کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات و هاکپار دیداریان کرد

18:43 - 18 پووشپەڕ 2717

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی هاکپار لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆبووە و چەندین پرسی گرینگیان تایبەت بە کوردستان شرۆڤە کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٧ی پووشپەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی، هەیئەتێکی هاکپار
پارتی ئاشتی و دێموکراسی باکووری کوردستان بە سەرپەرەستیی ڕەفیق کاراکۆچ سەرۆکی هاکپار سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتیان کرد و لە لایەن هەیئەتێک بە سەرپەرەستیی مستەفا هیجری و ژمارەیەک لە ئەندامانی دەفتەری سیاسی و ڕێبەری حیزب پێشوازییان لێکرا.

لە دانیشتنێکی دۆستانەدا هەیئەتی هاکپار ئامانج لە سەردانەکەیان ئالوگۆڕی نەزەر لەگەڵ حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان باس کرد بەتایبەت لە سەر پێوەندییەکانیان لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران قسەیان کرد و ئاماژەیان بە دەوری حیزب لە بزووتنەوەی نەتەوەیی نیشتمانی کورد کرد و سیاسەت و هەڵوێستەکانی حیزبیان بەرز نرخاند.

هەروەها لەسەر باکووری کوردستان و دۆخی سیاسی کورد لە باکوور و خەباتی سیاسی مەدەنی و رۆشنبیری کورد ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کرد و لەسەر زیانەکانی دەستپێکردنەوەی شەڕ و گرتنی پارلمانتارانی کورد و کەسایەتییە سیاسییەکان لە باکوور و ئاستی تێکۆشانی خۆیان قسەیان کرد و ئەو رەوشەیان وەک لەمپەڕ و کۆسپ لەسەر رێگەی خەباتی خۆیان لە باکوور ئاماژە پێکرد.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسێک لەسەر بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کار و چالاکییەکانی حیزبی دێموکرات و سیاسەتی دژی گەلی رێژیمی کۆماری ئیسلامی و پێشێلکردنی ویست و داخوازەکانی نەتەوەکانی ئێران و بەردەوام بوونی لەسەر سەرکوت کردنی ئازادیخوازانی ئێران و گرتن و ئێعدامیان هاتە ئاراوە.

لەو پێوەندییەدا سکرتێری گشتیی حیزب لەسەر سیاسەتی تێکدەرانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە پێوەندی لەگەڵ پرسی کورد قسەی کرد و ئاماژەی بە هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی کرد بۆ پەکخستنی پرۆسەی بە دەوڵەتبوونی کورد لە باشووری کوردستان؛ وتیشی: کورد و پارتە سیاسییەکان لە قۆناخێکی هەستیاردان، ئەو ئامانجە نەتەوەییانە ئەوەمان لێ دەخوازێ بە خوێندنەوەیەکی واقعبینانەوە پرسە نەتەوەییەکانمان رەچاو بکەین، پشتیوانی لە پرسی ریفراندۆمی باشووری کوردستانیش یەکێک لەو ئەرکانەیە.

لە کۆتاییدا هەیئەتی هاکپار ئەو سیاسەتەی حیزبی دێموکراتیان بە سیاسەتێکی نەتەوەیی و خوێندنەوەیەکی ئەرێنی وەسف کرد و ئامادەیی خۆیان بۆ هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکرات دەربڕی و بەڕێز سکرتێری گشتی حیزبیش سپاسی ئەو هەڵوێستە دۆستانەیەی هاکپاری کرد و لەسەر بەردەوامی ئەمجۆرە پێوەندییە برایانە جەخت کرایەوە.