کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوەسمێک بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی ڕاسان بەڕێوەچوو

18:40 - 19 پووشپەڕ 2717

کوردستان میدیا: لە یەکەمین ساڵڕۆژی شەهیدانی ڕاسان و بۆ ڕێزگرتن لە ئیرادە و قارەمانییەتی نەمر شەهید کاوە جەوانمەرد و هاوڕێیانی کۆڕیادێک لە لایەن بنەماڵەی ڕێزدار ڕەزاوییـیەوە لە وڵاتی فینلاند بەڕێوەچوو.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٧ی پووشپەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی ڕێوڕەسمێک بۆ بەرزڕاگرتنی یاد و قارەمانییەتی شەهیدانی ڕاسان لە یەکەمین ساڵڕۆژی ئەو حەماسەیەدا بە بەشداریی شاعیری شۆڕشگێڕ و ناوداری کورد فەرەیدوون ئەرشەدی و دوکتور مەسعوود ڕۆستەمی شرۆڤە کاری سیاسی له ڕێگەی ئینتێرنێتەوە لەشاری تامپێرێی وڵاتی فینـــــلاند ڕێوڕەسمێک بەڕێوەچوو.

ڕێورەسمەکە، به سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خوولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان بەگشتی و بە تایبەتی شەهیدانی ڕاسان دەستی پێکرد.

لەو ڕێوڕەسمەدا پەیامی كۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی فینـــلاند، لە لایەن عەلی موورادیـیەوە پێشكەش كرا.

هەر بەم بۆنەیەوە وتارێکی دەنگی مامۆستا حەسەن شیوەسەڵی، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، لە رێورەسمەکەدا بڵاو کرایەوە.

لە پەیامەکەی بەڕێز شیوەسەڵیدا، وێڕای دووبارە هاودەردی کردن لەگەڵ بنەماڵەی جەوانمەرد و شەهیدانی دیکەی ڕاسان و هەروەها شەهیدانی ئەم دواییەی كۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە شاری سنە، نزیکبوونەوەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی لەم قۆناغە هەستیارەی خەباتدا، بەرز نرخاند.

شیوەسەڵی لە قسەکانیدا جەختی کردەوە لە سەر زیاتر پەرەدان بە یەکڕیزی حیزبەکان و هەروەها پێکهێنانی فەرماندەییەکی هاوبەش لەنێو هەموو حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا لە پێناو باشتر بەڕێوەبردنی ئەم ڕەوتەی خەبات کە دەستی پێکردووە. ئەو ئامانجانەی شەهیدانی ئێمە گیانیان لە پێناودا بەختکردووە، دەبێ ئامانجی ڕێگای ئێمە و بنەماڵەی شەهیدان بێ و درێژەدەری ڕێبازی پڕ لە سەرەوەرییان بین.

دواتر لە لایەن شاعیری شۆڕشگێڕی کورد فەرەیدوون ئەرشەدی پەخشانێک لە پێوەندی لەگەڵ حەماسە خوڵقاندن و قارەمانییەتی شەهیدانیڕاسان پێشکەش کرا.

پاشان ژیاننامەی شەهیدانی ڕاسان لە لایەن حەیدەر کاکەزادە و سادق عەسکەریـیەوە پێشکەش کرا.

لە بەشێكی دیكەی سێمینارەكەدا، دوکتور مەسعوود ڕۆستەمی شرۆڤە کاری سیاسی لە ڕێگای سكایپەوە لە سێمینارەكەدا بەشداریی كرد‌ و بەو بۆنەوە چەند وتەیەكی پێشكەش كرد.

ڕۆستەمی، لە سەرەتای وتەكانیدا ئاماژەی بە مانای پێشمەرگە کرد و ئەو ئامانجانەی کە پێشمەرگە گیانی لەپێناودا دەبەخشێت شی کردەوە.

ڕۆستەمی باسی لەوە کرد ئەو ئامانجەی کە پێشمەرگە ئامادەیە گیانی لە پێناویدا ببەخشێ، ئازادییـە، ئەو ئازادییەی کە ئاسوودەیی دابین دەکات بۆ نەسڵەکانی دوای خۆی، ئازادییەک کە کەرامەتی مرۆڤی تێدا پارێزراو بێت و ئەرکی ئێمەش وەکوو ئازادیخوازان درێژەدەری ڕێبازی شەهیدانمانین بۆ بە دەست هێنانی ئازادی و ئەو مافانەی کە پێشمەرگە لەپێناوی گیانی بەخشیوە.

شرۆڤە کاری سیاسی ڕۆستەمی باسی لەوە کرد: زۆر جار لێکدانەوەی خەڵک بۆ ئازادی بەلاڕێدا ڕۆیشتووە. پرسیاری بەڕێزیان ئەوە بوو، ئایا مرۆڤ دەتوانێ لە ڕێگەی دێموکڕاسییەوە، ئازادی بە دەست بێنێ یان نە؟ بە بۆچوونی بەڕێزیان ئەوە لەڕێگەی ئازادییەوە مرۆڤ دەتوانێ بگات بە دێموکراسی، نەک ئەوەی بە بڕوای هێندێک لە سیاسەتوانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە پێیان وایە لەڕێگەی دێموکراسییەوە دەتوانرێت بگەی بە ئازادیی. دێموکراسی پارێزەر و زامنی ئازادییە. مرۆڤ دەبێ لە پێشدا بگات بە ئازادی، پاشان لە ڕێگەی ئەو ئازادییەوە دێموکراسی دابین بکات بۆ گەلی خۆی.

ناوبراو باسی لەوە کرد، شەهیدانی ڕاسان لە سەروویانەوە شەهیدان کاوە جەوانمەرد و سەرکەوت سەمەدی کارێکی وایان خولقاند کە ڕاسانیان لە گووتن و شووعاردا دەرهێنا و کردیان بە ئەمری واقیع و گیانی پیرۆزیان لەو ڕێبازەدا بەخت کرد.

ڕۆستەمی جەختی کردەوە حیزبەکان پێویستییان بە کەسانێکی وەکوو شەهید کاوە هەیە، کە بیرۆکەی ڕابردوو و داهاتوو پێکەوە گرێ بدەن بۆ زیاتر بەڕێوەچوون و ئامانج پێکانی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا.

پاشان لە لایەن فازڵ سوڵتانپەناه پەخشانێک پێشکەش کرا، و دواتر مەجید حەقی وتەیەکیان بەم بۆنەیەوە پێشکەش کرد.

پەیامی بنەماڵەی شەهید کاوە جەوانمەرد لەلایەن خاتوو ئەژین ڕەزاوی هاوسەری شەهید کاوە پێشکەش کرا.

بڕگەی کۆتایی بەرنامە پەیامی بنەماڵەی ڕەزاوی لە لایەن شەهین سوڵتانی پێشکەش کرا، کە تێیدا ڕێز و سپاسی بنەماڵەی ڕەزاوی ئاڕاستەی سەرجەم هاوڕێ و دۆست و ئەو کەساییەتیانە کرد، کە لەو ماوەیەدا هێزی ئارام بەخش و پشتگیر بووە بۆیان لەکاتی لەدەستدانی ئازیزەکانیان و دووپاتیان کردەوە ڕاستە کە ڕێژیمی سێدارەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شەهید کردنی ئازیزەکانمان زەبرێکیان لێداوین، بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەوە باش بزانێت، کە هەردەم ئێمە لە جاران زیاتر ورەی خەباتمان بەرزبووەتەوە و درێژەدەری ڕێبازی شەهیدەکانمانین.

کۆڕیادەکە دوای نزیک بە چوار کاتژمێر بە سروودی ئەی شەهیدان کۆتایی پێهات.