کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی سۆئێد بەشدارییان لە کۆڕی شەهیدانی کۆمەڵەدا کرد

17:24 - 18 پووشپەڕ 2717

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆڕی شەهیدانی ٢ی پووشپەڕی کۆمەڵەدا بەشداری کرد.

ڕۆژی شەممە ١٧ی پووشپەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی، هەیئەتێکی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستیی کاکەبرا ئەلیاسی بەرپرسی گشتیی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی سۆئێد و بە هاوڕێیەتی بەرپرسی بەشی تەشکیلاتی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات سەلاح ئارامش و بەرپرسی پێوەندییەکانی کۆمیتەی حیزب چیا عەلیار لە کۆڕی ڕێزگرتن لە شەهیدانی ٢ی پووشپەڕی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران‌دا بەشدارییان کرد.

لەو كۆڕیادەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کورد و کوردستانی بەشدار بوون و کردەوەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان دژ بە خەڵکی تێکۆشەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان مەحکووم کرد.

هەر لەو پێوەندییەدا پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە بە بۆنەی ئەو ٣ پێشمەگەیەی کۆمەڵە کە لە ٢ پووشپەڕ لە شاری سنە گیانیان بەختی ئازادی کورد و کوردستان کرد، لە لایەن چیا عەلیارەوە خوێندرایەوە.

لە پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزبدا جەخت لە سەر پێویست بوونی هاوخەباتی و بەردەوامی خەبات دژ بە داگیرکەرانی کوردستان کرایەوە و سەرەخۆشی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە هاوڕێیانی کۆمەڵەی شۆڕشگیر گەیاند و دووپاتیان کردوە، لەم هەل ومەرجە تایبەتەدا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پشتیوانی خۆی بۆ هاوکاری و بەردەوام بوونی ئەو خەباتە نوێیەی نەتەوەکەمان ڕاگەیاند.

لەو کۆڕیادەدا هونەرمەندی نەتەوەکەمان نەجمەدین غوڵامی سروودیکی شۆڕشگێڕی پێشکەش به بەشداربووانی کۆڕەکە کرد.

پاش کۆتایی هاتنی ڕێوڕەسمەکە هەیئەتی کۆمیتەی حیزب پشتیوانی خۆیان بۆ ڕامین حوسەین پەناهی ڕاگەیاند کە بەداخەوە لەو شەڕەدا بە برینداری کەوتووەتە دەست بە کرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی و داوایان لە هەموو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد کە بە هانای ڕامینەوە بچن و ڕێگا نەدەن کۆماری ئیسلامی بە ئامانجەکانی بگات.