزئەسەد لە ١٩٧٠ بەم لاوە کەوتە ژێر پاوانی بنەماڵەی ناوبراو. هەنووکە گرینگترین پۆستە حکوومەتییەکان لە سیاسی هەتا نیزامی و ئەمنی لە دەستی بنەماڵەی ئەسەددایە کە لە عەلەوییەکانی ئەو وڵاتەن و لە ڕووی پێکهاتەیی لە خانەی کەمایەتییەکاندا جێ دەگرن. سووریەی دوای ٢٠١١ لەدوای راپەڕینە جەماوەییەکانی دونیای عەرەب (بەهاری عەرەبی) شەپۆلی گۆڕانکاری، کەنارەکانی سووریەشی گرتەوە. ئەم ڕاپەڕینە کە دەرخەری بوونی پێویستییەکی بەرچاو بۆ نەزمێکی نوێ بوو لە چەند گەورە شاری ئەو وڵاتەوە دەستی پێکرد و زۆری نەخایاند بە پەیوەست بوونی پەراوێزەکان بوو بە لافاوێکی راماڵەر بۆ تەخت و بەختی بنەماڵەی ئەسەد.

بەڵام ئەسەد کە وردەوردە لە گۆڕانی خۆپیشاندان و رێپێوان بۆ راپەڕین و شۆڕش دڵنیا بوو؛ لە یەکەم لێدوان وەک هاوبەرەکانیتری، دەستی کرد بە داتاشینی دوژمن و نەیاری دەرەکی و ئەم پرسەی وەک دەستێوەردان و پلانی ئیسرائیل ناو برد. سەرکوتی جەماوەری خرۆشاو، بەدوور لە ئاکاری مرۆیی وای کرد خەڵک لە چوارچێوەی هێزەکانی سووریەی دێمۆکراتیک خۆیان کۆ بکەنەوە. ئەم ڕێکخستنە جەماوەرییە، بە دەستێوەردانی ئاشکرای سوپای قودسی ئێران لە وشکانی و هێزەکانی پووتین لە ئاسمانەوە، نەیتوانیی هێزەکانی ئەسەد وەدەر بنێ، لەگەڵ ئەوەشدا کە پاشەکشەی باشی بەو هێزانە کرد. هەنووکە دوای شەش ساڵ لە شەڕی ناوخۆی سووریە، هێزی جۆراوجۆر گۆڕەپانی شەڕیان تەنیوەتەوە کە لە ئەگەری لابردنی ئەسەدیش، ئاسۆی سەقامگیریی سیاسی و رەوتی دێموکراتیزاسیۆن لەو وڵاتە گەلێک تەماوی دێتە بەرچاو. ئەمەش ئەگەڕێتەوە بۆ ئیرادەگەرایی هاوپەیمانانی ئەسەد و درێژەپێدان بەو شەڕە بڕست بڕە.

ئێران دوای داڕمانی حکوومەتی میراتگرانەی پەهلەوی، لە ١٩٧٩ رێژیمێک لەژێر دروشمی "نە شرقی نە غربی جمهوری اسلامی" هەوڵیدا خۆی وەک جەمسەرێکی خۆرهەڵاتی لە دونیا پێناسە بکات.

لە ناوخۆوە بە وەلانانی بازرگان و بەنی سەدر و هتد.. و هەروەها حکوومەتێکی نیزامی بەسەر هاووڵاتیانی گەلانی نێو ئەو جوغرافیا بەیەکەولکێندراوە، تۆتالیتاریزم هەر زوو خۆی بەباڵای ئەم حاکمییەتەوە نواند. وردەوردە راگەیاندن و بەتایبەت ناوەندی دەنگ و ڕەنگ ڕاشکاوانە بە "رادیو و تلویزیون جمهوری اسلامی ئێران" ناسێندرا و کەوتە پاوانی دەسەڵاتی حیزبێک کە ئیسلامیی سیاسیی لە جۆری ویلایەتی فەقیهی کردبووە بنەمای داڕشتنی سیاسەتی خۆی.

لەو ڕۆژە بەدواوە ئیتر بە روونی دەرکەوت کە شەڕ، سیخوڕی، تیرۆر و ئیرادەگەری بەشێکە لە چییەتی ئەو ڕێژیمە. دوای چەند ساڵ، هەموو ڕێکخراو و حیزبێکی هەڵسووڕ لە گۆڕەپانی سیاسیی وڵات بەزەبری زۆر وەدەرنران و بناغەی دیکتاتۆرییەکی ئەوپەڕخواز دانرا. لەپاشان هەشت ساڵ شەڕ، بەرۆکی خەڵکی وڵاتی گرتەوە و زیاتر لە نیومیلیۆن مرۆڤ تێداچوون. هەر لەو سەروبەندەدا کۆمەڵکوژیی بەناوبانگی ٦٧ روویدا. دواتر گەورەترین کەسایەتییە سیاسییە ناسراوەکانی ئێران بە کەڵکاژۆ لە مەسڵەحەتە نێودەوڵەتییەکان لەجەرگەی ئورووپا تێرۆر کران، تێرۆرگەلێ کە تەنیا یەک کەیسیان لە دادگادا دوای بڕینی پرۆسەیەکی چەند ساڵە قامکی تاوانی بۆ لای رێژیم راکێشا و ئەویش تێرۆری میکۆنۆس بوو.

ڕێژیم توانی بۆ چەندین ساڵ دەستی خۆی بەسەر وڵاتدا بگرێ، بەڵام دواتر بە دەرکەوتنی چالاکیی شاراوەی ناوکی، گەمارۆی قورس ڕووی تێکرد. بەڵام ئەوە تەنیا قەیران نییە؛ قەیرانی ناڕەزایەتیی گەلانی بندەست، ئاو، داڕمانی سیستەمی بانکی و دارایی، بێکاری، هەڵکشانی تاوان و بەشداری لە شەڕە دەرەکییەکان وەک سووریە، یەمەن و عێراق تەنیا بەشێک لەو قەیرانە مەزنانەن کە ڕێژیمی زاڵ بەسەر ئێران بەرەوڕوویان بووەتەوە. دۆخی هەنووکەیی ئەوە دەردەخات کە داهاتوو نە بۆ ئێران و نە بۆ هاوبەرەکانی، ناتوانێ ئاسۆیەکی ڕوون ـ لانیکەم لەنێوخۆ ـ ی هەبێت. هەر بۆیەش دەشێت لە داهاتوودا چاوەڕوانی هەڵتەکاندنەوەی پینەوپەڕۆی ئەم سیستمانە بین کە بە زەبروزەنگ، کپ کردن، زۆر و سەرکوت ڕاگیراون، دەشێت هەرشتێک رووبدا بەڵام ئەوە دوورە لە چاوەڕوانی کە سیستەمی ئەم وڵاتانە بتوانێ لە بەرامبەر گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی ـ سیاسی و کولتووری جیهانگردا خۆی وەک ڕابردوو رابگرێ.
بالاترین چاپکردنی ئەم بابەتە

رۆژنامەی کوردستان
رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧١٣ لەم ژمارەیەدا:

ــ بوومەلەرزەی سیاسی
ــ لە خەبات دژ بە ئەپارتایدەوە بۆ ڕاسان
ــ ئەمن چی بكەم، خۆتان دروستی بكەنەوە
ــ دانیشتن لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و چەند سەرنجێک